سودانی و مەسرور بارزانی لەسەر موچە ڕێکەوتن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت. هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچە، ناردنی کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بووە.
بەگوێرەی میدیای نزیک لە پارتی، محەممەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی رێککەوتوون لە بری لیستی مووچە، کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەکانیان ڕەوانە بکرێت و دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەستپێبکات.
ئەو میدیایە باسی لەوەکردووە هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر میکانیزمی ناردنی کۆد لەبری وردەکاری ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە رێککەوتون تاوەکوو مووچەکانیان خەرجبکرێت، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەرێی گەیشتنی ئەو کۆدانەیە.
هاوکات بڕیاربووە ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە بەغداوە خەرج بکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، ناردنی پارەش دواکەوت و مایەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی موچە بە نیشتمانیی دەکرێت، فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان بە کاش وەردەگرن هاوکات هەفتەی داهاتوو کە بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆببنەوە بڕیارە بابەتی هەژماری من یەکلای بکرێتەوە.
