وتەبێژی حکومەتی هەرێم: لەم چەند رۆژەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیار دینارەکە دەگات و داوای قەرزی تریان لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.
پێشەوا هەورامانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "نیهتێكی باش لهلایهن سهرۆكوهزیرانی عێراق بهرامبهر به ههرێمی كوردستان دەبینین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پهیوهندییهكی باش لهنێوان مهسرور بارزانی و سودانی ههیه."
بەڵام هەر ئەمڕۆ چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لەدوا سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا "چارەسەری بنەڕەتی" بۆ مووچە نەخراوەتەڕوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و "ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە."
لەسەر گەشتنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێم و رێککەوتنی تر بۆ ناردنی مووچەی مانگی 10 و 11 و 12، پێشەوا هەورامانی وتی، "لەم چەند رۆژەدا 700 ملیار دینارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و داوای قەرزێکی دیکەمان کردووە بۆ پێدانی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە"هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم ، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن."
وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا دووپاتی ئەوەی کردەوە کە "ئەوەی پێویست بوو لەسەر ئێمە کردمان و هەموو داتاکانمان رادەستی بەغداد کرد لەگەڵ داهات و لە بابەتی نەوت هیچ شتێک لەسەر شانی هەرێم نەماوە."
