سەیرو سەمەرەکانی هەڵبژاردن
11 مانگ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
دوای ١٠ ساڵ لەدواکەوتن و دواخستن، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لەعێراقدا ئەنجام درا. لەم نووسینەدا رووناکی دەخەمەسەر چەند سەیرو سەمەرەیەکی ئەم هەڵبژاردنە.
یەکەم، دوای ١٠ ساڵ، چاوەڕواندەکرێت کەدۆخەکە زیاتر دیموکراسیی بووبێت، بەڵام پێودانگەکان وەها ناڵێن. بەپێی راپرسییەکان هەرچەندە زیاتر لەشەش هەزار کەس و نزیکەی ٧٠ حزب و هاوپەیمانی سیاسی بەشداردەبن، بەڵام هەموو راپرسییەکان جەخت لەکەمی بەشداریی خەڵک دەکەنەوە. بەگشتی دوو جۆرە لەبایکۆت هەبوو، یەکەم، بایکۆتی لەدەستدانی بڕوا بەوەی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەکایەی سیاسیدا، کەدەکرێت بەبایکۆتی دەروونی پۆلێنی بکەین، دووەمیان بایکۆتی سیاسی، کەزیاتر سەدرییەکانی لەپشتەوەیە. یەکێک لەو ئەفسانە باوانەی کەهەیە گوایە بایکۆتی زۆر دەبێتە مایەی لەدەستدانی شەرعیەت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار دەکات یان هەندێک بڕوایان وەهایە دەستوەردان دەکات. ئەمە قسەی چاخانەکانە.
نە نەبوونی شەرعیەت بەلای نوخبەی حاکمی عێراقەوە کێشەیەو نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەمە دەکاتە پرس. هەبونی ئەفسانەیەکی وەها بەلای خەڵکی عێراقەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە نەیارو رکەبەری دەسەڵاتن، دەرخەری هەژارییەکی زۆرە دەربارەی دۆخی دونیاو رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆخی ئێستای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەمە بەڕاستی سەیرو سەمەرەیە.
دووەم، لە ١٠ ساڵی رابردوودا، رۆڵ و پێگەی ئەنجومەنەکان گۆڕاون. ئێستا ئەنجومەنی پارێزگاو هەڵبژاردنیان، رەنگە دەربارەی زۆر شت بێت بەڵام دەربارەی رۆڵ و ئەرک و کاریگەریی ئەوان نیە. ئەم رەهەندە ئێجگار گرنگە، دەرخەری ئەوەیە کەسیاسەتی عێراقی دەربارەی پۆلەسی نیە. لەکاتێکدا عێراق وڵاتێکە کە بەپرۆسەیەکی ئێجگار خێرای بەشاربووندا دەڕوات و زیاتر لە ٣٠ ملیون عێراقی لەشارەکاندا دەژین و شارەکان پڕن لەکێشەی تایبەت بەخێرایی بەشاربوونیان، نەبوونی خزمەتگوزاریی، نەبوونی پلانی سەردەمیانە بۆ بەڕێوەبردنیان وەک شارو زۆر بواری تری گرنگی وەک پیسی ئاو، هەوا، ژینگە.
ئەم دابڕانەی ئەنجومەنی پارێزگا لەپرسە شارییەکان نیشانەی زەقی ئەوەیە کەهەڵبژاردنەکە پەیوەندی راستەوخۆی بە پرسە سەرەکیەکەیەوە نیەو نوێنەرەکان بەکاری خۆیان هەڵناسن و بەڵکو هەموو ئەجینداو پرۆژەی تایبەت بەخۆیان دەبێت.
ئەم دابڕانە، تەنها سەیرو سەمەرە نیە، بەڵکو دەرخەری ئەوەیە کە ٣١ ملیۆن کەس کەدەبێت لەڕێگای ئەم ئەنجومەنانەوە نوێنەراتی بکرێن، نوێنەرایەتی ناکرێن و هەروەها کێشەکانیان لای ئەوان کێشە نیە. ئەمە لەکاتێکدا کەهەر پارێزگایەک پرسی تایبەتی خۆی هەیەو ناتوانرێت لەڕێگای حکومەتی ناوەندییەوە پلان و مامەڵەی بۆ بکرێت.
سێیەم، یەکێک لەهەرە سەیرو سەمەرەکان، جۆری کاندیدەکانە. وەک ئەحمەد بەشیر لەبەرنامە تایبەتەکانی بەناوی ئێکس، کەسایەتی زۆرێک لەکاندیدەکانی خستە بەرچاو، کەچەندێک نەگونجاون بۆ ئەو بوارە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمجارە بوونی ژمارەیەکی زۆری کاندیدە کەکەسی یەکەمی سیاسییەکانن. ئەم دیاردەیە نوێیە لەم ئاستەدا. لەهەمانکاتدا لەنێو زۆربەی زۆری هێزەکاندا بوونی هەبوو. هەبوونی کەسی خێزانی وەک کاندید، نیشانەی سەرهەڵدانی بە وەرەسەییەکردنی سیاسەتە، نەک تەنها لە ئاستی سەرۆک حزبەکان، بەڵکو لەئاستی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش.
