باشوری عیراق، سەر زەمینێكی دیكە..
10 مانگ لەمەوپێش
سەرتیپ جەوهەر- بەشی یەكەم
رێككەوتێكی سەیرە دوو ساڵە لە 3ی كانونی دووەم سەردانی باشوری عیراق دەكەم و لە6ی مانگ دەگەڕێمەوە كوردستان. پار لە 3ی مانگ چوومە بەسرەو ئەمساڵیش لەگەڵ ژمارەیەك هاوڕێ بەسەردانێكی چەند رۆژی چوومە نەجەف و كەربەلا.
لەهەریەك لەو سەردانانە تێبینی نوێم لەبارەی ژیان و واقعی سیاسی و ژیانی ئەو ناوچانەم تۆماركرد كە بۆهەموومان گرنگە بەووردی ئەو تێبینی و سەرنجانە بزانین. هەوڵدەدەم هەریەكەیان بەجیا بەزنجیرەیەك نوسین خەمە ڕوو.
ئەوەی زۆر گرنگە بیزانین، لەهەردوو سەفەرەكە هەستم بە دابڕانێكی زۆرو بۆشاییەكی ئێجگار گەروە كرد لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عیراق بەتایبەتیش ناوەڕاست و باشور. هاوڵاتیانی باشور، دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیر بەجۆرێكی دیكە دەڕواننە هەرێمی كوردستان. بەشێكیان شارەزای كوردستان نین و لەشاشەی میدیاكانەوە كوردستان دەبینن، بەشەكەی دیكەشیان سەردانی كوردستانیان كردووە، بەڵام زۆرینەیان ئەزموونێكی تاڵیان لەگەڵ سەردانەكان هەیە.
بەر لەهەموو شتێك جیاوازیی هەیە لەنێوان ناوچەكانی عیراق لەروانین بۆ كورد بەشێوەیەكی گشتیی.
سەردانی یەكەم لە 3ی مانگی یەكەمی 2023 بوو. لەهەولێرەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكە بەئۆتۆمۆبیل سەردانی بەسرە-مان كرد. رێگایەكی دوور، ماندوو بونێكی زۆری دەوێت.
رۆژی دواتر، ئێوارەكەی بەجلی كوردیەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەك لەكۆرنیشی بەسرە پیاسەمان دەكرد، لەپڕ گەنجێكی تازە پێگەیشتوو دوای سڵاوكردن گوتی ئێوە عیراقین؟ منیش گوتم بەڵێ عیراقیم و كوردم.
پرسیاری ئەم گەنجە سەرنجی بۆ ئەو راستیە راكێشام كە لێكدابڕانێكی سەیر لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق هەیە، ئەمە وایكردووە خەڵكی باشور زمانی كوردی و سیمای كوردستانیی نەناسنەوە. چونكە ئەگەر لەزمانی من تێنەدەگەیشت، بەڵام خۆ دەبوو بەجلەكانم بزانێت من كوردم!
پیاسەی ئەو ئێوارەیە زۆر تێبینی و سەرنجی بۆ دروستكردم. پیرەژنێكی شارستان، لەچكێكی سپی توندی بەستبوو، زەمبیلەیەكی بەدەستەوەبوو بەگورگەلۆقە دەرۆِیشت، كە چاوی بەمن كەوت گوتی "الله الاكراد جایین!" واتە "ئەی خودایە كورد هاتوون!" وەك ئەوەی چەندین ساڵ بێت كورد نەبینی بێت و كورد نەهاتبنە بەسرە!
ئەوەم بینی تێگەیشتم كە بەڕاستی دابڕانێكی زۆر گەورە لەنێوان ناوچەكانی عیراق هەیە. ئەم دابڕانە پەیوەندی بەهەردوولاوە هەیە، چ هاوڵاتیانی كوردستان ناچنە باشورو چ هاوڵاتیانی ناوچەكانی باشور زۆر كەم روو لە كوردستان دەكەن.
