رۆڵی زیرەکیی دەستکرد لەناو دادگاکانی هەرێمی کوردستان
11 مانگ لەمەوپێش
هەوراز فارس
زیرەکی دەستکرد(Artificial Intelligence)، وەک یەکێک لەدەستکەوتە گرنگەکانی (مرۆڤی ژیر) لەسەدەی بیست و یەک، خەریکە هەژموونی خۆی لەسەرجەم بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، پیشەسازی، هونەرو سەربازی وەرزشی ..هتد . فراوانتر دەکات و سێبەری خی بەسەر کارە جۆراوجۆرەکانی ئەو بوارانەدا بڵاودەکاتەوە. لەوانەش لەبواری یاساو دادگاکان، لەکاتی ئێستا بەشێوەی کرداری، چەند وڵاتێک وەک؛ ئەمریکا، چین، کەنەدا، ئیستۆنیاو مالیزیا، بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپا، لەدادگاکاندا کەڵک لەزیرەک دەستکرد دەبینین و پەرەی پێدەدەن، تەنانەت بگرە لەهەندێ وڵاتانی کەنداو دادگاکانیان بەئەلیکترۆنی کراون.
بەشێک لەکەیسەکان هەر لەسەرەتاوە لەبەرزکردنەوەی سکاڵا تاقۆناغی کۆتای دەرچوونی حوکمی دادگا دادبینیەکانیان بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچن.
سود بینین لەزیرەکی دەسکرد بەتایبەتی بۆ ئاشکراکردنی تاوان و دۆزینەوەی (تاوانباران) وەک دەسکەوتێکی بەنرخ و مەزن دەبینرێت.
بۆ نموونە؛بەتەنیا یەک وێنەی تۆمەتبار لەبەردەستی دەزگاکانی لێکۆڵینەوە بێت،ئیتر بەسە بۆ دۆزینەوەی لەماوەی چەند کاژێرێک، خەیاڵ بکەم لەوڵاتێکی وەک (چین) لەناو ملیارێک و نیو مرۆڤدا دەبێ چ ئاسانکارییەکی سەرسوڕهێنەر بێت!
ئەڵبەتە ئەمەش بەھۆی (کامێرەی چاودێری زیرەکی دەسکرد) لەڕێگای پرۆسەیەکی وردی خواریزمی کاردەکات.
بەپێی تووێژینەوەکان دەرکەوتووە ھەروەک چۆن پەنجەمۆری ھەر مرۆڤێک جیاوازو تایبەتە لەمرۆڤێکی تر، رووخساریش بەھەمان شێوەیە خاوەن ژمارەو کۆدەکێکی جیاوازە.
لەئێستادا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەوروپاو ژاپۆن و نزیکەی ٥٢ وڵاتی تر، ھەنگاوێک زیاتر لەمەش چوونەتە پێشەوەو مەبەستیانە هەر لەبنەڕەتدا بەهۆی ئەو کامێرایانەی کە بەزیرەکی دەسکرد کاردەکەن و لەھەموو سوچێکی وڵات دایناوە پێشبینی (التنبؤ بالجریمة) روودانی تاوان بکەن.
ئەو کامێرایانە داتاو زانیاری وردمان پێدەدات کەئایا ئەو کەسە لەژێر جلەکانی چەکی شاردووەتەوە؟ یا ئەو کەسە چەندجار ئاوڕی داوەتەوەو چواردەوەری خۆی پشکنیوە؟ ئایا گومانی لێدەکرێت؟ تەنانەت کار لەسەر ئەوە کراوە تائەو رادەیەی هەست و کاردانەوەی تاک دیاری بکات بەڕێژەیەکی زۆر بەچەشنێک بزانین ئەو کەسە لەچ بارودۆخێکی دەروونییە : ئایا تووڕەیە، ترساوە، غەمگینە، شادە، قەلەق و نیگەرانە... ھتد .
هەر بەو هۆیەوە فەڕەنسا لەم دواییانەدا یاسایەکی پەسندکردووە تاکو بتوانێت پاریس بەسیستەمێکی ژیری دەستکرد سازو تەیار بکات و لەو رێگایەوە ئاسایشی یارییەکانی [ئۆلۆمپیاد] بپارێزێ کەبڕیارە ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامبدرێن.
بەدڵنیاییەوە ئەمەش دەبێتە بەربەستێک بۆ پێشگرتن لەڕوودانی تاوان لەلایەن ئەو تۆمەتبارانەی کەئامادەگی تاوانیان هەیە، لایەکی تریش خودی هاووڵاتی کاتێک دەزانێت لەلایەن کامێرایەکی زیرەک بەوردی چاودێری دەکرێت، بێگومان خۆی دەپارێزێ و دووردەکەوێتەوە لەئەنجامدانی تاوان.
چونکە بیردەکاتەوە ئەگەر تاوانێک ئەنجامبدات ئەگەری هەڵاتنی ئەستەمەو قۆڵبەست دەکرێ، لەلایەک، لەلایەکی تریش کە دەستگیربکرێت ناتوانێ درۆبکات و نکوڵی لەتاوانەکەی بکات. بەهۆی بوونی ئامێری پولی گراف (Polygraph) کەتایبەتە بەئاشکراکردنی درۆ لەڕێگای لێکدانەوەی بەرزی فشاری خوێن و خێرابوونی لێدانی دڵ و ئارەقکردنەوە و ......هتد.
ئەڵبەتە واستە کردن و خزمایەتی و بەرتیل بەهیچ کلۆجێک کاریگەری دروست ناکات لەسەر دەرئەنجامی رۆبۆتەکان.
ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە تائێستا بەشێک لەدادگاکان و بنکەکانی پۆلیس و دامەزراوە دادوەرەیەکان لەهەرێمی کوردستان ، نەک هەر بەهرەمەند نەبوونەو کەڵکیان لەزیرەکی دەسکرد وەرنەگرتووە، بەڵکو تەنانەت سود لە(کۆمپیوتەر) نابینن بۆ نووسینی وتەو ئیفادەی لایەنەکانی داوا (قچیە)!
هەروەک سەدساڵ لەمەوبەر بە(قەڵەم) وتەی لایەنەکانی داوا (دادخواز، تۆمەتبار، شاهێد ..) دەنووسن . جاری واهەیە دۆسیە دێتە بەردەم دادگا (دادوەر) ناتوانێ ئیفادەکە بخوێنێتەوەو بەباشی لێی تێبگات.
چونکە ئەوندە بەدەست و خەتێکی ناخۆش و ناشرین کاتی خۆی نووسراوە، تێبینیم کردووە وەک پارێزەرێک لەناو هۆڵی دادبینی هەندێ جار حاکم ئیجتهادی کردووەو بەمەزەندی خۆی لێکدانەوەی بۆ(وشە ناڕوونەکان) کردووە!
یا سەیرتر لەوە؛ هەندێ جار بانگی ئەو کەسەی کردووە کەکاتی خۆی ئیفادەکەی نووسیەوە، کەچی بەداخەوە ئەویش نەیزانیوە چی نووسیوە!!
یەکێک لەسوودە ناوازەکانی ژیری دەستکرد کورتکردنەوەی کاتە، بۆ نموونە هەندێک کات بۆ ئەوەی دادگا لەنێوان لایەنەکانی داوا بڕیارێکی درووست و یاسایی و رێکوپێک بدات، پێویستە دۆسیەک کە لەپێشدا لەنێوان لایەنەکاندا بوونی هەبووە پێداچوونەوەو لێکدانەوەی بۆ بکات داوا دەکات دۆسیەکەی بۆ بێنن، بۆ خۆم تووشی ئەو حاڵەتە بووم و پێویستیم بەدۆسیەکی چەند ساڵی پێشوو بووەو ناچار بووم چەند کاتژمێرو تەنانەت چەند رۆژ لەمەخزەن بۆ دۆزینەوەی دۆسیەکە کات تەرخان بکەم، ئینجا خاوەن شانسی گەر بتوانی بیدۆزیەوە، چونکە دۆسیە هەیە بزر بووە!!
بەڵام ئەگەر دادگا بەئەلیکترۆنی بکرێت، بەیەک کلیک لەنووسینگە یا لەماڵەوە دەتوانی دۆسیەکە بەردەست بخەیت
بیربکەوە بۆ شیکاری هاوکێشەی میرات پێویست ناکات چەند رۆژێک سەرقاڵ بیت، بەڵکو لەڕێگای AI)) تەنها بەچەند خولەکێک ئەتوانی بزانی هەر میراتگرێک چەندی بەردەکەوێ بەپێی ئەو مەزهەبەی کە دیاریت کردووە بۆی.
سەرەرای بوونی چەند ئاڵانگاریەک لەبەردەم زیرەکی دەسکرد بەڵام، هیچ بژاردەیەکی ترمان نیەو دەبێت پێشوازی لێبکەین ، سود نەبینن لەزانست و تەکنەلۆژیا لەدەزگاو دادگاکان بێگومان زیانی زۆر بەپرۆسەی دادگەری و دادپەروری دەگەیەنێ .
راستیەکەی بەشێک لەدادگاو دادنووس و بنکەکانی پۆلیس و بەڵگەو تاوان ...هەنگاوی باشیان ناوەو جێگای تەقدیرە، بەڵام لەئاست ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی وڵاتانی دەرەوە نیە.
هەر بۆیە پێشنیارمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە کە بۆ سوودو بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی رۆتین و هاتنەدی دادپەروەری، دادگاکانمان بەسیستەم و تەکنەلۆژیای سەردەم سازو تەیار بکرێن.