ئەم دیاردەیە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، چونکە تەنها بەبواری سیاسی و نوێنەرایەتیەوە ناوەستێت بەڵکو دەبێتە بنەما بۆ بوارەکانی تری وەک ئیداری، گرێبەست، داهات. بەڵام لەسەرووی ئەمانەوە جۆرێک لەنۆرم دروستدەکات کە سیاسەت تایبەت دەکات. چیدی سیاسەت بوارێکی کراوە نابێت بۆ هەموان بەڵکو بەچەندین شێواز سنوردار دەبێت. لەم روانگەیەوە، بەشداریی کەمی خەڵک بۆ ئەم دیاردەیە بەسودە. چونکە ئەم بنەماڵە سیاسییانە خاوەن ئەو جۆرە پارەیەن کە پێی دەڵێن پارەی سیاسی. ئەم جۆرە پارەیە بەکاردێت بۆ کڕینی دەنگ. هەتا بەشداری کەمتر بێت، ئەوا دەنگی کەمتر پێویستەو توانای بەدەستهێنانی کورسی لەڕێگای کڕینەوە زیاتر دەبێت.
ئەم دیاردەیە کاریگەری تری زۆرە، کەهەوڵدەدەم لەجێگای تردا قسەی لەسەربکەم. ئەگەر جەماوەرێکی زۆری خەڵک نائومێدبوون لەسیاسەت و هەڵبژاردن، لەئەنجامی ئەم نائومێدیەدا پرۆسەکە تایبەت بووە، ئەوا لەگەڵ بەردەوامیدا، هەتا بێت بەربەستی زیاتر لەبەردەمی خەڵکی تردا دروست دەبێت بۆ بەشداریی. لەسەردەمێکدا کە پارەو تەکنەلۆجیا رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لەپرۆسەی سیاسیدا، ئەوا جۆرێک لەئەرستۆکراسیەتی سیاسی دروستدەبێت.
رەنگە ئەم پرۆسەی بەویراسیکردنی کورسی لەم ئاستەدا هێندە دژایەتی نەکرێت، بەڵام ئەوەی چالاکوانانی سیاسی لێی بێئاگان کەچۆن ئەم دیاردەیە رەگ دادەکوتێت و پەل دەهاوێت و ئیتر سەرباری بوونی دیموکراسیش زۆرینەی خەڵک دەکرێنە دەرەوە. لەکاتێکدا هەندێک لێکۆڵەر هەن کە بنەماڵەی سیاسی لەناو کایەی دیموکراسیدا بەقازانج دەبینن، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، وڵاتانی وەک ژاپۆن و ئایرلەنداو هەتا ئاستێکی زۆر ئەمریکا وەک نموونە دەهێننەوە، بەڵام ئەمە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق بەوجۆرە نیە. عێراق کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە وەک رۆڵی عەشیرەت، نەوت، لاوازی ئاگایی سیاسی و بوونی گەندەڵی باڵا، وەها دەکەن تایبەتکردنی سیاسەت خەڵکێکی زۆر بۆ هەمیشە بکاتە دەرەوەی کایەی سیاسی.
چوارهەم سەیرو سەمەرە ململانێی سەدرو چوارچێوەیە. موقتەدا سەدر خۆی خستووەتە دۆخێکەوە جگە لەتوندوتیژی هیچ رزگاری ناکات. لەبەرامبەردا چوارچێوە دۆخەکە بەدەرفەت دەبینن. کاتێک سەدر لەپەرلەمان کشایەوە، خێرا پلان داڕێژرا بۆ کردنەوە دەرەوەی لەکایەی سیاسی بەتەواوی. لەم پێناوەدا یاسای هەڵبژاردن گۆڕا، بە سانتلیگۆیەکی بەرزەوە، جارێکی تر ڕۆڵی حزب و رێکخراوەیی و پارەی هێناوە ناوەوە. بەمجۆرە ئیتار لەهەوڵی ئەودابوو کەسەربەخۆ و تشرینی لاواز بکات، هەروەها ئەگەر سەدریش وەک سەربەخۆ کاندیدی هەبێت لاوازی بکات.
بەمجۆرە ئیتار دەیەوێت سەدر لەپارێزگاکان بکاتە دەرەوە. ئەگەر ئەمە ببێت ئەوا بۆ چەندساڵی داهاتوو ئیتار خاوەن حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی ناوخۆییش دەبن.
دوایین سەیر و سەمەرە لەکەرکوکەوە. کەرکوک وەک هیچ شارێکی تری کوردستان و عێراق نیە، کۆمەڵێک زۆر ئاڵۆزی تایبەتی هەیە. بەڵام کرۆکی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کەرکوک مللانێی نێوان پارتی و یەکێتیە. لای پارتی کێشەی گەورە ئەوەیە ئایا یەکێتی لەکەرکوک دەنگی زۆر دەهێنێت و لەئەنجامدا یەکێتی بەهێز دەبێتەوە، کەپارتی ئەمەی ناوێت، بۆیە پارتی پێی باشە نەوەی نوێ دەنگ بهێنێت نەک یەکێتی.
هەموو ئەم سەیرو سەمەرانە دەرخەری ئەوەن کەهێشتا هەڵبژاردن لەعێراقدا پرسێکی دیموکراسی نیە. بەڵکو دیموکراسی رووداوێکە کەتیایدا وڵات رووبەڕوی کێشەکانی دەبێتەوە، بەڵام لەبری چارەسەرکردنی هەوڵی ئەوەدەدرێت کەچۆن بەلاڕێدا ببرێت و دەستەبژێری حوکمڕان پێگەو پایەیان لەدەست نەدەن. گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن، کاندیدکردنی کەسانی نزیک بەدەسەڵاتداران، بوونی پارەی زۆری سیاسی، میدیاو هێزی چەکداری تایبەت هەموو نیشانەی ئەوەن کەگەرچی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت بەڵام ئەگەری روودانی گۆڕانکاریی کەمترە.