هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی داوای لە کوردانى هەر چوار پارچەی کوردستان کرد یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بانگی لە کوردانى هەر چوار بەشی کوردستان کردو یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن، دەشڵێت: "ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە".
ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە درووشـمی “ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە” ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و نەورۆزی لە سەدان هەزار ئامادەبوو پیرۆزکرد.
باقرخان لە وتارەکەیدا پەیامێکی ئاڕاستەی تورکیا کرد و وتی ،" ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە."
وتیشی: "باشترە گوێ لە داخوازی ئەو ملیۆنان کەسە بگرن. پێتان دەڵێین، لەبری شەڕ، چارەسەر هەڵبژێرن، ئەگەر ناونیشانی چارەسەرتان دەوێت، زۆر نزیکە، لە دوورگەی ئیمراڵیە."
هاوکات هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد داوای لە کوردانى هەر چوار پارچەی کوردستان کرد یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن و ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەکەونە ژێر فشاری دەسەڵات و خاوەنداری زیاتر لە پرسی کورد بکەن، پاشان بانگەوازی لە هەموو کوردێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوان بە هەموو بستێکی کوردستان دەڵێن “تیرۆریستان” لە سلێمانی تا دهۆک و کۆبانێ، لە هەر چوارپارچەی کوردستان تۆپ دەبارێنن، واتە دوژمنی هەر چوار پارچەی کوردستانن، بانگەواز لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت، ئیتر کەیە؟"
هەروەها جەختیکردەوە، ئەگەر یەکێتی خۆیان بنیات بنێین، دەتوانین ڕێگە لە ئۆپەراسیۆن و شەڕی دژی کوردان بگرین، پێویستە کورد یەکێتی خۆی بنیات بنێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئازار ئاهەنگی نەورۆز لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە ڕێوڕەسمی چیاجیا بەڕێوەچوو لە ئامەدیشلە پاركی نەورۆزی ناوچەی رەزانی ئامەدی باكووری كوردستان مەراسیمی ملیۆنی پیرۆزبایی نەورۆز بە دروشمی 'رابن، كاتی ئازادی و سەركەوتنە' دەستیپێكرد ولە رێوڕەسمەكەدا چەندین وتار پێشكەشكران تێیدا داوای ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كرا.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی ئەو وتارانەدا داوا لە هاووڵاتیانی باكووری كوردستان كرا بە گەرموگوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ببن لە 31ی ئاداردا و پەیامی ئەو زیندانیانە خوێندرایەوە كە ماوەی ١١٦ رۆژە لە پێناو ئازادیی ئۆجەلان و چارەسەری دیموكراتیكی پرسی كورد مانیان لە خواردن گرتووە.
هاوکات لە مەراسیمی نەورۆزی ئامەد ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان لەوانە دوو هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان غەزەڵ مستەفا و فەرەج عەلیپوریش بەشداربوون و گۆرانیان پێشكەش كرد.
