عمری سەید علی و مێژوویەكی ئاڵۆز، پیاوێك لە بێ دەنگی خامۆشتر..
11 مانگ لەمەوپێش
لەدوای كۆچی پڕ كارەساتی (نەوشیروان مستەفا)موە ڕێكخەری گشتی (بزوتنەوەی گۆڕان)، لەسەرەتای دەستبەكاربونیەوە زیاتر لەسێ دەستەی خانەی ڕاپەڕاندن بەجێیان هێشتووە، لەساتی دەستبەكاربوونی ئەم پیاوەوە هەموو جۆرەكانی شكست ڕووبەڕووی گۆڕان بۆتەوەو تا ئێستاش قسەیەك لەسەر هۆكارە سەرەكیەكانی شكستەكان ناكات، هەموو ئەو ستافو دەستە شكستخواردوانەی گۆڕان لەساڵی (٢٠١٨)ەوە هەرچی فاوڵە سیاسی و ئیداریەكانی گۆڕانە هۆكارەكەی بۆ (عمری سەید علی) دەگێڕنەوە، دەستی چەوری هەرچی هەڵەی سەركردەو فیگەرە جیاجیاكانی گۆڕانە بەشان و چاكەتەكەی (عمری سەید علی) ئەسڕن و كەچی ئەم پیاوە هەرگیز وشەیەكی بەرگری نییە بۆ وتن.
میدیای ئێمە تا ئێستا بیریان لەوە نەكردۆتەوە ئەم پیاوە بێننە قسەو ناچاری ڕونكردنەوەو هۆكارە هەمەجۆرەكانی شكستی گۆڕانی یەك یەك پێڕونبكەنەوە، پیاوێك بەگۆچانێك و ئوتومبێلێكی مۆدیل كۆن و خانوێكی هەژار نشین و بەبێ هیچ پاسەوان و درعێكی ئاساییەوە چۆنەبێت هۆكاری ئەم هەموو ماڵوێرانیەبێت؟ پیاوێك هەموو یارو نەیار تا ئێستا نەیانتوانیوە پەڵەیەكی چڵكنی گەندەڵی لەسەر مێژووی بدۆزنەوە چۆنەبێت هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەو هەموو شكستەبێت؟ پیاوێك هێزنییە وشەی (كۆمپانیا، تەندەر، پاڵاوگە، هەر جۆرێك بازرگانی، موڵك و ماڵ و ... هتد) بخاتە پاڵ ناوەكەی چۆنەبێت هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەو هەموو شكستەبێت؟
لەدوای ماندوێتی زیاتر لە (٥٠ ساڵ) خەباتی (عمری سەید علی) و لەدەستدانی بەشێكی جەستەی، ئایا هێزێك هەیە بتوانێت وشەی چێژ (تمتع) لەچركەیەكی هەموو ژیانی ئەم پیاوەیا ببینێت؟ كەواتە بۆ دەبێت هۆكاری یەكەم و كۆتایی دەیان مەلەفی ناشیرینی بەرپرسەكانی گۆڕان ئەم پیاوەبێت؟ بۆ دەبێت و لەپێناوی چی سەبەبی بەقوڕدا چونی گۆڕان ئەم پیاوەبێت؟ خۆ دەبێت ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر گۆڕاندا هاتووە سودێك بەم پیاوە ببەخشن..؟
ئاستی كۆمەڵایەتی ئەم پیاوە بەو تەمەن و دۆخی تەندروستیەوە لەهەموو بەرپرسانی كورد پاكترو جوانترو بەشكۆترە، كام پرسەو ناخۆشی كۆمەڵایەتی هەیە (عمری سەید علی) لەناوەڕاستی خەڵكەكەیدا نەبێت و هاوخەمیان نەبێت؟ گەر لای تۆی (سیاسی، ڕوناكبیر، خاوەنكارو هاوڵاتیەكی ئاسایی) گرنگنییە بەرپرسێكی پایە بەرزی وڵاتەكەت (هاوخەمت بێ، گەندەڵ نەبێ، لكەیەكی خیانەت بەمێژووی نیو سەدەیەوە نەبێ، بازرگان نەبێ، دەست و دەم و داوێن پاك بێ) ئەوا دڵنیابە كێشەیەك لەبیركردنەوەتدایەو پێویستە موراجەعەی ئەفكارو ئاكارەكانت بكەیتەوە، دڵنیابن كۆمەڵگای سیاسی و ئیداری ئێمە، خەڵكی ئێمە بەدەست نەبونی هەموو ئەو ئاكارە بەرزانەوە ئەناڵێنێت كە لە (عمری سەید علیدا هەیەو لەبەرپرسەكانیتردا نییە) دڵنیام مێژوو بەجوانترین هێڵ و بەشكۆوە لەسەر ئەم پیاوە ئەنوسێت.
بەشێك لەو هەڵوێستانەی (عمری سەید علی) كەلە شەش ساڵی ڕابردودا بەخامۆشی تێپەڕیون.
یەك/ لەسەرەتای دەستبەكاربوونی ئەم پیاوەوە تا ساتی نوسینی ئەم بابەتە (عمری سەید علی) لەسەر كورسی ڕێكخەری كۆچكردوو (كاك نەوشیروان) دانەنیشتووە، ئەمە وەك لوتكەی وەفاداری بەرامبەر ژیان و خەبات و هاوڕێیەتی لەگەڵ (نەوشیروان مستەفا)، نزیكایەتی و ئاستی پەیوەندی متمانەی نێوان ئەم پیاوەو نەوشیروان مستەفا
دوو/ هەڵبژاردنە شكستخواردوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ویستی (عمری سەید علی) نەبووەو بە ئاشكرا وتوێتی با لەلیستی هاوبەشا نەبین (بیبەینەوەو بیدۆڕێنین با هەر خۆمانبین)، دواتر ناچاری بڕیاری دەستە جەمعی خانەو جڤاتی نیشتمانی بووە.
سێ/ بەدرێژای ساڵ زیاتر قسەی لەگەڵ (سێ لەچوار وەزیرەكەی گۆڕان)دا نییە، هەموو جۆرە دیدارو پەیوەندیەكی لەگەڵیاندا ڕەتكردۆتەوە، كە دنیایەك هۆكاری لەپشتە، لەسەروی هەمویانەوە ئاستی ژیان و بژێوی خەڵك.
چوار/ زیاتر لە پێنج جار چۆتە ماڵی (كاك عوسمانی حاجی مەحمود) پێیوتوە ببێتە ڕێكخەری گۆڕان و ئەمیش وەك هەمیشە هەركارێكی پێبسپێرن قبوڵیەتی و هاوكارو پشتیوانیەبێت.
پێنج/ هەم لەڕابردوو هەم ئێستاش خوازیاری ڕێكخەری بزوتنەوەكە نەبووەو جارەكانی پێشویش ڕەتیكردۆتەوە، بەپێی زانیاریەكانی من، بۆ خولی یەكەمی ڕێكخەری قەناعەت بە (محمد تۆفیق ڕحیم) دەكات ببێتە ڕێكخەری گشتی، بەڵام كوڕەكانی كاك نەوشیروان قبوڵی ناكەن و بەناوی كاك نەوشیروانەوە ناچاریەكەن ببێتە ڕێكخەری بزوتنەوەكە.
شەش/ خولی دووەمی ڕێكخەری بەهەموو جۆرێك ڕەتدەكاتەوە، تا دواجار (مستەفای سەید قادر) فۆڕمی ڕێكخەری وەردەگرێت و بەناوی (عمری سەید علی) پڕی دەكاتەوەو ئیمزای دەكات.
حەوت/ دەیان موچەخۆری باڵا لەسەر حسابی گۆڕان لە (٢٠١٨)ەوە توانج و تشهیری بەخۆی و گۆڕانەكەن ئێستایش خەریكی دروستكردنی لیست و پەرت كردنی زیاتری گۆڕانن كەچی ئاكاری هاوڕێیەتی ڕابردووی ڕێنادات ڕۆژێك قسەیەكیان لەسەر بكات.
هەشت/ ئەم پیاوە تا ئێستاش بەرپرسیارێتی هەموو شكست و هەڵەكانی گۆڕانی هەڵگرتووەو نەحاشا لەشكست و هەڵەكان دەكات نەقسە لەسەر هاوڕێكانی.
نۆ/ هەرگیز (عمری سەید علی) لەسەروی میوانێكیەوە دانەنیشتووە، هەرگیز چێژی پشتی مێزی تاقی نەكردۆتەوە.
دە/ دواجار (كاك عوسمانی حاجی مەحمود) دەڵێت: كاك عمر ڕاستگۆترین پیاوە لەهاوكێشەی سەرپێخستنەوەی گۆڕان و بەجدی و لەهەموو ئەوانەی داوای گەڕانەوە بۆ ناو گۆڕانیان لێكردووم ڕاستگۆترو دڵسۆزتربووە.
تب ١: میدیاو ڕوناكبیرانی ئەم وڵاتە هەڵەئەكەن بهێڵن (عمری سەید علی) بەو هەموو بێدەنگی و خامۆشیە بمێنێتەوە، ئیشە ڕاستەكە ئەوەیە بەقسەی بێنن.
تب٢: كاتێك پرسیاری مێژووی خەبات و تێكۆشان لەم پیاوە دەكەیت، ڕون پێتدەڵێت: نەتیجەی شۆڕشەكەمان ئەوەنە جوان نییە تا بەخەڵكی بفرۆشینەوەو باسی بكەین.