بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ چەند مەترسییەکی تەندروستی ئاشکرا دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ لە بارەی دورخستنەوەی لە پۆستەکەی دهڵێت، "داوام لێدەکرێت هۆکارى بەزۆر دەستلەکارکێشانەوەم ئاشکرابکەم" و وردەکارى لەبارەى دورخستنەوەکەی و خراپى کەرتى تەندروستى و خزمەتگوزاریی لە چەمچەماڵ ئاشکرا دەکات.
د. فەرهاد محەمەد، لە رونکردنەوەیەکیدا کە لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتى:"ئەوەى لەگەڵ هاوڕێکانمانو لەماوەى دەستبەکاربونمان بۆ تەندروستى چەمچەماڵمان کردوە بەدرێژایی ئەم سێکتەرو شارەکەش نەکراوە، سودى چییە قسەکردن لەکاتێکدا هەموو خەڵکى کوردستانو چەمچەماڵ زانییان حەوزى سەرەکى ئاوى خواردنەوە، حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە، لەسەرى هاتومەتە دەنگ، بەڵام دەریانکردم".
دەشڵێت، "سودى چییە گەر هەموو خەڵکى چەمچەماڵ ئاگاداربکەمەوە کە سەربڕخانەکانیان لەزبڵدان پیسترەو هیچ مەرجێکى تەندروستیان تێدانییە، ویستم ئەمجارە وەک زۆر بهرپرسى دیكه دەست بەکڵاوەکەمەوە بگرم با نەیباتو شار بۆ هەتاهەتایە جێبێڵمو خەریکى ژیانى تایبەتى خۆم بم".
لە نوسینەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە تەنها چەمچەماڵ هێندەى فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانى سروشتى هەیە کەچى 15 رۆژ جارێک ئاوى خواردنەوەیان پێدەدرێت و ئەو ئاوەش حەوت ساڵە لەناو زبڵداندا گلدەدرێتەوە، دەپرێت: سودى چییە ئاگاداریان بکەمەوە؟
ههر لهو ڕونكردنهوهیهدا د.فهرهاد ئاماژهى بهوهشكردوه، "وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندییو سەنتەری گورچیلەی دەستکردو سەنتەری پسپۆڕی ددانو سەنتەری فریاکەوتنو خودەجو پزیشکی دادوەریو دەیان هۆبەو بەشو هۆڵی منداڵبونو دوو نەخۆشخانەو سەدان ئامێری پزیشکیو ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمانو ئیسعاف بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندروستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕیزلێنانم بۆ دروستدەکەنو مندڵەکانم شانازی بەپەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن، کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبوو، دەریان کردم".
د.فهرهاد درێژه بهڕونكردنهوهكهى دهداتو باسى لهوهشكردوه، "ئێستا داواکارى گشتى ئەم نوسینانە دەبینێتو دەزانێت بەهۆى کەسێکەوە ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاکنەکراوەتەوە، بزانم لەسەرى یەتە دەنگ؟".
پێشتریش بەڕێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵو لەئاگادارییەکدا کە ئاڕاستەى قائیمقامیەتى قەزاى چەمچەماڵى کردبوو هۆشدارى دەدات کە بە هێواشى خەڵکى چەمچەماڵ جینۆساید دەکرێن و سەرچاوى ئاوى خواردنەوە بەهۆى کەسێکەوە رێگرى لە پاککردنەوەى دەکرێت و ئەو ئاوەى دەدرێتەوە هاوڵاتییان پیسە و شیاوى خواردنەوە نییە.
