ئەو گروپانەی سەر بە ئێرانن کامانەن کە هێرش دەکەنە سەر بنەکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق‌ و سوریا؟

8 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی شەممە ١٨ی تشرینی دووهەم، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ( پێنتاگۆن) رایگەیاند لە ماوەی مانگێکدا لەنێوا  (١٨/١٠/٢٠٢٣) بۆ ١٨/١١/ ٢٠٢٣، لەعێراق و سوریا ٦١ جار هێرش کراوەتەسەر بنکەکانیان ، ٢٩ هێرشیان لەعێراق و ٣٢ هێرشیان لەسوریا بووە. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند بەشی زۆری هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەم هێرشانەوە ٦٠ هاووڵاتی ئەمریکی بەسووکی برینداربوون.

بەپێی راپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، لەماوەی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە، ١٥٠ جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا.

رۆژی ١٦ی تشرینی دووهەم، سابرینا سینک جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند لەدوای ٧ی تشرینی یەکەم و دەستپێکی جەنگی حەماس- ئیسرائیل، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق زیاتر بووەو ئەم وتەبێژەی کۆشکی سپی، لەقسەکانیدا باسی لەوەکرد ئەم هێرشانە لەلایەن هێزەکانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لەعێراق و سوریا ئەنجامدەدرێن. لەم راپۆرتەدا هەوڵدەدرێت زانیاری دەربارەی ژمارەیەک لەو گرووپانە بخرێنەڕوو کەوەک پارێزەرەکانی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەناسرێن و دژی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لەسوریاو عێراق چالاکی دەکەن.

کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق

ئەم دەستەیە ساڵی ٢٠٠٧ و لەشاری عەممارە لەباشووری عێراق و لەیەکگرتنی چەند تاقمێکی میلیشیا پێکهات کەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن دروست ببوون. ئەم تاقمانە بریتی بوون لە لەشکری ئەبولفەزل ئەلعباس، کەتیبەکانی کەربەلا، زەید بن عەلی، عەلی ئەکبەرو سەجاد.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق خۆی وەک «رێکخراوی جیهادی ئیسلامی بەرگریکار» دەناسێنێت و لەماڵپەڕی فەرمی خۆیاندا نووسیویانە « ویلایەتی فەقیه « باشترین رێگایە بۆ « دەسەڵاتدارێتی ئیسلام لەسەردەمی غەیبەت»دا، کە ئاماژەیە بەباوەڕی شیعەکان کەئیمامی مەهدی، ئیمامی دوانزەیەمی شیعەکان لەغەیبەتدایە و پێش کۆتایی جیهان دێتەوەو دەسەڵاتی جیهان دەگرێتە دەست.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق پەیوەندی رێکخراوەیی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران هەیەو شکستپێهێنانی پلانە ئەمریکی- ئیسرائیلییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئەرکی خۆیان دەزانن. چەکدارەکانی ئەم تاقمە لەیەکەم دەستە چەکدارەکان بوون کە لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لەساڵی ٢٠١١ دژ بەخۆپیشاندەران وەستانەوەو هەوڵیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد داوە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، بەپێچەوانەی گرووپە میلیشیا شیعەکانی تری عێراق، هەیکەلی ریکخراوەیی دیاریکراویان نییە. ئەحمەد موحسن فەرەج ئەلحەمیداوی، رێبەری ئەم گرووپە دەکات، کەسێک کە تائێستا هیچ وێنەو ڤیدیۆیەکی بڵاونەکراوەتەوە. ئەبو مەهدی موهەندس، کەوێڕای قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشتری سوپای قودس، لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، یەکێک بوو لەدامەزرێنەران و فەرماندەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق.

کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق باڵی سیاسی نییە، بەڵام بەشێکن لەهێزەکانی بەرەی یەکگرتووی میلیشیا شیعەکان کە بەحەشدی شەعبی دەناسرێن. ئەم تاقمە بەرپرسیاریەتی دەیان هێرشی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا و هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا گرتووەتە ئەستۆ. ئەم تاقمە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ئەمریکادایە.

کەتیبەکانی حزبوڵڵا جگە لەعێراق بنکەیان لەسوریاو لەپارێزگای دێرەزوور هەیە لەڕۆژهەڵاتی سوریاو لەو بنکانەوە زۆرجار هێزەکانی ئەمریکایان لەسوریا کردووەتە ئامانج.

ساڵی ٢٠١١ خەمڵێندراوە کە  ١٠ هەزار کەس چەکداری ئەم گرووپەن و هەر چەکدارێک مانگانە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار وەردەگرێت، بەڵام دەستپێکی جەنگی داعش و هەروەها پەیوەستبوونیان بەحەشدی شەعبی وایکردووە لەئێستادا ژمارەیان زۆر زیاتر بێت و مووچەی مانگانەشیان زیاترە.

بزووتنەوەی ئەلنجەبا (النجبا)

بزووتنەوەی النجبا، وێڕای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق، رۆڵێکی گرینگیان هەبوو لەجەنگی سوریاو بەتایبەت لەشەڕی شاری حەلەب، لەساڵی ٢٠١٥. ئەم تاقمەش سەر بەهێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانەو لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی ماددی و چەک و چۆڵ دەکرێت و هەروەها لەلایەن سوپای پاسدارانەوە راهێنانیان پێدەکرێت.

بزووتنەوەی النجبا، پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو گرووپانەی تری نزیک ئێران. دامەزرێنەری ئەم گرووپە (اکرم الکعبی)یە، کەپێشتر یەکێک بوو لەفەرماندە دیارەکانی (جیش المهدی)، گرووپێکی شیعەی سەر بەموقتەدا سەدر. (اکرم الکعبی) دوای جیابوونەوە لەم گرووپە، پەیوەست بوو بەگرووپی (عصائب اهل حق)ەوە و دواتر بزووتنەوەی النجبای دامەزراند.

ئەمریکا ساڵی ٢٠١٥ بزووتنەوەی النجبای خستە لیستی تیرۆرەوە. بەڵام ئەمە نەبوو بەهۆی کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەم رەوتەی سەر بەئێران. مانگی تشرینی ٢٠١٥ (اکرم الکعبی) لەگفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی :» ملکەچی هەر فەرمانێکە کە لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەربکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەم فەرمانە رووخانی دەوڵەتی عێراق یان بەشداریکردن بێت لەجەنگی دەرەوەی سنوورەکان بێت».

عەسائیبی ئەهلی حەق

گرووپی عەسائبی ئەهلی حەق، کەدامەزرێنەرەکەی (قەیس خەزعەلی)یە وەک «بەرگری ئیسلامی لەعێراق» ناوی دەبات، لەدڵی رەوتی سەدرەوە لەدایکبوو. دامەزرێنەرو رێبەرایەتییەکەی بەشێکبوون لەکادێرەکانی رەوتی سەدر بەڵام لەم رەوتە جیابوونەوە. ئامانجی ئەم گرووپە، وەستانەوەیە دژی داگیرکاری ئەمریکا لەعێراق. ئەم گرووپە بەرپرسایەتی بەشێکی زۆر لەهێرشەکان دژی هێزە ئەمریکاییەکان لەعێراقیان گرتووەتە ئەستۆ.

ساڵی ٢٠٠٤و دوای ئەوەی باڵی سەربازی رەوتی سەدر کە بە(جیش المهدی) ناسراوە، لەگەڵ  دەوڵەتی کاتی عێراق و سوپای ئەمریکا رێککەوت و ئاگربەستیان راگەیاند، بەناڕەزایەتی بەم رێککەوتنە لەم گروپە جیابووەوەو بەردەوامبوو لەجەنگ دژی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق.

