لەهەرێمی کوردستاندا بیری بێ مۆڵەت زیاترە لەو بیرانەی مۆڵەتیان هەیە

12 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

بەپێی ئەو ئامارە فەرمییەی دەست هاوڵاتی کەوتووە ژمارەی ئەو بیرانەی کەبێ مۆڵەت لەهەرێمی کوردستاندا هەڵکەندراون تامانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢،  ٢٨ هەزارو ٤١٠ بیرە، لەکاتێکدا ژمارەی بیرە مۆڵەت پێدراوەکان لەهەرێمی کوردستاندا ٢٦ هەزارو ٨١٨ بیرە، بەوەش  جیاوازی نێوانیان هەزارو ٥٩٢ بیرە.

ئەو ئامارەی كەدەست هاوڵاتی كەوتووە، بەمشێوەیەیە:

ژمارەی بیرە مۆڵەت پێدراوەکان لەپارێزگای هەولێر، ١٨٥ بیری پیشەسازی، پێنج هەزارو ٥٤٠ بیری کشتوکاڵی، چوار هەزارو ٥٥٠ بیری ئاو خواردنەوە، کۆی گشتی دەکاتە ١٠ هەزارو ٢٧٥ بیر.

هاوكات ژمارەی بیرە مۆڵەتپێدراوەکان لەپارێزگای سڵیمانی، سێ هەزارو ٥٢٣ بیری پیشەسازی، سێ هەزارو ٢١٠ بیری کشتوکاڵی، سێ هەزارو ٣٦٦ بیری ئاو خواردنەوە، کۆی گشتی دەکاتە ١٠ هەزارو ٩٩ بیر.

لەپارێزگای دهۆك ژمارەی بیرە مۆڵەت پێدراوەکان، ١٢٩ بیری پیشەسازی، دوو هەزارو ٩٣ بیری کشتوکاڵی، دوو هەزارو ٢٨٤ بیری ئاو خواردنەوە، کۆی گشتی دەکاتە چوار هەزارو ٥٠٦ بیر.

لەئیدارەی گەرمیان ژمارەی بیرە مۆڵەت پێدراوەکان،١٩٠ بیری پیشەسازی، هەزارو ٢٢٣ بیری کشتوکاڵی، ٥٢٥ بیری ئاو خواردنەوە، کۆی گشتی دەکاتە هەزارو ٩٣٨ بیر.

هەر بەپێی ئەو ئامارەی دەست هاوڵاتی كەوتووە، ژمارەی بیرە مۆڵەت پێنەدراوەکان لەهەرێمی کوردستاندا تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەپارێزگای هەولێر شەش هەزار بیرن، لەپارێزگای سلێمانی ٢٠ هەزارو ٤١٠ بیر، لەپارێزگای دهۆک ٥٠٠ بیر، لەئیدارەی گەرمیان هەزارو ٥٠٠ بیر، كەکۆی گشتی ٢٨ هەزارو ٤١٠ بیرە.

هەڵكەندنی بیر زیانی بۆ ئاوی ژێرزەوی هەیەو بەوتەی پسپۆڕان لەڕووی زانستییەوە تا ئاوی سەرزەوی مابێت نابێت ئاوی ژێرزەوی دەربهێنرێت

ئەو ئامارە لەكاتێكدایە بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و دانانی سنوورێك بۆ هەڵكەندنی بیری زێدەڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەفەرمانی وزاری ژمارە ٥٧٧٥  لەڕێكەوتی ٤-١١-٢٠١٨ هەڵكەندنی بیری بۆ هەموو مەبەستەكان راگرت، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بیرلێدانیشی گواستەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. لیژنەیەكی هاوبەشیشی بەسەرۆكایەتیی نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپارد بۆ بەدواداچوونی ئەو بیرانەی بەزێدەڕۆیی لێدراون، بەڵام بەپێی داتایەك كە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەوی پارێزگاكان دەست هاوڵاتی كەوتووە لەماوەی راگرتنی هەڵكەندنی بیر لەلایەن حكومەتەوە، زیاتر لەسێ هەزار بیر بەزێدەڕۆیی هەڵكەندراون.

دوای نزیكەی ٢٣ مانگ بەسەر ئەم بڕیارە دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراوی ژمارە ٥٣٣٦ لە ٢٤-٩-٢٠٢٠ بەهەندێك مەرج و رێنمایی تازە، جارێكی دیكە مۆڵەتی هەڵكەندنی بیریدا.

بەپێی رێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥ تایبەت بەهەڵكەندنی بیری ئاو، وەزارەتی كشتوكاڵ، لەناوچە شاخاوییەكانی پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و ئیدارەی گەرمیان مۆڵەتی هەڵكەندنی بیر بەپێی مەرج و رێنماییەكان بەو جووتیارانە دەدات كەڕووبەری زەوییەكەیان لە ١٠ دۆنم كەمتر نەبێت، لەپارێزگای سلێمانی لە پێنج دۆنم كەمتر نەبێت، هەروەها رووبەری ٢٠ دۆنم لەناوچە دەشتاییەكانی هەرسێ پارێزگاكەو ئیدارەی گەرمیان دیاریكراوە.

بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەویش دووری نێوان بیرەكان لەناوچە شاخاوییەكان پێویستە لە ٢٥٠ كەمتر نەبێت و لەدەشتاییەكانیش بەپێی پێكهاتەی دنكۆڵەیی چینەكانی زەویی پارێزگاكان ٤٠٠ تاوەكو ٦٠٠ مەتر كەمتر نەبێت.

لەئێستادا لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران تەنیا مۆڵەت بەهەڵكەندنی ئەو بیرانە دەدات كە بۆ سوودی گشتین، وەك بیری ئاوی خواردنەوەو بیری ئاودانی باخچەو نەمامگەكان و پرۆژە پیشەسازییەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار