کەشناسی هەرێم: لێزمە باران دەبارێت و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت باران و بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییان بەسەردادێت.
بەپێی پێشبینییەکان بێت، ئەمڕۆ هەینى 22- 03- 2024 بەهۆی کاریگەری بەردەوامى ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەى لەسەر ناوچەکەمان هەیە تەواوى ئاسمانى هەرێم هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان، سەرەتا لە ڕرۆژئاواى هەرێم بە شێوەى نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەکانى تر، لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، لە کانەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات باران بەشێوەی تاوە بارانی کورت خایەن دەبێت، پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت، هەروەها بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە سنوورێیەکان دەبارێت، خێرایی با لەسەرخۆ - مامناوەند (10 – 20)کم/س دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 1 تا 3 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژە بەوەشدراوە، سبەی شەممە 23- 03- 2024 ناجێگیرى کەشوهەوا لەسەر ناوچەکەمان بە رێژەیەکی کەمتر بەردەوامى دەبێت، ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەورى تەواودەبێت لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران و بارانی مناوەند دەبارێت بە تایبەت سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان باران بارینی زیاتر دەبێت بەروارد بە ناوچەکانی تر، لە هەندێک کات و ناوچە پێشبینی هەورە تریشقە و تاوە بارانى کورت خایەن دەکرێت، خێرای با لەسەرخۆ - مامناوەند (10 – 20)کم/س دەبێت هەندی کات چالاک دەبێ بۆ سەروی 30 کم/س، پلەکانی گەرما / بەرز دەبێتەوە بە 2 تا 4 پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 19
سلێمانی: 18
دهۆک : 17
زاخۆ : 17
هەڵەبجە: 19
کەرکوک: 22
سۆران: 12
حاجی ئۆمەران: 5
گەرمیان : 24
