عەشیرەتی زێباری: لەماوەی کەمتر لە 20 رۆژدا چوار کەس لەعەشیرەتەکەمان بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە شەهیدبوون
.jpeg)
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موختارێکی عەشیرەتی زێباری لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا چوار کەس لە عەشیرەتەکەیان بەهۆی هێرشی فرۆکەکانی تورکیاوە گیانیانلەدەستداوە.
موشیر خدر زێباری، موختارێکی عەشیرەتی زێباری ئەمڕۆ دووشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە کە بۆ هاوڵاتی نێردراوە تیایدا داوای هەڵوێست دەکات بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئاکرێ و دەوروبەری و دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا لە سنوری ئاکرێ و ناحیەی شیلادزێ چوار کەس لە عەشیرەتەکەیان بە دەستی تورکیا شەهیدکراون.
دەشڵێت، "سەرەڕای شەهیدبونی ئەو هاوڵاتییانە کە سەرجەمیان کوردن و خێزاندارن هیچ کەس و لایەنێک لەسەر کوشتنیان نەهاتۆتە دەنگ"
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم موختارە؛
رۆژی 20 مانگی شوبات بەهۆی بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا لەگوندی کافیا سەر بەناحیەی دینارتە، دوو کەس لەعەشیرەتی زێباری بە ناوەکانی عارف تەها تەمەن 61 ساڵ،بەشیر عومەر عەلی تەمەن 68 ساڵ شەهید کراون.
ڕۆژی 8 ی ئەم مانگە لەئەنجامی بۆردومانی تورکیا لەگوندی دێوکێ سەر بەناحیەی شیلادزێ ، دوو کەس لەعەشیرەتی زێباری بەناوەکانی سەعید موبارەک تەمەن 41 ساڵ،ئاراز فەرج تەمەن 29 ساڵ شەهیدکراون.
لە کۆتایشدا ئەو موختارە ڕایگەیاند،ئێمە ئومێدمان بە ڕیش سپی و پیاوانی عەشیرەتەکە ئەوەیە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بووەستننەوە و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و چالاکیی و ڕێپێوان ئەنجام بدەن.
