مێژووی داهاتوو

10 مانگ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

گەڕانەوە بۆ شلی زۆرینەی ئەو خەڵکانەی کە لەدونیای ئێمەدا دەژین خەڵکی سەردەمی ئەمریکین. ئەمە بەمانای ئەوەی خەڵکی سەردەمێکی تایبەتن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، کەگۆی زەوی تاکە زلهێزێک بەڕێوەی دەبرد. هەرگیز لەمێژووی مرۆڤایەتیدا شتی وەها رووینەدابوو. ئێستا ئێمە لەسەرەتاکانی کۆتایی ئەم سەردەمەداین.  ئەم سەردەمەی کەدێت، هێشتا جوت جەمسەریی یان فرە جەمسەریی نیە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ دروستکردنی رێگریی لەبەردەم تاک جەمسەریدا. هۆکاری ئەمە تەنها سەرهەڵدانی هێزی تر یان ئایدۆلۆژیای ترنیە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی گۆڕانی ئەمریکا خۆیەتی لەناوەوە. ئیان برێمەر وەک یەکێک لەکاریگەرترین راڤەکەرانی ریسک و جیوپۆلەتیک وەهای دەبینێت یەکێک لەمەترسیەکانی ئەمساڵ ئەمریکا دژ بەخۆیەتی، چونکە لەسەدو پەنجا ساڵی رابوردودا ئەمریکا وەها پەرت و دژ بەخۆی نەبووە.

سەرقاڵبونی ئەمریکا بەخۆیەوە، پەرتبوونی لەنێوان هێزی دیموکراسیی، شارنشینی، خاوەن بڕوانامەی جیهانگەرادا، لەبەرامبەر خەڵکانێکی زۆر کەهەست دەکەن سودمەندنەبوون لەم سیستەمەو دژینی. هەروەها کاریگەری دیموگرافیاو گۆڕینی ژینگەی کەلتوری ئەمریکا. بیست ساڵ لەمەوپێش سەمۆئێل هەنتنگتۆن لەکتێبی ئێمە کێین و پرسی کۆچبەر باسی لێوەکرد.

ئەمریکا سەرقاڵە بەخۆیەوە، هەروەها کشانەوەی ئەمریکا لەگرتنەبەری بەرپرسیارێتی ئازادی لەدونیادا، مەبەستم، ئازادی هاتوچۆو کاڵاو زانیاری و شمەکە، دۆخێک دێنێتە ئاراوە کەجوڵە چیدی ئاسان نەبێت یان تێچوونی زۆر بێت، وەک لەئێستای دەریای سوردا دەیبینین.

دەکرێت لەدۆخێکی وەها باس لەسەردەمی پاش ئەمریکا بکەین. لەسەردەمێکی وەهادا ئەمریکا سەرقاڵی دونیاو هاوشێوەکردنی دونیاو هەناردەکردنی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و ئەم بەهایانە نیە، بەڵکو لەهەوڵی ئەوەدایە چۆن دۆستەکانی رابگرێت لەپێناو هاوسەنگکردن و رکەبەری نەیارەکانی.

 ئەم دۆخە وەک جەنگی ساردی لێدێتەوە. ساڵانێکی پێشتر، بیرمەندی ریالیستی ناسراو جۆن مێرشمایەر پێی گوتین کەئەمریکا تەنها لەسەردەمی تاک جەمسەریدا لیبرال دەبێت و هەوڵی تەشەنەی لیبرالیزم دەدات لەدونیادا. هەرکاتێک ئەمریکا رکەبەری بۆ پەیدابوو، ئەوا بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاوسەنگی هێزو گوێ بە بەهاو خەسڵەتی هاوەڵەکانی نادات.

لەسەردەمی ئەمریکادا، کەمینەکان، دەزگاکان، هێزە نادەوڵەتیەکان، رێکخراوەکان مافی مرۆڤ دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا کە لەدونیای دەوڵەتدا، لەهەناو سیستەمی دەوڵەتدا بواریان بۆ بڕەخسێت، فشار بکەن، ئامادەیی و کاریگەرییان هەبێت، بەڵام هەموو ئەمانە، ئەگەر کۆتاییشیان نەیەت، بەتەواوی لاواز دەبن.