ئەم گروپە سەرەتا هەر لەعێراق چالاکی دەکرد، بەڵام دواترو دوای ٢٠١١، بەشێکی لەچالاکییەکانی خۆی گواستەوە بۆ سوریا. هێزەکانی ئەم گروپەش لە جەنگی ناوخۆی سوریا بەشداریان دەکردو پشتیوانییان لە حکومەتی ئەسەد کرد. عەسائیبی ئەهلی حەق وێڕای گروپەکانی تری سەر بەئێران لەلیستی ئەو رێکخراوانەدان کە لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسراون.

مانگی ٣ی ٢٠٠٧ راگەیەندرا کە نزیک بەسێ هەزار چەکداری هەیە، بەڵام مانگی ٦ی ٢٠١١ راگەیەندرا بەشی زۆری هێزەکانیان عێراقیان جێهێشتووەو کەمتر لە ١٠٠٠ کەس لەهێزەکانیان لەعێراق ماونەتەوە.

رێکخراوی بەدر

رێکخراوی بەدر، وەک دایکی هەموو گروپە شیعەکان لەعێراق دەناسرێت و سەر بەکۆماری ئیسلامییە و راستەوخۆ لەسوپای پاسداران فەرمان وەردەگرن. ئەم رێکخراوە، رێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییە.

رێکخراوی بەدر ساڵی ١٩٨٢ لەئێران و لەژێر چاودێری، محەممەد باقر الحکیم و  لەلایەن سوپای پاسدارانەوەو وەک لقی سەربازی (المجلس اڵاعلی للپورە الإسلامیە فی العراق- ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی لەعێراق) دامەزرا. ئەندامانی ئەم گروپە ئەو هاووڵاتییە شیعە عێراقیانەی دژبەری سەدام حسێن بوون کە نیشتەجێی ئێران بوون و هەروەها بەشێک لە دیلە جەنگییەکانی جەنگی ئێران- عێراق کەشیعە بوون بوو ( تۆبەکارەکان) ناویان دەبرا. رێکخراوی بەدر، لەجەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی ئەرتەشی عێراق شەڕیانکرد.

لەو سەردەمەدا ئەبو مەهدی موهەندس، یەکێک بوو لەفەرماندە باڵاکانی رێکخراوی بەدر. لەئێستادا هادی عامری، وەک کەسی یەکەمی ئەم رێکخراوە دەناسرێت.

دوای رووخانی سەدام حوسێن لەساڵی ٢٠٠٣، گرووپی بەدر وەک رێکخراو خۆی ناساندو ناوی خۆی گۆڕی بۆ ( رێکخراوی بەدر بۆ بونیادنانەوەو گەشەپێدان). ساڵی ٢٠١٢ لەمجلس اسلامی عراق جیابووەوەو پاڵێوراوی خۆی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

لەساڵی ٢٠١٤ ژمارەی هێزەکانیان بە ١٠ هەزار کەس خەمڵێندرا کەهەزارو ٥٠٠ کەسیان شانبەشانی هێزەکانی سوپای پاسداران لەسوریا دژی دژبەرانی بەشار ئەسەد دەجەنگان.

کەتیبەکانی سەید شوهەدا

ساڵی ٢٠١٣ و بەناو پارێزگاری لەمەزارگە پیرۆزەکانی شیعەکان لەهەموو دونیا دامەزرا. لەشەڕی ناوخۆی سوریا بەشداریکردوەو پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد کردووە. لە سوریا بنکەکانیان زیاتر لەباشوری دیمەشق بووەو پارێزگارییان لەمەزارگەی زەینەب دەکرد. ئەم گروپە هەروەها ٢٠١٤ لەشەری الشیخ مسکین دا بەشداریکردووە. کەتیبەکانی سید الشهدا، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ رێکخراوی بەدر هەیە.

سەرایا خۆراسانی

سەرایا خۆراسانی، ساڵی ١٩٩٥ لەئێران و لەلایەن حەمید تەقەوی یەکێک لە ئەفسەرەکانی سوپای پاسدارانەوە دامەزرا. دواتر تەقەوی ساڵی ٢٠١٥ و لەسەردەمی شەڕی داعش لە تکریت، لەلایەن داعشەوە کوژرا.

رەگی ئەم گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ کەتیبەی کەڕاڕ کەساڵی ١٩٨٦ و لەسەردەمی جەنگی عێراق- ئێران دامەزرا. ئەم کەتیبەیە شانبەشانی هێزەکانی ئێران دژی سوپای عێراق شەڕی دەکرد. ئەم کەتیبەیە لەلایەن یاسن ئەلموسەوی، یەکێک لە یاریدەدەرەکانی محەممەد باقر ئەلحکیمەوە بەڕێوە دەبرا. بەڵام ساڵی ١٩٩٥ ئەم کەتیبەیە گەورەتر بوەو لەلایەن حەمید تەقەوییەوە ناوی نرا سەرایا خوراسانی.

دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن، بەشێک لەم رێکخراوە حزبێکی سیاسییان دروستکرد بەناوی « گلیعە الخراسانی» و لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی وەک بەشێک لەبەرەی یەکگرتووی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی بەشدارییان کرد.

ساڵی ٢٠١٣ سرایا الخراسانی، وەک لقی سەربازی حزبی گلیعە الخراسانی، ناسرا. هێزەکانی ئەم گروپە بەشداریان هەبوو لەجەنگی ناوخۆی سوریا بۆ بەرگریکردن لە بەشار ئەسەد. ئەم گروپە لۆگۆی سوپای پاسدارانی لەسەر ئاڵاکەی خۆی داکوتاوەو بەئاشکرا خۆی بەشوێنکەوتووی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەناسێنێت و رایانگەیاندووە لەسوپای پاسداران و عەلی خامنەیی فەرمان وەردەگرن.

ژمارەی هێزەکانی بە سێ هەزار کەس دەخەمڵێندرێت و لەچوار یەکەی سەربازی پێکهاتوون.

یەکەکانی نوخبە

مانگی ٥ی ٢٠٢١ ، رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و لەو راپۆرتەدا باسی لەوە کرد ئێران سەدان کەسی لە هێزەکانی  میلیشاکانی خۆی هەڵبژاردوەو لەڕێگای ئەوانەوە، یەکەی بچووکتری نوخبەی دروستکردووە.

لەم راپۆرتەی رۆیتەرزدا ئاماژە بەوە دراوە ئەندامانی گروپە نوخبەکان ساڵی ٢٠٢٠ بەشێوەی زۆر نهێنی لەلایەن ئەفسەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە راهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی و سیخوڕی و هەروەها شەڕی سایبەری.

لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە ئێران دەیەوێت قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە لە رێکخستنی تاقمەکانی سەر بەخۆی دوای مردنی قاسم سلێمانی، لەبەرئەوەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی ئێستای هێزەکانی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، ئەو بڕشت و کاریگەرییەی قاسم سلێمانی نییە لەناو ئەم گروپانەدا.

لەلایەکەوە بەرپرسانی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن، ئەم تاقمە نوخبەو بژاردەیە کەمتر دزە دەکرێتە ناویان و بەهۆی لێهاتووییان لەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان باشتر دەتوانن لە بەرژوەندییەکانی دوژمنانی تاران بدەن.

بەپێی هەندێ راپۆت، ئەم تاقمە راستەوخۆ لەلایەن ئەفسەرەکانی سوپای قودسەوە بەڕێوە دەبرێت و بەرپرس و فەرماندەی عێراقی نییەو سەرجەم فەرماندەو بڕیاردەرەکانی ئێرانین.

ئەم تاقمە لەسوریا و عێراق چالاکییان هەیەو دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسوریا و عێراق ئۆپەراسیۆنیان هەیە. بەڵام تائێستا کەسە یەکەمەکانی ئەم رێکخراوە نەناسراو ماونەتەوە.

بەشێکی تر لەو هێزانەی کە سەر بەئێرانن بریتین لە:

1-قوات اسد اللە الغالب في العراق والشام

2-سرایا الزهرا

2-سرایا السلام

3-حزب اللە الثائرون

3-لواء ابوالفضل العباس

4-لواء کفیل زینب

5-لواء عمار بن یاسر

6-کتائب درع الشیعە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار