سی ساڵ لەچاوەڕوانی رووناکی!
12 مانگ لەمەوپێش
غازی حەسەن
پتر لە (٣٠) ساڵ دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەتی لەهەشت کابینەی رابردووی پێش ئەم کابینە نەیتوانی کار بۆ دروستکردنی بنەمایەکی ئابووری بەهێز بکات و لەڕووی پیشەسازییەوە کار بۆ دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و گەشەکردن بکات، بەپێچەوانەوە لەڕێگەی بەخشینەوەی مووچەو داهات و بودجە کاری کردووە (گیرفان و سۆزو عەقڵ و مافی دەنگدانی) تاک مسۆگەر بکات. لەبیناکردن و دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گوندو شاری مۆدێرن و دروستکردنی شەقام توانایەکی زۆری بەکارهێناوە، لەکردەوەدا ئێستاش کابینەی نۆیەم بەرهەمی فکرو سیستەم و شێوازی مامەڵەکردنی (٣٠) ساڵی رابردووە لەگەڵ قەیرانەکان و بیرکردنەوە لەچۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی کێشە قووڵەکانی هەنووکە.
پێشتر دەمانبیست هاووڵاتیانی کەنداوی عەرەبی بەهۆی مووچەو وەرگرتنی بەشێک لەداهاتی نەوت لەژیانێکی ئاسوودەو بێگرفتی دارایی دەژین، بەڵام لەڕێگەی درامایەکانی تەلەڤزیۆنەکانیان ئاشنابووین بەدەیان دیاردەی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، نەخۆشی دەروونی و ئەخلاقی و نەبوونی ئازادی و بەکارهێنانی خزمەتکارە بیانییەکان وەکو کۆیلەو کەلوپەل لەنێو ماڵەکانیان و نمایشی خانووی گەورەو ئۆتۆمبێلی مۆدیل نوێ و عەقڵێکی دواکەتوو ... تاد... دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١یش هەرێمی کوردستان کەبریتیە لەتەنیا (سێ شار) لەڕێگەی (دامەزراندنی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان وەکو مووچەخۆر)و دەستکەوتێکی حزبی و بەناوی پاداشتکردنەوەی ئەندام و لایەنگرانی حزب و تێکۆشەرانی شاخ و خانەوادەی شەهیدان و راکێشانی باش و جاش سیاسەتی دامەزراندن و رازیکردنی خەڵکیان پیادەکردو لەجیاتی بایەخدان بەسیستەمێکی ئابووری وەبەرهێن و پیشەسازی، کاریان کرد هاووڵاتیان وەکو مشەخۆرێکی تەمبەڵ رازیی بکەن. بیرۆکەی هەر حزبێک ئەوەبوو زۆرترین ژمارەی مووچەخۆری هەبێت و ئەمەشیان بەباشترین هۆکار زانی تاکو زۆرترین ئەندام و لایەنگرو دەنگدەر لەخۆیان کۆبکەنەوە. (یەکێتی) دەستیپێکردو (پارتی)ش بووە درێژەپێدەری رێگە نەگونجاوەکەو هەردوولا بەلیستی دوورودرێژ خەڵکیان دادەمەزراندو دوور نییە لەبەر درێژی لیستەکان هەندێک کات خەڵکیان بۆ پڕکردنەوەی لیستەکان دەستنەکەوتبایە. ئەنجامی کۆتایی گرنگە کە وایلێهاتووە ژمارەی مووچەخۆر لەڕووی تەمەنەوە لەژمارەی ئاسایی هاووڵاتیان پتر بێت و ئێستا قەیرانێکی هەقیقیمان لەژمارەی مووچەخۆران تووش ببێت. ئەمەش بۆ ئەوەبوو زۆرترین ژمارەی دەنگ لەسەر سندووقەکانی دەنگدان مسۆگەر بکەن.
(٣٠) ساڵە نەتوانرا لەهەرێمی کوردستاندا (کارەبای نیشتیمانی) چارەسەر بکرێت بۆ؟ (٣٠) ساڵە هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی رووناکی کارەبان، کەچی ئەمە رووینەدا بۆ؟. ئایا داهات و بوجە نەبوو؟ ئایا هیچ وڵاتێکی پێشکەتوو و کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ئامادەنەبوو، کارەبامان بۆ چاکبکاتەوە؟ ئایا دەسەڵاتدارانی بەغدا رێگربوون لەچاککردنەوەی کارەبای هەرێم؟ یان ئەو ئەلتەرناتیڤەی بە (مۆلیدە) ناودەبرێت وەکو باشترین بژاردەی بازرگانی و مشەخۆریی بەچارەسەر دانرا، کەڕێگرە لەبەردەم چاککردنەوەی کارەبای نیشتمانی؟
لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکان هەولێرو دهۆک و سلێمانی بڕێک کارەبای نیشتمانی کەمیان هەیەو لەهەمان گاڤیشدا کارەبای هەرێم بەشارێکی وەکو موسڵ دەفرۆشرێت، بۆ؟ یان وەکو (ئاسۆ کەریم) گوتەنی: «(تا ماڵ پێی بوێ، مزگەفت بەتاڵەو بەڕاستی لەحیکمەتی ئەوە ناگەم، کەخۆت لەهەرێمی کوردستاندا کارەبات بەم شێوەیە بێ (بەقسەی رووداو: دهۆک هەشت سەعات، سلێمانی حەوت سەعات، هەڵەبجە شەش سەعات و پایتەخت چوار سەعات) کەچی کارەبا بدەی بەنەینەوا بەقسەی بەڕێوەبەری کارەبای نەینەواو جێگەی دی. دیارە کارەبا بەپارە دەدرێتە موسڵ نەک بەلاش، بەڵام خۆ خەڵکی کوردستانیش پارەی خۆیان دەدەن».
من قسە لەبارەی چۆنیەتی فرۆشتنی کارەبای هەرێم و وەرگرتنی پارەی ئەم بڕە کارەبایەو چۆنیەتی بەکارهێنانەوەی داهاتەکەی و دڵتەنگی و معاناتی هاووڵاتیانی هەرێم لەبێکارەبایی ناکەم، کەیەکێکە لەکێشە جددییەکانی بەردەم بەڕێوەبردن و مافی هاووڵاتیان، لەکاتێکدا شارێکی وەکو هەولێر کەبەراوردی بکەین بە (٢٠) ساڵ پێش ئێستا هێندە مەزن و پەرت و بڵاوبووە، سێجارو پتریش لەپێوانەی پێشتری خۆی گەورەترو فراوانتر بووە. هەولێر بەرەو ئاسمان هەڵناکشێت، بەڵکو بەپانایی و ئاسۆیی فراوان دەبێت، ئەمەش پێویستی بەشەقام و کارەباو خزمەتگوازی و ئاوو قوتابخانەو نەخۆشخانەو ئاسایش و ئارامی و .. تاد زۆر لەوە پترە، کە شار لەگەشەکردنی ستوونی پێویستی دەبێت.
نرخی کارەبا زیاد دەکات، نرخی مۆلیدەکان زیادی کردووەو هەرچەند ساڵێکیش بیرۆکەیەکی نوێ بۆ کۆنترۆڵی کارەباو بەکارهێنانی (ناعادیلانەی!!!!) کارەبا لەسەر هاووڵاتیانی ئاسایی، نەک گوندو شارە تازە دروستبووەکان و کارگەو شوێنەکانی بازرگانی و دائیرەکانی حکومەتدا تاقیدەکرێتەوە.
پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئەگەر کارەبای نیشتیمانی وڵات و دڵ و ناخی هەمووانی رووناک کردەوە، چارەنووسی مۆلیدەکان و ئەو داهاتە زەبەلاحەی مانگانە دەچێتە گیرفانی چەند سەد کەسێک چی بەسەردێت؟. لەکاتێکدا ئێمە دەزانین نرخی مۆلیدەکان چەند قات لەداهات و پارەی کارەبای نیشتیمانی پترە، پیسبوونی ژینگەو گۆڕانکاریی لەکەشوهەواو ژاوەژاوو شتی دیکەش لەوێ بوەستێ.
(٣٠) ساڵ حوکمڕانی کاتێکی یەکجار درێژەو دەبێتە پێوانە بۆ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەو بڕیاردان لەچۆنیەتی و شێوازی کارکردن و توانای هەر دەسەڵاتێک و فکرو سیستەمی حوکمڕانیی.