سەرۆک کۆماریتان باش!
6 ساڵ لەمەوپێش
سلێمان عەبدوڵا یونس
داوجار ھەموو بەستەڵەکەکان توانەوەو پایزی یەکێتی و کوردایەتی و عێراق بوو بە بەھاری بوژانەوەو یەک ڕۆژ بەر لەساڵیادی کۆچی بەئازاری مامی مەزنی کوردستان، لەھەنگاوێکی دەستەجەمعیدا ھەڵگرانی مەشخەڵانی ڕێبازەکەی بەسەرخستنی دکتۆر بەرھەم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەریانخست ھەموان پێکەوە شاگردی شایستەو وەفاداری چەپکەگوڵەکەى ئەون.
وێڕای پێداگری و ڕکابەری چاوەڕواننەکراوی ھاوپەیمانە ستراتیژیەکەی بەڵام سوربونی سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر بەربژێرکردنی دکتۆر بەرھەم ھەتا سەرخستنی، سەرەتای بەگەرخستەوەی ئیرادەو پێشەنگایەتی یەکێتییە، لەم وێستگە مێژووییەدا، بەتایبەت کەیەکێتی وەک چوارچێوەیەکی زێڕین، بەرنامەیەتی بۆئەوەی سەردەمی دابەشکاری ڕەت بدات و ماڵە گەورەکە، وەک چەتری ھاوبەش بۆ سیاسەت و کوردایەتی نۆژەن بکاتەوەو سەرەتاکەشی بەگەڕانەوەی دکتۆر بەرھەم و ھاوڕێکانی دەستپێکردوە.
سەرکەوتنی یەکێتی لە بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەدەرەوەی پشکخوازی و دابەشکاری و ڕێکەوتنی ستراتیژی، بەتایبەت دوای ئەوەی کە بەھۆی ھەژموونی پارتیەوە، پارسەنگی ھێزو حوکمڕانی و ئابوری کوردستان بەتەواوەتی لاسەنگ بوو، دەبێت بەدەسپێکی ڕاچەنین و ڕابون و گەشانەوەو بوژانەوەی ئەم قەڵەمڕەوە، کە مودەتێکە بەدەست کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆیی و بێدادی و نابەرابەری لەسۆنگەی نالەباری و زوڵمی ھاوپەیمانێتیە دوو قۆڵیەکانەوە گیرۆدەیە.
سەرخستنی دکۆر بەرھەم زیاد لەمانایەکی حزبی و زیاد لەمانایەکی سیاسی و زیاد لەمانایەکی دیموکراسی ھەیە لەسەردەمی تەوافوقسازی و دابەشکاری و پشکخوازی ڕەھادا، چونکە ئەوە سەرکەوتنی دیموکراسی و ئیرادەخوازیە چون ئەو ئیرادەیەی لەسەردەمی شۆڕشی نوێ و لەسەردەمی دامەزراندنی یەکێتی و ڕاپەڕین و دروسکردنی ئەزمونە کوردیەکەدا مام جەلال و ھاوڕێکانی دەستەبەریان کرد . سەرخستن و سەرکەوتنی یەکێتی خۆیەتی.
سەرکەوتنی بوێری قەڵەمڕەوە سەوزەکەیە کەبەغەدر ڕۆڵی شایستە بەخۆی لێ زەوتکرابوو، بەتایبەت کەدەزانین ئەو سەرکەوتنەی یەکێتی لەبەغدا ھاوشانی سەرکەوتنە بەرچاوەکەیەتی لەسەرانسەری کوردستان لەھەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی ھەرێمدا. یەکێتی لەبەغداوەو بەسەرکەوتنی دکتۆر بەرھەم جاڕی پێشەنگایەتی خۆی و بوژانەوەی قەڵەمڕەوەکەو ھەستانەوەی کوردستانی بەقازانجی گەلەکەی دا.