سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌: ڕەنگە پارتی ڕێگە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەولێر و دهۆک نەدات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئه‌ندامێكی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ر پارتی بایكۆت بكات و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كات، پێناچێت ڕێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك بدات.

سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌، ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامی وه‌فدی حزبه‌كه‌ی بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "وه‌فدی پارتی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ باسی ڕێگریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرد، به‌ڵام گه‌ر به‌شداری نه‌كه‌ن، پێموایه‌ ناهێڵن هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام بدرێت".

وتیشی، "پێموانیە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت کاریگەری خراپی دەبێت و دام و دەزگاکانی هەرێم دەکەونە بۆشایی دەستورییەوە."

ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت، دوای ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو حیزبە کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2024، وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی  لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە.

سەفین مەلا قەرە، کە بەشداری کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕانی کردبوو باسی لەوەشکرد کە،"پارتی هیچ داواکارییەکیان نەبوو، ڕوونکردنەوەیان دا لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن، وتیان ئێمە هەڵبژاردنی پاک و بێگەردمان دەوێت و گومانمان هەیە لەوەی هەڵبژاردنە پاک بێت."

هاوکات سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی ڕێگریکردندا لە هەڵبژاردن تا چەند ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت،"پێناچێت هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت گەر لە هەولێر و دهۆک نەکرێت، بەڵام گەر پارتی ڕێگری بکات عێراق و دادگا هەڵوێست وەردەگرن."

ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاری کشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان دوای بریارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، شێوازی هه‌ڵبژاردنی له‌ یه‌ك بازنه‌ییه‌وه‌ بۆ چوار بازنه‌یی گۆڕی و 11 كورسی پێكهاته‌كانی لابردو ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی له‌ 111 كورسییه‌وه‌ بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار