لۆمپنیزم دژ بەڕۆحی ناڕەزایەتی‌و بەرەنگاری

3 مانگ لەمەوپێش



ئەحمەد رەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی بەرپرسیار – خزمەتگوزارییە گشتییەکان

لەدرێژایی مێژووی دەزگای دەوڵەت لەفۆڕمە مۆدێرنەکەیدا بەدامەزراوە گشتییە کۆمەڵایەتیەکانییەوە، بەشێک لەشوناسی خۆی لەڕێگەی نێوەڕۆک و سیمای نوێگەرانەو پێشکەوتووی چەندین کایەی خزمەتگوزاری گشتییەوە بەرجەستەدەکات. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو پەروەردەو خوێندن «باخچەی ساوایان تا خوێندنی باڵا»، تەندروستیی، شەقام و رێگەوبانەکان، پارک و رووبەرەکانی سەوزایی، خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ووزەی کارەباو ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری کۆمەڵایەتیی «سەرپەرشتییکردن، هاوکاریی و پشتگیریکردنی بەساڵاچووان، منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان».

چەندێتیی و جۆرێتیی «Quantity and Quality» ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییانە پێوەری ئاستی بەرپرسیارێتیی و پێشکەوتوویی دەسەڵاتدارێتیی رامیاریی و کارگێریی هەر کۆمەڵگایەکە. ئاستی بەرپرسیارێتیی و کارایی هەر دەسەڵاتدارێتییەک بەتایبەتی نێوەندی بڕیاردانی سیاسیی و کارگێڕیی «حکومەت و حزبەکان»، بەگوێرەی بڕو شێوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی داهات و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار کۆمەڵگا بەگشتیی، دەپێورێت.

هەڵەی گەورەی سیاسیی یەک بەدوای یەک، گەندەڵیی بێسنوورو ویستی هەژموونێکی گشتگیری حزبیی لەهەر جومگەیەکی حوکمڕانییدا، مامەڵەکردنی خێڵەکییانە لەتەک سیاسەت و حوکمڕانیی، بەبنەماڵەییکردنی دەسەڵاتدارێتیی و ... هتد ئەو ریزە هۆکارو ئەنجامە یەک بەدوای یەکانە بوون کەکوردستانی گەیاند بەدۆخێک لەنزیکەی ١٠ ساڵی رابردووەوە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام لەدابەزین و نزمبوونەوەدان تاڕاددەی نزیکبوونەوە لەداڕمان و هەرەسهێنان. لاوازبوونی کوشندەی خزمەتگوزاری تەندروستیی و پزیشکیی لەکەرتی گشتییدا تاڕاددەی نزیکبوونەوە لەنەمان، شەقام و رێگەوبان نەوەکو زیادنەکراون و بونیادنەنراون بەڵکو ئەوەشی هەبووە بەرەو وێرانەیی و هەڵوەشانەوە دەڕوات، خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا دابەزیوە تا نزمترین ئاستی خۆی لەئەم وەرزی سەرمایەداو کە لەهاویندا کێشەی کەمئاوییشی سەربار دەبێت. سیستمی پەروەردەو خوێندن لەنزیکەی ١٠ ساڵی رابردووەوە لەپاشەکشەی بەردەوام و بەرەودوا گەڕانەوەدا بووە لەسەر هەموو ئاستەکانی.

داهاتی تاکەکەس – ئابووریی گشتیی

پێوەرێکی دیکە لەهەڵسەنگاندن و نمرەپێدان، هەوڵە بەردەوامەکان و پڕۆژە ئێستایی و ستراتیژییەکانی هەر دەسەڵاتدارێتییەکە بەئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس و توانای ئابووریی کۆمەڵگا بەگشتیی.

دەسەڵاتدارێتییەک کەهەردەم سەرقاڵ بێت بەگەورەکردنی رووبەرەکانی توانای ئابووریی و دەستکراوەیی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان لەسەر شانی حزب، حزبیش لەسەر شان و ملی حکومەت و لەبەرامبەریشدا بچووککردنەوەی رووبەرەکانی ئازادیی، ئیرادەو توانای ئابووریی تاکەکەسەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای گشتیی کۆمەڵگا جگە لەوەی دەبێتە کابووس لەژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا هیچیدی لێبەرهەم نایەت. دەسەڵاتدارێتییەک کاتێک روئیاو بەرنامەیەکی راستەقینەو واقعیی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تاکەکەس و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەی نەبێت و بگرە هەردەم لەهێرشکردنە سەر ژیانی خەڵک و قورسترکردنی گوزەرانیاندا بێت، هەڵبەت کەبۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک دەبێتە خەرەندێکی قووڵ و فراوان بەئەندازەیەک دنیای خەڵک و دنیای دەسەڵاتداران دەبنە دوو دنیای بەتەواوی لێکدابڕاوو بگرە دژبەیەکتری وەکو ئەوەی ئێستا لەکوردستان دەگوزەرێت.

لەچەند ساڵی رابردووەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان راگیراوەو ئەو هەموو مووچەیەی کە نەدراوە کە وا مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵیشی دێتەسەر بەئەو هەموو لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەی داهێنراوی دەسەڵاتدارێتیی حزب-خێڵەکانی کوردایەتیی، سەرباری زیادکردنی چەند هێندەی هەموو جۆرەکانی باج و رسومات، سەرباری زیادکردن و داهێنانی چەندین جۆری باج و سەرانەسەندن، ئەوە سەرباری بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی «غاز و نەوت و بەنزین» و کارەبا و ... هتد، جگە لەدابەزینی کەمەرشکێنی داهاتی تاکەکەس و داڕمانی ئابووریی گشتیی کۆمەڵگا هیچیدی لێ بەدینایێت هەروەکو ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەی پێدا تێپەڕدەبێت.

لۆمپن – لۆمپنیزم

واژەی لۆمپن «Lumpen» بۆ یەکەم جار لەلایەن کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فرێدریک ئەنگڵز (١٨٢٠-١٨٩٥) لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا «The Communist Manifesto» بەکارهێنرا کە لەزمانی ئەڵمانییەوە گواستییانەوە نێو زمانی ئینگلیزی «Lumpenproletariat»، بەواتای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێت کە لەڕووی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و چینایەتییەوە لەخوار چینی پڕۆلیتاریا «چینی کرێکار» وەن. لۆمپن، ئەو بەشەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە پێکدێت لەسواڵکەر، لەشفرۆش، دزو تاوانکار. لۆمپن تائاستێک لەملکەچیی و بێئیرادەیی دابەزیوە کەچیدی نەوەکو ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی تێدا مردووە بەڵکو دژی هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی و رۆحێکی یاخییبوون و ئیرادەتمەندیی دەوەستێتەوە. لۆمپن تا ئاستێک تەسلیمبووە بەوەزعی مەوجودو قەدەری رەشی خۆی، کە وایلێهاتووە دژ بەهەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لەدۆخی هەنوکەییدا دەوەستێتەوە. لۆمپن بەسروشتیی پێکهاتەی چینایەتیی خۆیان و بەهۆکاری نزمیی ئاستیی خوێندەواریی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان نەوەکو نابنە بەشێک لەشۆڕشی چینی کرێکار دژی خاوەنکارو سیستمی سەرمایەداریی بەڵکو رۆڵی دژەشۆڕش دەگێڕن.

لەدۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، لۆمپنیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مێنتاڵیتیی و بیرکردنەوەیەی کە دژ بەهەر رۆحێکی تەسلیمنەبوو و ئیرادەخواز دەوەستێتەوە. لۆمپنیزم، ئەو رۆحییەت و عەقڵییەتە دەستەمۆ، ملکەچ، بێدەنگ و بێهەڵویستەیە دەشێت لای کەسێکی بڕوانامەدار یان تەنانەت نووسەر یان پلەدارو پێگەدار لەهیرارکییەتی ئیداریی و سیاسییدا، یان خاوەن بڕوانامەی باڵا «ماستەرو دکتۆرا» بێت، کە بەنووسین و رەخنە دژ بەڕۆحی بەرەنگاریی و توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توێژێک یان بەشیکی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە یان هەندێجار بەسوخرییەت و گاڵتەجاڕیی.

تۆمەت و رەخنە لەسەر بنەمایەکی هیچ یان لۆمپنیزم

مامۆستایان لەپێناوی داواکارییە سەرەتایی، رەواو یاساییەکانی خۆیان، فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران بوونەتەوە بەشێوازە مەدەنییەکان. بایکۆت لەدوای گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییەوە پەنای بۆ براوە. ئاساییە هەر جۆرە خەبات و ئیرادەکردنێک رووبەڕووی چەندین جۆری تانەلێدان، رەخنەو تەنانەت گاڵتەجاڕیی ببێتەوە. سروشتیی هەر سەرکێشیی و ئیرادەکردنێک وەهایە رووبەڕووی ئاڵنگاریی و لەمپەرە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.

لەپەیوەند بەناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانەوە چەندین سەرنج و رەخنە خرانەڕوو. بۆ نموونە سەرنجێک ئەوەبوو گوایا هەموو ئەوەی روودەدات لەم دەڤەرە لەکاری ژێربەژێری پارتییە بۆ تێکدانی دۆخی (زۆنی سەوز) کەئەم بۆچوونە لەو کەسانەوە دەبیسترا کەلایەنگیری یەکێتیین راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێبنەمایی و پووچێتیی ئەم تۆمەتە لەوێدا دەرکەوت کاتێک وەزیری پەروەردە «کە لەپشکی پارتییە» هەوڵیدا بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بەناڕەزایەتی مامۆستایان تەنانەت بەوشەی «دەبێت» فەرمانیکردو نەوەکو سەرینەگرت بەڵکو ناڕەزایەتیی مامۆستایان توندتر بووەوە، سەرنجێکی دیکە ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی روودەدات دروستکراوی یەکێتییەو بۆ فشاردانانە لەسەر پارتی و کارتێکی سووتاوەو کاریگەری نابێت، ئەم بۆچوونەش لەو کەسانەوە دەبیسترا کەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگیری پارتیی یان گوتارە سیاسییەکەی پارتیین. پووچیی و بێبنەمایی ئەم تۆمەتەش لەوێدا دەرکەوت کەجێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیی داوای لەمامۆستایان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دواهەمین هەوڵی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی بەهەموو توانایانەوە بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڵام بەناڕەزایەتیی توندتری مامۆستایان و خۆپیشاندنی فراوانتر وەڵامدرانەوە. هەروەها هەبوون دەیانگوت نەوەی نوێی لەپشتە، ئەمەیان نەوەکو پووچ و بێنەما بەڵکو تۆمەتێکی هێند ئاست نزمە شایان بەقسە لەسەرکردن نییە کەئەمانە تێیاندا هەبوو لایەنگیری راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی یەکێتیی و پارتییشن.

هەموو ئەو تۆمەت ریزکارانە لەنێو بازنەی لۆمپنیزمدا جێگادەگرن. لۆمپنیزم ئەو بیرکردنەوەو تێگەیشتنەیە، بۆ ئەوەی لەئیرادەکەوتن و رۆحە تەسلیمبووەکەی خۆی پاساو بداتەوە، دەبێت لەبەهای رۆحی تەسلیمنەبوو و ئیرادەتمەندیی ئەوانیتر کەمبکاتەوە بەتۆمەتی پووچ و قسەی هەڵیت و پەڵیت. لۆمپن و لۆمپنیزم دژ بەهەر ئەکتێکی بەرەنگاریی دەوەستێتەوە.

ناڕەزایەتیی گشتیی - بەرئەنجامێکی حەتمیی

مامۆستایان وەکو توێژێکی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە، لەچەندساڵی رابردووەوە بەچەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو دۆخە سەختەو لەناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگا کردووەو هەردەم بەفشاری جیاوازی مەدەنیی و نەرم، بەڕێخستنی چەندین خۆپیشاندان و تادەگات سکاڵا تۆمارکردن لەدادگا و ... هتد هەردەم لە رووبەڕوونەوەدا بوون لەدژی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتداران، تا گەیشتووەتە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و راوەستانی پەروەردە. پەروەردە، یەکێک لەپڕۆسە هەرە گرنگەکانی هێمای زیندووێتیی و بەردەوامیی ژیان و گەشەو بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگایەکە. دۆخی ئێستا سەرباری هەموو ئەوەی پێشتر هێمای بۆ کرا، بایکۆتی مامۆستایان و پەککەوتنی پەروەردەو خوێندنیشی هاتووەتەسەر.

دۆخێکی کارەساتباری بەو شێوەیە کەئەم دەسەڵاتدارێتییە رووبەڕووی کۆمەڵگای کردووەتەوە، هەڵبەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک گەر لەنزمترین ئاستی زیندووێتیی و هۆشیار بەماف و ئازادییەکانیدا بێت، ناڕەزایەتیی لەهەموو جۆرو ئاستەکانیی، خۆپیشاندان و هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی بەدەستەوەدەگرێت و پەنای بۆ دەبات لەدژی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران.

لەوەها دۆخێکی کارەساتبار. کەخزمەتگوزارییە گشتییەکان تانزمترین ئاست دابەزیون، باج و رسومات تابەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە، مووچەش بەئەو جۆرەیە، مرۆڤ ئاخێزێک نەکاو دەنگ هەڵنەبڕێت، ناڕەزایەتیی توندی خۆی راستەوخۆو راشکاوانە دەرنەبڕێت و توڕەیی خۆی لەخۆپیشاندان و هەر ئەکتێکی دیکەی بەرەنگارییدا بەرجەستە نەکات، دەتوانێت چ ئومێدو خەونێکی هەبێت و دەتوانێت قسە لەچ ئیرادە و ئازادییەک بکات! بێهەڵوێستیی و بێدەنگیی لەئاست وەها دۆخێکدا دەتوانێت جگە لەکەوتن،  بیماریی و کەوتنی بوون و کەینوونەی مرۆیی، چ ناوێکی دیکەو چ تەفسیرێکی دیکەی هەبێت!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار