بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئاماژە بەوەشدەکات پشتیوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاوڵاتییان و کۆمەڵگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە".
وتیشی "دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاوڵاتییان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن".
سەرۆکی یەکێتی دەڵێت "با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی روحییەتی هانابردن و رێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا".
