کۆمسیۆن لە نێوان ئەگەری پەسەند کردنو نەکردنی ئەنجامی هەلبژاردن
6 ساڵ لەمەوپێش
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بەیاسایی ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٤) دامەزراوە، پەیرەوی ناوخۆی ئەم کۆمسیۆنە لەلایەن ئەنجومەنەکەی دارێژراوە و پەسەندکراوە و بەفەرمی لە وەقایعی کوردستان بەژمارە (١٨٧ لە ١٤/٥/٢٠١٥) بڵاوکراوەتەوە. واتە پێویستە ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە چوارچێوەی یاساو پەیرەی ناوخۆ بریارەکانی دەربکات. یاخود مافی هەمواری پەیرەویان هەیە بەمەرجێک پێچەوانەی بنەماکانی یاسا نەبێت، هەموارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن لە دوای ئەوەی لە وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.
لە یاساو پەیرەوی ناوخۆی کۆمسیۆن دەقێک نەهاتووە کە ماف بدات بە ئەنجومەنی کۆمسیۆن باس لە پەسەندکردن یان نەکردنی ئەنجامە سەرەتاییەکان بکات، بەڵکو کۆمسیۆن وەک لایەنی جێبەجێکار کاری ئاشکراکردنی ئەنجامە نەک پەسەندکردن یان نەکردن. لەبەر ئەوەی کۆمسیۆن بە یاسا بێلایەنە و کاری جێبەجێکردن و راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایو کۆتایی و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکانە، سەرجەم ئەم قۆناغەکان رێکاری تایبەتی بۆ دیاریکراوە کە بە دەنگی کەمینەو زۆرینەی ئەنجومەن یەکلایی دەکرێتەوە. لایەنی زەرەرمەند مافی هەیە تانە بدات لەبریاری کۆمسیۆن لەبەردەم دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردن لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان، بریاری دادگا کۆتاییە بۆیەکلایی کردنەوەی کێشەکان.
بریاری کۆمسیۆن بە ژمارە (٥٥ لە ٢٩/٩/٢٠١٨) لە برگەی (٥) کە باس لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی (٣/٢) ئەنجومەن، یەک ناگرێتەوە لەگەڵ بنەماکانی یاسای کۆمسیۆن و پەیرەوی ناوخۆ، چونکە دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆن بە حصری هاتووە لە ماددە (٥) یاسای کۆمسیۆن و ماددە (٣) لە پەیرەوەی ناوخۆی کۆمسیۆن، کە پێویستە لە هەموو قۆناغێک بریاری یەکلایی کەروەوەی هەبێ ئەنجومەن، ئەگەر ئەندامێک خۆپارێزی هەبێ لە بریارێکی ئەنجومەن دەتوانیت خۆپارێزیەکەی بە نوسین پێشکەش بە ئەنجومەن بکات و هاوپێچی کۆنوسی کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکرێت.
بەپێچەوانەوە بەئیلزامی لە ماددە (٣٧)ی یاسای هەڵبژارد ژمارە (١ی ساڵی ١٩٩٢) هەموارکراو هاتووە کە کۆمسیۆن رێژەی سەدی هەرقەوارەیەک بەدەستی هێناوە لەگەڵ ژمارەی کورسیەکانی رادەگەیەنێت، هەروەها ناوی پاڵیوراوە سەرکەوتووەکان رادەگەیەنێت.
هەروەها بە ئیلزامی لە ماددە (٤ برگەی ٩)ی یاسای کۆمسیۆن هاتووە ئاشکراکردنی ئەنجامە سەرەتایەکان بەمەرجێک لە (٧٢) کاتزمێر تێپەر نەکات.
بۆیە لە ئێستادا پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن هەوڵی تەواو بدەن بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو سکاڵایانەی کە لەلایەن هاوڵاتی و قەوارەسیاسیە بەشدارەکان پێشکەشکراوە، لەگەڵ بە دواداچون بۆ ناوەرۆکی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان، وردبینیکردنی تەواو پێش ئەوەی بریای قبول یان ردکرنەوەی سکاڵاکان بدەن.
ئومێد حمەرەشید جاف
پارێزەرو شارەزای بواری هەڵبژاردن