كۆڕنیشی بەسرە یان شەتتی عەرەب زۆر دوورو درێژ نییە، نزیكەی 4 كیلۆمەترێك دەبێت. هەرچەندە چلەی زستان بوو ئێمە لەوێ بوین، بەڵام ئەوێ گەرم نییە. ماوەی یەك دووساڵە ئاوەدانیەكی زۆر لەوناوە هەیەو خەڵكی ئەو شارە ئێواران دێنە وێندەر بۆ پیاسەو كات بەسەربردن.
من یەكەمجارم بوو بەسرە ببینم، چەند سەعاتێك لەو كەنارە ماینەوەو بەدەم پیاسەوە ئەو ناوە گەڕاین. بەهۆی گەمەی كۆتایی خولی كەنداو لەنێوان عیراق و عومان، كۆڕنیش زۆر قەرەبالغتربوو لە رۆژانی دیكە. لەو ماوە كەمە، دەیان كەس وێنەیان لەگەڵ گرتین، تەنها لەبەر ئەوەی جلی كوردیم لەبەربوو. هەر لەو ماوەیە زیاتر زیاتر لە 10 كەس دوای بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین، تكایان دەكرد شەو میوانداریمان بكەن و لەلایان بمێنینەوە!
بەڕاستی ئێمە زۆر خۆشحاڵ بوین كە دەبینین خەڵكی بەسرە، دانیشتوانی شارێكی دیكەی عیراقیی، ئەوەندە لەخۆبردوو، میواندۆست، بەلوتف بوون. بەبێ ئەوەی بمانناسن تكای مانەوەو میواندارییان لێدەكردین!
لەنێو ئەوكەسانەی كە تكای میوانداریان لێكردین دوو دیمەنی زۆر سەرنجڕاكێشم بینی. یەكەمیان ژن و پیاوێكی گەنج كە پێدەچوو تازە هاوسەرگیریان كردبێت، دەستی یەكتریان گرتبوو، دوای سڵاوكردن و بەخێرهێنان، پیاوەكە تكای لێكردین میوانداریمان بكەن و لەلایان بمێنینەوە! ئەویدیكەیان كوڕێكی گەنجی تازە پێگەیشتووبوو تەمەنی هەر لەنێوان 15 بۆ 16 ساڵان دەبوو، گوتی ئێوە كوردن؟ گوتم بەڵێ. دوای بەخێر هێنان و خۆشحاڵبوون، گوتی تكا دەكەم ئێوە لێرە میوانن، حەزدەكەم ئەمشەو بێنەوە بۆ ماڵی ئێمەو میوانداریتان بكەین؟!
ئەوەی لەبەسرە بینیم، پێموانیە لەشوێنێكی دیكە هەبێت. خەڵكی ئەو شارە زۆر میواندۆستن. هەر لەوشارە دەیان دیوەخان و مێوانخانەی شێخ و پیاوماقولان هەیە كە خەڵكی لایدەو موسافیر شەوان لێی دەمێننەوەو ناچنە هوتێل.
بەسرە بۆ هەرێمی كوردستان نزیكەی 800 بؤ 850 كیلۆمەترە، بەئۆتۆمۆبیل لانیكەم 10 سەعات دوورە! بۆیە سەفەركردن بۆ كوردستان ماندووبونێكی زۆرو كاتێكی زۆری دەوێت. ئەمە یەكێكە لەهۆكارە هەرە سەرەكییەكان. لەگەڵ ئەو دووریەو زەحمەتیەی رێگا، خەڵكی ناوچەكانی باشور بەڕێژەیەكی كەم دێنە هەرێم بۆ پیاسەو كات بەسەر بردن، بەڵام خەڵك لەكوردستانەوە زۆر دەگمەن سەردانی بەسرە دەكەن، ئەمەش رەنگە لەبەر دوو هۆكار بێت یەكەمیان كەشوهەوای ئەو ناوچانە زۆر گەرمە، لەساڵێكدا مەگەر تەنها دوو مانگ كەڵكی ئەوەی هەبێت سەردان بكەیت، ئەویدیكەیان ئەو ناوچانە پەراوێزخراون و هیچ پرۆژەیەكی گەشتیاریی یان هۆكارێكی دیكە نییە خەڵكی كوردستان سەردانیان بكات.