کەسێک بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاوڵاتییەک دەستگیرکرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفێڵ بڕی 40 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە تۆمەتبارێک فێڵی لێکردوەو بەپاساوی ئەوەی خۆی و خێزانەکەی دەبات بۆ دەرەوەی وڵات بڕی 40 هەزار دۆلار (چوار دەفتەر)ی لێ وەرگرتووە و دواتر تۆمەتبار خۆی ونکردووە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار توانییان شوێنی تۆمەتبار بدۆزنەوەو بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین لەقەزای ڕانیە دەستگیریانکرد".
ئاماژە بەوەشکراوە "لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەوەدانا کە بەو پارەیەی لەسکاڵاکاری سەندووە، ئوتۆمبێلێک و دەمانچەیەکی کڕیوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئوتۆمبێل و دەمانچەکەو بڕی ماوەی پارەکە".
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند "لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، س) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 456 لەیاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".
