هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی هاككردنی سیستمی كارەبای هەرێم دەكات كەهەفتەی رابردوو بووەهۆی كوژانەوەی گشتی
لەماوەی سێ ساڵدا حکومەتی هەرێم فرۆشتنی کارەبای بەعێراق 10٪ زیادکردووە
12 مانگ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێم دەكات دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو كوژانەوەی گشتی لەكارەبای هەرێم روویدا، بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا دەڵێت سیستەمی كارەبا هێندە پێشكەوتوو نییە پەیوەست بێت بە ئینتەرنێتەوە (سكادا) بێت و هاك بكرێت، بەپێی بەدواداچوونەكەی هاوڵاتی ساڵ بەساڵ پێدانی کارەبای نیشتیمانی لەهەرێم كەمدەبێـتەوەو لەبەرامبەردا فرۆشتنی كارەبا بەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە زیاتر دەبێت.
ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو كوژانەوەی گشتی كارەبا لەهەرێم روویدا، رۆژی دواتر واتە رۆژی هەینی یەكی كانوونی یەكەمی 2023، وەزارەتی كارەبا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، كوژانەوەی گشتی لەسیستەمی كارەبای هەرێم روویداو تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەو گەڕانەوەی كارەبای گشتیین، دواتریش هەواڵی هاككردنی سیستەمەكە بڵاوبووەوە.
لەڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی كارەبادا هاتبوو: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، تەواوی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێم كوژانەوەو تیمەكانی وەزارەتی كارەبا دەمودەست كێشەكەیان چارەسەر كردووە، بەڵام كاتژمێر (1:00)ی شەو بۆ جاری دووەم كوژانەوەی گشتی روویداوەو ئێستا تیمەكانی كارەبای هەرێم سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی سیستەمی كارەبای هەرێمی كوردستانن».
دوای روونكردنەوەكەی وەزارەتی كارەبا، چەند میدیایەك و پەیجێكی سۆشیال میدیا هەواڵی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێمیان بڵاوكردەوە، دواتریش وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێمی کوردستان لەڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاند:» لەچەند پەیجێكی سۆشیال میدیا هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاوكراوەتەوە کەگوایە ماڵپەڕی فەرمیی پرۆژەی تۆڕی زیرەك هاككراوە، ئەم هەواڵە دوورە لەڕاستییەوەو هیچ بنەمایەکی نییەو تەنها بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی رای گشتی بڵاوکراوەتەوە، ئەوە چەندین جارە هەواڵی بێ بنەماو دوور لەڕاستی سەبارەت بەم خزتگوزارییە گرنگەی کەرتی کارەبا بڵاودەکرێتەوە».
سەبارەت بەهاككردنی سیستەمەكە هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و وتەبێژی وەزارەتەكە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكان و پرسیارەكانی هاوڵاتی نەدایەوە، هاوكات سەرچاوەیەك لەوەزارەتی كارەبای هەرێم رەتیكردەوە سیستەمی كارەبای هەرێم هاككرابێت و راشیگەیاند ئەوە یەكەمجار نییە ئەوە روودەدات.
لەلایەن خۆشیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەهیچ شێوەیەك هەواڵی هاككردنی سیستەمی كارەبای هەرێم راست نییە، چونكە ئەوەندە پێشكەوتوو نییە تا هاك بكرێت، بەهۆی ئەوەی هیچ پەیوەست نییە بەئینتەرنێـتەوە».
وتیشی:» سیستەمی كارەبای هەرێم (سكادا) نییە تا هاك بكرێت و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەش شتێكی ئاساییە بۆ ئەوەی بزانرێت هۆكاری كوژاندنەوەی گشتی كارەبا چییەو زیانەكانی چین چونكە جگە لەوەزارەتی كارەبا زیان بەهاووڵاتیانیش دەگەیەنێت».
(سكادا) بریتییە لە پڕۆگرامێكی ئەپڵیكەیشنی سۆفتوێر بۆ پەیداكردنی زانیاری لەسەر سیستمەكە لەسەر بنچینەی هەموو ئەو ئامێرانەی كە لەناو سیستمەكەدا هەن كەئایا لەحاڵەتی ئاساییدان یاخود نائاسایی (ئایا هیچ فۆڵتێك دروستبووە یاخود نا) ئەم زانیاریانە دەگوازێتەوە بۆ ناوەندی كۆنتڕۆڵ (كۆنتڕۆڵ سەنتەر) تاكو بەئاسانی شوێنی فۆڵت دیاری بكرێ و بەشێوەی دورەدەست كاری كۆنتڕۆڵكردنی بۆ بكرێت (زۆرجار بتوانرێت سویچینگ بكرێت بۆ هەر فۆڵتێك یاخود حاڵەتی نائاسایی) بەم شێوەیە كاری چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی سیستم ئاسانترو زۆر خێراتریش دەبێت، بەڵام لەهەرێمی كوردستان هێشتا سیستەمی گواستنەوەی ئاسایی كارەبا بەكاردەهێنرێت، هەرچەندە لە 15ی ئەیلولی 2021 كەمال محەمەد وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ستێرو كۆنترۆڵ ماتیك واژۆكرد.
پڕۆژەی سكادا تێچووەكەی بەپێی گرێبەستەكە 37 ملیارو 982 ملیۆن دینار بووەو بڕیارە لەماوەی 900 رۆژدا تەواو ببێت واتە تائێستا وادەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كۆتایی نەهاتووە.
تەنها لەهەرێم كوژاندنەوەی گشتی كارەبا رووینەداوە، لەعێراقیش كۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵ روویدا، هەر ئەوكات زیاد عەلی فازڵ وەزیری كارەبای عێراق رێنمایییەكی بەپەلەی سەبارەت بەكوژانەوەی گشتی كارەبا لەژمارەیەك لەپارێزگاكانی عێراق دەركردو بەگوێرەی رێنماییەكانیش، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنرا بەمەبەستی بەدواداچون و روونكردنەوەی هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوەكە كە لەوێستگەی لاوەكی بەكر روویدا، كە بووەهۆی پچڕانی هێڵەكانی گواستنەوە بۆ دەڤەری باشورو بووەهۆی كوژانەوەی تەواوەتی سیستەمەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ شەممە سیستمی كارەبا لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق كوژایەوەو بەتەواوی كارەبا پچڕا، ئەمەش كاردانەوەی زۆری هاووڵاتیانی لێكەوتەوە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی یەكەم شەپۆلی سەرمادا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا كەمدەبنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی كارەبا پێوەری زیرەك و سیستەمی پریپەیدی كارەبای خستووەتەكار، بەڵام ئەم سیستەمانە نەبووەتەهۆی زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی بەهاووڵاتیان.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژنامەی هاوڵاتی، لە 24 كاژێردا تەنیا سێ بۆ چوار كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لەهەندێك ناوچەی هەولێر هەیە، هەروەها لەسلێمانی كەمتر لەحەوت كاتژمێرو لەدهۆك شەش بۆ حەوت كاتژمێر كارەبا هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان سێ هەزارو 800 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام لەوەرزە ساردو گەرمەكاندا خواست لەسەر كارەبا بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوەو كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبنەوە، ئەوەی پێویستیی هاووڵاتیان پڕدەكاتەوە موەلیدە ئەهلییەكانن، كەئەوەش تێچوویەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان هەیەو هەر ئەمپێرێكی مانگانەی زیاتر لە 10 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگەی هەرێم كەزیاتر لەپێنج هەزارو 500 موەلیدەی ئەهلی لەهەرێمی كوردستاندا هەن.
هەر بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی، پاڵپشت بەڕاپۆرتەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنترۆڵ و گەیاندنی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵ بەساڵ بڕی ئەو كارەبایەی هەرێمی كوردستان بەعێراقی دەفرۆشێت زیاتر دەبێت.
بۆ نموونە لەساڵی 2020دا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 68 مێگاوات، لەو بڕەش 268 مێگاواتی كەدەكاتە رێژەی 9٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 800 مێگاواتی كەدەكاتە 91٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە.
لەساڵی 2021یشدا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 373 مێگاوات، لەو بڕەش 498 مێگاواتی بەڕێژەی 15٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 875 مێگاواتیشی بەڕێژەی 85٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە لەساڵی 2022دا بەتێكڕا ئاستی بەرهەمی وزەی كارەبا بریتی بووە لەسێ هەزارو 304 مێگاوات، لەو بڕەش 630 مێگاواتی بەڕێژەی 19٪ هەناردەی عێراق كراوەو بڕی دوو هەزارو 674 مێگاواتیشی بەڕێژەی 81٪ خراوەتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتیمانی هەرێمی كوردستانەوە.
لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە:»كاردەكەین بۆ چارەسەرییەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی كارەبا، لەزیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و كەمكردنی بەهەدەردان و دابەشكردنێكی پێشكەتوو و گونجاوی كارەبا. هەروەها كاردەكەین بۆ رێكخستنەوەیەكی گونجاوی نرخی كارەباو دامەزراندنی میكانیزمێكی كاریگەرو سەردەمیانە بۆ كۆكردنەوەی پارەی كارەبا لەبەكاربەران». سەرەڕای ئەوەی تەمەنی راستەقینەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، لەئێستادا لەقۆناغی كاربەڕێكردندایە، بەڵام كێشەی كارەبا هاوشێوەی كابینەكانی پێشوو بەردەوامەو نەتوانراوە چارەسەرێكی ئەوتۆ بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئێستادا زیاتر لە(ملیۆنێك و 850 هەزار) هاوبەشی كارەبا هەیە لەهەرێمی كوردستان و پێویستیان بەحەوت هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان نیوەی بڕی پێویست بەرهەمدەهێنێت و لەوە بڕەش كەبەرهەمی دەهێنێت بەشێكی هەناردەی عێراق دەكات.