پارتی دڵنیایە دەنگی گۆڕان دەبات؛ یەکێتیش پێداگرە لەوەی دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنێت
12 مانگ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
حزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان، چاویان لەهەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانەو تائێستاش بزووتنەوەكە بڕیاری كۆتایی نەداوە دەنگی بۆ كام لیست و قەوارە دەبێت، بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیاییدا كە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ لیستەكانی پارتی دەبێت و پێی وایە كەپارتی لەڕووی نەتەوەییەوە لەحزبەكانی تر لەپێشترە بۆیە دەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دڵنیایە لەوەی دەنگی زۆرینەی كەركوك بەدەستدەهێنن.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق نزیكبووەتەوەو بانگەشەی حزبە بەشدارەكانی نێو ئەو پرۆسەیەش گەرمتربووە، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەبووەتە شوێنی ململانێی نێوان حزبەكان، یەكێتی و پارتی وەك دوو حزبی ركابەری یەكتری، توندترین هەڵمەتی بانگەشە بەڕێوەدەبەن و هەریەكەیان لەهەوڵی ئەوەدایە دەنگی جەماوەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی تر كە بەشدارنین لەپرۆسەكە بۆخۆیان ببەن.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە كەبریارە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بزووتنەوەی گۆڕان و چەند حزبێكی تری سیاسی بایكۆتیان كردووە، تائێستاش ئەو حزبانە هەڵوێستی خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو بڕیاری كۆتاییان نەداوە لەبارەی ئاراستەكردنی جەماوەرەكانیان بۆ كاتی هەڵبژاردن، لەوبارەیەوە دڵشاد رەشید ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی یەكلایی نەكردووەتەوەو لەبەر هەستیاری كاتەكە تائێستا بڕیاری ئەوە نەدراوە چۆن دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، رای جیاواز هەیەو هەریەكەو بەجۆرێك بۆچونی خۆی دەربڕیوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەكات و ساتی خۆیدا دەدریت.»
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەڕۆژی 10ی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، بزووتنەوەی گۆڕان توانی لەکەرکوک دوو هەزارو481 دەنگ بەدەستبهێنێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە بەشدارەكان چاویان بڕیوەتە ئەو دەنگانەو چاوەڕێی هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕانن، لەتیف نێروەیی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەك یەكێتی پێشبینی دەكەین زۆرینەی دەنگەكان بۆ ئێمە بێت، بەتایبەت لەپارێزگای كەركوك كەئەندام و جەماوەرێكی زۆری یەكێتی تێدایە، تائێستاش داوامان لەهیچ حزب و گروپێك نەكردووە، بەڵام چاوەڕێین كەهەمووان دەنگ بەیەكێتی بدەن.»
پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی محەمەدی حاجی مەحمود، لەو هەڵبژاردنە بەشدارەو ئەوانیش وەك حزبێكی كوردی بەنیازی ئەوەن دەنگی هێزو گروپ و لایەنە نابەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوان بێت، مامۆستا رەفعەت بەرپرسی مەكتەبی ئامارو هەڵبژاردنی ئەو حزبە بەهاوڵاتی وت «بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت دەنگی لایەنە نا بەشدارەكان بۆ ئێمە بێت، راستە تائێستا بەفەرمی بەبزووتنەوەی گۆڕانمان نەوتووە، بەڵام لەگەڵ چەندین گروپ و كەسایەتی و سەرۆك هۆزدا كۆبووینەتەوەو بەڵێنمان وەرگرتوون كەدەنگیان بۆ ئێمە دەبێت، بەو پێیەی حزبەكەیان قوربانی داوە بەتایبەت لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكاندا كە رۆڵ و كاریگەریمان دیارو بەرچاو بووە.»
لەئێستادا ململانێیەكی زۆر لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە لەكەركوك، بەتایبەت پاش پەیوەندیكردنی دوو كادری دیارو پێشكەوتووی پارتی بە یەكێتییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە تەراوزی دەنگەكان لەو پارێزگایە گۆڕانی بەسەردا بێت، لەوبارەیەوە لەتیف نێروەیی بەهاوڵاتی وت «ئەو دوو كادرەی پەیوەندیان بە یەكێتیەوە كردووە، كوڕی بنەماڵەیەكی دیارو تێكۆشەری كەركوكن، بەدڵنیاییەوە پەیوەندیكردنی ئەوان بەیەكێتیەوە، كاریگەری لەسەر دەنگەكانی یەكێتی دەبێت لەكەركوك.»
پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەتەواوی هەڵبژاردنەكانی رابردوودا دەنگی زۆرینەی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت پارێزگاری لەدەنگەكانی بكات، بەرپرسێكی ئەو حزبەش پێی وایە كەدەنگی گۆڕان بۆ ئەوان دەبێت، عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنەینەوا بەهاوڵاتی وت «من لەو قەناعەتەم كە پارتی كورسی لەپارێزگای دیالەو كەركوك و نەینەوا بەدەستدەهێنێت، بەتایبەت پاشی گەڕانەوەی بارەگاكانمان بۆ كەركوك، پێموایە كورسی باش دەهێنین لەهەرسێ پارێزگاكە. دڵنیاین كە ئەو حزبانەی بەشدارنین لەهەڵبژاردن دەنگ بەئێمە دەدەن، دڵنیام كە گۆڕان دەنگ بەو حزبە دەدات كەزیاتر لەڕووی نەتەوەییەوە لەپێشن و خاكپارێزن.»
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، بەهۆی هەستیاری دۆخەكەو دروستنەبوونی كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێكی نەداوە، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەبزووتنەوەی گۆڕان بەهاوڵاتی وت «ئاشكراكردنی دەنگی گۆڕان، كاریگەری لەسەر ململانێی نێوان حزبەكان دەبێت، بەتایبەت یەكێتی و پارتی. بۆیە گۆڕان بەباشی نازانێت هەڵوێستی خۆی بخاتەڕوو. رەنگە بەنهێنی و لەڕێی مەكۆكانەوە دەنگدەرانمان ئاراستە بكەین، ئەوەش لەبەر لایەنە نەتەوەییەكە كەپێویستە هەموو كورد بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بكات بەتایبەت لەكەركوك.»
بزوتنەوەی ئیسلامی كەپێشتر بریاری ئەوەیاندابوو بەپێی رێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەنگی جەماوەرەكانیان یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام تائێستا ئەوانیش بڕیاری كۆتاییان نەداوە، لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بەهاوڵاتی وت «لەئێستادا هیچ بڕیارێكمان نەداوەو یەكلاییمان نەكردووەتەوە كە دەنگمان بۆ كێ دەبێت.» پێشتر مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند كە بیر لەبەرژەوەندی حزبەكەیان دەكەنەوەو بۆ هەڵبژاردن دەنگ بەو لیست و قەوارەیە دەدەن كەداواكارییەكانیان بۆ جێبەجێ بكەن.
بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە 15 پارێزگای عێراق هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت، كەتێیدا زیاتر لەشەش هەزار كاندیدی حزبی و سەربەخۆ كێبڕكێی بەدەستهێنانی 275 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەن، ئەمە جگە لە 10 كورسی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق. لەم هەڵبژاردنەدا 39 هاوپەیمانی و 29 پارتی سیاسی بەشدارن و كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەنگی هاووڵاتیانی عێراقی دەكەن.