شیروان میرزا: ئەو پارەیەی کە بەغدا ناردوویەتی ئەگەر مووچەی پێ دابەشنەکرێت، لەوانەیە عێراق بلۆکی بکات یان بیکشێنێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو پارەی عێراق ناردووەیەتی دابەشنەکرێت بەغدا دەتوانێت بلۆکی بکات.
شیروان میرزا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، لەئێستاشدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەشێکی بەرپرسیارێتی خستووەتە سەر شانی حکومەتی عێراق بە (تەمویل-پارەدارکردنی) هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەناوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی دەکرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بەڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا خۆی وتویەتی ٣٣٠ ملیارە، هی مانگی دووش حساب بکەین کە لەنیوەی مانگی سێ رۆیشت، لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان هەمووی بیست ملیارێکی جیاوازی هەیە دەکرا حکومەتی هەرێم پڕی بکردایەتەوە و مووچەی دابەش بکردایە بەم رەمەزانە".
وتوشیەتی "ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی بە لیست و ناوی وەزارەتەکان هاتووە، دەستبەسەرداگرتن و دابەشنەکردنی جۆرێکە لە یاسا شکێنی و تێکدانی پەیوەندییەکان، لەڕاستیدا ئەگەر هەر بۆ مووچە دابەش نەکرێت، ئەوا لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی خۆیەتی، لەوانەیە بلۆکی بکات، یا سەحبی بکاتەوە، یاخود بڕیار بدات کە هیچ کەس بۆی نییە دەستکاری بکات".