سەروەریی دەبێتە چەمکێکی کاریگەر. چەمکی سەروەریی لەدوو دەیەی رابوردودا لەڕۆژئاوا، بەتایبەتی لای بیرمەندانی چەپی پۆستمۆدێرن وەک درێدا، ئەگامبین و فۆکۆ رووبەڕووی رەخنەی جەرگبڕ بووەوە. لای ئەوان سەروەر کە پادشا یان دەوڵەت بێت، نابێت مافی ژیان و مەرگی خەڵکەکانی هەبێت، یان مافی ئەوەی هەبێت کەباری عورفی رابگەیەنێت. بەڵام سەروەری لەسەردەمی پاش ئەمریکادا چەند مانایەکی جیاواز وەردەگرێت.

یەکەم، هەر وڵاتێک سەروەریی نەمێنێت، ئەوا ئەوانیتر کوشتنی خەڵکەکانی سەر بەو وڵاتە بێ سەروەرانە بەکارێکی ئاسایی و بێکێشە لەقەڵەم دەدەن. هەروەها لەمیانەی کێشەکانیاندا بەکوشتیان دەدەن، وەک مرۆڤی بێ ماف یان بێ دادکۆکیکەر. بۆ نموونە، وەک قەیس خەزعەلی گوتی، ئەمریکاییەکان ئێرانیەکان ناکوژن، هەروەها ئێرانیەکانیش ئەمریکیەکان ناکوژن. بەڵام هەردولا عێراقیەکان دەکوژن. ئەم درک پێکردنەی قەیس لەبینین و واقیعەوەیە، ئەگینا ئەو هێندە خاوەن عەقڵ و ئاگایی نیە. ئەم دۆخە بۆ سوری و یەمەنی و لوبنانی و کوردو ئەوانیتریش راستە. بەم پێیە لەسەردەمی پاش ئەمریکادا، مرۆڤی بێدەوڵەت، مرۆڤێک دەبێت بەکاردەهێنرێت وەک زەخیرەیەک بۆ شەڕی وڵاتانی خاوەن سەروەر. لەڕاستیدا سەروەری مانای تری زۆر وەردەگرێت لەمانا تەقلیدیەکەی. لەپاش ئەمریکا چەمکی سەروەری وەک چەمکێکی دژ بەدیموکراسی بەکاردێت. بۆ نمونە، لەسەردەمی ئەمریکیدا، دەستوەردان و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی بەشێک بوو لەجیهانگەریی، بەڵام سەروەریی لەلایەن وڵاتانی دژ بەدیموکراسیەوە بەکاردێت بۆ دروستکردنی بەهانە بەوەی زلهێزەکان مافیان نەبێت دەستوەردان بکەن. ئەمڕۆ هەموو قسەکەرێک لەعێراق ئەوە خراوەتەسەر زمانی کەباس لەسەروەریی بکات، دیارە بەبێ بوونی ئاگاییەکی ئەوتۆ بەمانا و پاشخان و رەهەندەکانی ئەم چەمکە. سەروەریی لەڕەهەندێکی تریدا، مانای دژ بەسەروەریی لیبرالە. سەروەری لەپاش ئەمریکا یانی بوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خەڵکی ناو تیرەتۆری خۆیدا، هەتا ئاستی قەتڵوعام و کوشتن. چین داکۆکیکەری ئەم تێزەیە. دەوڵەتی چینی بەتێکەڵەیەک لەکەلتوری دژەمرۆڤی و هەروەها لەهەوڵێک بۆ رێگریی دەستوەردان، ماف بەدەوڵەت دەدات کە بەبێ هیچ رێگرییەک وەک پێداویستیەکی مانەوە بەملیۆنان لەهاووڵاتیانی بکوژێت. ئەمە بەزەقی لەپەیوەندی چین و سوریادا دەیبینین. دوا سەردانی بەشار ئەسەد بۆ چین، دەرخەری ئەوەبوو کە چین زۆر بێباکە بەرامبەر کوشتنەکانی ئەسەد بۆ خەڵکەکەی. رەهەندێکی تری گرنگی دۆخی پاش ئەمریکایی، کۆتایی هاوکاریی ئەمریکا بۆ بونیادنان و گۆڕانکاریی. لەپاش هەردوو هەوڵی بونیادی دەوڵەت و نەتەوە لەعێراق و ئەفغانستان، ئەمریکا گەیشتە ئەو باوەرەی کەبونیادنانی دەوڵەت و نەتەوە لەم کۆمەڵگایانەدا مەحاڵە. لەوڵاتێکی وەک عێراقدا ئەمریکا بەملیار دۆلاری لەبواری کۆمەڵگای مەدەنی، میدیا، هێز، دەزگادا بەفیڕۆدا. پرۆسەکە پڕ پڕبوو لەهەڵە، بۆیە شکست و مایەپوچی دەرئەنجامی بوو. هەڵەیەکی زەق ئەمریکاییەکان دەیکەن، ئەویش لەمامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو لایەن و کەسانەی کە لەناوخۆدان. کێن ئەوانەی ئەمریکاییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن؟ بەزۆری خەڵکی بێکاریگەرو بێتوانان. بەڵام کۆتاییهێنانی ئەمریکا بۆ هەوڵی گۆڕین و بونیادنان یەکێک دەبێت لەقوربانییەکانی کۆتایی سەردەمی تاک جەمسەریی. لەدۆخێکی وەهادا جێگرەوەی ئەم هێزانە ئەو لایەن و هێزانە دەبن کەئەجیندای تریان هەیە. ئەوەی بۆ ئێمە سەختە ئەوەیە کە لەکاتێکدا نەمانتوانی سودمەندبین لەهەوڵەکانی بونیادنانی دەزگاو کۆمەڵگا و پێداویستیەکانی تری حوکمڕانی، لە هەمانکاتدا، ڕەوتێکی بەهێزی دژایەتیکردنی بونی هەیە. پاش ئەمریکا دونیا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئاساییەکەی جارانی، دۆخی شلی و ناسەقامگیر. لەم دۆخەدا، ئەوەی وەک جاران نیە، تواناو ئامرازەکانە. گەشەی تەکنەلۆجی کاتێک بۆ پەرتکردن و وێرانکردن و لاوازکردن و زاڵبون بەکاردێت زۆر کاریگەرە. لەدۆخێکی وەهادا جوداکردنەوەی باش و خراپ، بینینی هەموو ئاڵۆزییەکان، بەرژەوەندییە تایبەتەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان هەموو تێکەڵ دەبێت. لەدۆخی کورددا دۆخەکە بەجۆرێکی زێدە ئاڵۆزە. کورد کەمێک هاتە ناو دونیاوە لەساڵانی ڕابوردودا، دەستی بەسەرەتاکانی مەعریفە کەوت. ئێستا ئەم نیمچە مەعریفەیە، زیانی زۆرترە لەسودی. ئێستا هێزو کەسایەتی و لایەنەکان زۆر باش دەزانن چۆن فریوبدەن، چۆن ئاراستە بکەن، چۆن پرسی فەیک دروست بکەن. لەکاتێکدا کۆمەڵگایەکی ماندوو تواناو پشوودرێژی ئەوەی نیە کەبتوانێت خۆی بونیاد بنێت یان بەرگریی بکات. جەنگی سارد بۆ کورد خراپ بوو، بەڵام کورد وەک کۆمەڵگاو کەسایەتی و بونیادەکانی تیایدا بەشدار نەبوو. ئێستا کورد بەهەموو بوارەکانی ناچارانە رووتە لەدونیادا.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار