هێزێکی زۆری ئۆپراسیۆن بەچەکی قورسەوە چواردەوری ماڵی کوێخا دێرينیان داوە

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزێکی زۆری ئۆپراسیۆن ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڕەکی کەنەکەوەی سلێمانی چواردەوری ماڵی کوێخا دێرین عوزێریانداوە، کە خۆی وەك فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتی دەناسێنێت و بە گوێرەی زانیارییەکان دەستگیراوە بەسەر ماڵەکەیدا.

پەیامنێری هاوڵاتی لە سلێمانی رایگەیاند: ھێزی ئۆپراسیۆن لە گەڕەکی کەنەکەوەی سنوری شاری سلێمانی، بە فەرمانی دادوەربە مەبەستی دەستگیرکردنی  چوونەتە ماڵی کوێخا دێرین و دەستگیراوە بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوە و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی لەلایەن ئەو فەرماندەیەوە دروستکرابوو.

وتیشی، لە ئێستادا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دەستگیرکردنی نییە و زانیاری جیاواز دەدرێت هاوکات لایەنە فەرمییەکانیش هیج زانیارییەکیان سەبارەت بە خۆشاردنەوە یان دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئاسایشی سلێمانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیە ڕایگەیاند،" پاش ئەوەی کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی 29 لەسەر 30ـی 1ـی 2024، لە گۆڕەپانی ئۆتۆمبێلی بەردەم (یانەی کۆمەڵایەتی سلێمانی) تەقە لە هاوڵاتی "ئەحمەد کامیل فەقێ" سەرمایەدار کرا و بەهۆیەوە بریندارکرا،دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت ، تۆمەتباری سەرەکی و تەقەکەر "ئەحمەد عەبدولرەزاق عەلی" دەستگیرکرا."

هاوکات ‏‎"دوای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناو و دەرکەوت تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی (ئومێد کەمال) هاوکاری کردووە کە هاوپیشەیەتی و هەردووکیان پێشمەرگەن لەلای ( دێرین ئەحمەد محەمەد) ناسراوە بە (کوێخا دێرین)، بە بڕیاری ناوبراو تاوانەکەیان کردووە."

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیشدا هاتووە کە، " ‏‎ئێستا، کوێخا دێرین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە بە پێی مادەی 405 - 31ـی لە یاسای سزادانی عیراقی کێشەکەشی لەسەر داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەبووە لە سەرمایەدارێکی سلێمانی ."

ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە،"هەر لەو چوارچێوەیەدا دادوەر بڕیاریدا دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوزارەوەی تۆمەتبار دێرین ئەحمەد و رووخاندنی سەرجەم ئەو ماڵ و شوێنانەی کە بە زیادەڕۆیی کرابوونە سەر موڵکی گشتی."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار