هاوژینی زارا محەممەدی بە 11 ساڵ زیندانی سزادرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەیوان ئیبراهیمی ، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کەلتووری- کۆمەڵایەتی نۆژین و هاوژینی زارا محەممەدی، لە لقی بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی" و چەند تۆمەتێکی تر سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا، سەیوان ئیبراهیمی بە تۆمەتی "دروستکردنی گروپ و دەستە و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و رۆژی شەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 سزاکەی پێ راگەیەندراوە.
دانیشتنی دادگایی کردنی سەیوان ئیبراهیمی لە هەمان رۆژ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بەڕێوە چوو.
سەیوانی ئیبراهیمی ،هاوژین و هاوکاری زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردییە کە ساڵی 2020 بە تاوانی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و سەرەنجام ساڵی 2022 دوای دوو ساڵ زیندانی کردن ئازاد کرا.
زارا محەممەدی، ساڵی 2022 وەک یەکێک لە 100 ژنی دیار و کاریگەری جیهان لەلایەن بی بی سی ەوە دەستنیشانکرا.
