پزیشکێکی هەرێمی کوردستان لەنێو 5 هەزار پزیشکدا خەڵاتێکی جیهانی بەدەستهێا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پزیشکێکی هەرێمی کوردستان خەڵاتی باشترین پزیشکی ڤێتەرنەری و ئاژەڵدۆستی بەدەستهێنا کە ساڵانە پێنج هەزار پزیشکی فێتەرنەری پێشبرکێ لەسەر خەڵاتەکە دەکەن.
دکتور سلێمان تەمەر، کە خەڵکی شاری دهۆکە، خەڵاتی باشترین پزیشکی ڤێتێرنەری و ئاژەڵدۆستی GOLDEN STAR AWARD بەدەستهێنا کە ساڵانە لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتی رێکخراوی جیهانی ئاژەڵان ئەنجام دەدرێت.
ئەم خەڵاتە ساڵانە رێکدەخرێت بۆ ئەو پزیشک و ئەکادیمیستانەی کە ژیانیان دەخەنە مەترسی و بەخۆبەخشی کاردەکەن و تێدەکۆشن لەپێناو رزگارکردنی گیانی ئاژەڵان و سەرکێشی دەکەن. ئەمساڵ پێنج هەزار پزیشکی جیهانی لە کێبڕکێکی خەڵاتەکەدا بەشداریانکردبوو.
لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە دکتۆر سلێمان، سەرۆکی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان و بەرپرسی بەشی پلاندانانی فێتەرنەری دهۆک بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم خەڵاتە بە موڵکی خۆم نازانم بەڵکو پێشکەشە بە هەموو ئەو کەسانەی کەخزمەت بە ئاژەڵان دەکەن و ئاژەڵاندەپارێزن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەن.
دکتۆر سلێمانی وتیشی، "دەیان پرۆژەم ئەنجامداوە لەبواری ئاژەڵدۆستی، دواین پرۆژەش دروستکردنی شێڵتەرێک بوو بۆ سەگی بێ خاوەن لە دهۆک، بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە هی خۆم بوو، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا %60ی پرۆژەکە تەواو بووە."
