بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە کەرکوک لە بۆشایی یاسایی و کارگێڕیدایە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت پرسی دیاریکردنی پارێزگار بۆ شاری کەرکوک وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ پێشکەوتنێک نییە و شارەکە لە بۆشاییەکی کارگێڕی و یاساییدایە.
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە میدیای شەفەق نیوزی راگەیاندووە "گفتوگۆکان لەسەر پرسی دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نییە، هەرچەندە کەرکوک لە بۆشاییەکی کارگێڕی و یاساییدایە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "سەڕەڕای هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک تائێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە".
وتوشیەتی "ئەمڕۆ کەرکوک بەهۆی نەبوونی حکومەتی خۆجێی بۆشایی کارگێڕی و یاسایی بەخۆیەوە دەبینێت و ئەنجومەنی پارێزگاش ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی جێبەجێناکات".
