مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچە نەخستووەتە بەردەم شاندی هەرێم

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەسەر کۆبووونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراق چارەسەری بنەڕەتی بۆ مووچە نەخستووەتە بەردەم شاندی هەرێم و ئەوەی بەغدا دەیکات "پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بڕگەی یەکەمدا لەگەڵ ئامادەبوانی کۆبووەنەکە کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتیش بەشداربوو، باسی لە پشکی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە. 

بەپێی راگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامی دوا سەردانی شاندی هەرێم کراوە کە هەفتەی پێشوو گەڕانەوە و مەسرور بارزانی دەڵێت، شاندەکەی هەرێم ئاماژەیان بەوەداوە کە لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا دروستبووە سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵی ناکۆکی سیاسی نەکرێت، بەڵام "ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە."

هاوکات باس لەوەش کراوە کە "ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدرال دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی."

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داواش دەکات هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشدارن لە حکومەتی عێڕاق پشتگیری هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بکەن تا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک پارێگاکانی تر لەکاتی خۆیدا بنێردرێت بۆ ئەوەی "چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن."

هاوکات مەسرور بارزانی دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە ، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار