حەج و قوربانی و ئالسعود
7 مانگ لەمەوپێش
عەبدوڵڵا کۆمەڵە
دەسەڵاتدارانی سعودیە،ساڵانە یەک ملیۆن مەڕ لە ئوستورالیا دەکڕن، دانەی بە سی دۆلار(٣٠دۆلار)، کە نرخی هەموی دەکاتە سی ملیۆن دۆلار.ئەگەر بۆ هەر مەڕێکیش بڕی دە دۆلار گواستنەوەی بخەینەسەر، ئەوا نرخی هەموی بەسەر یەکەوە دەگاتە چل ملیۆن دۆلار
بەڵام هەر دانەیەکی بە حاجیەکانی ماڵی خوا دەفرۆشنەوە بە چوارسەد دۆلار... ، واتە: هەموو مەڕەکان دەفرۆشنەوە بە چوارسەد ملیۆن دۆلار.
وە هەر مەڕێک بۆ حاجیەکان لە شوێنێکی تایبەت سەردەبڕن بە پەنجا دۆلار...کە هەقی سەربڕینی ئەو ملیۆن مەڕە دەکاتە پەنجا ملیۆن دۆلار.
ئەنجام :
چوارسەد ملیۆن دۆلار پارەی فرۆشتنی مەڕەکان، وە پەنجا ملیۆن دۆلار هەقی سەربڕینی مەڕەکان، هەموی دەکاتە چوارسەدو پەنجا ملیۆن دۆلار.
لەم پارەیە نرخی کڕین و گواستنەوەی لێ دەرکە کە بڕی چل ملیۆن دۆلارە، ئەوا سعودیە لەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتن و سەربڕینە چوارسەدو دە ملیۆن دۆلار خێری دەست دەکەوێت، ئەمە جگە لەئاژەڵە ناوخۆییەکان و ئەوانەی لەووڵاتانی ترەوە هاووردە دەکرێن،
ساڵی ٢٠١٩ (٢٥٠٠٠٠٠)دووملیۆن و نیو موسوڵمان فەریزەی حەجیان ئەنجام داوە، واتە دووملیۆن و نیو سەرئاژەڵ کراوەتە قوربانی، بەڵام ئێمە شیکردنەوەمان تەنهابۆ یەک ملیۆن قوربانی کردوە، ئەگەر ئەم ژمارەیەشی بخەینەسەرو لانی کەمی دەسکەوتی دەوڵەت لەم بازرگانیە ئەژماربکەین، ئەوا بەلانی کەمەوە هەشت سەد ملیۆن دۆلار قازانجی ئالسعودە لە پارەی قوربانی حاجیان.
ئەنجامێکی تر:
لەو دووملیۆن و نیو قوربانیەی دەکرێت، حاجیەکان یەک شیش گۆشتی لێ ناخۆن و هەموی لەشوێنی خۆی بەجێ دێڵن و دەگەڕێنەوە ووڵاتی خۆیان، باشە ئەگەر پرسیار لەهەرحاجیەک بکەیت و پێی بڵێی سعودیە چی لەو هەموو گۆشتە دەکات؟ بێ ئەوەی یەک تۆز بیربکاتەوە، پێت دەڵێ: سعودیە دابەشی سەر موسوڵمانانی هەژاری دەکات لە ووڵاتانی ئیسلامدا، دەی با ئێمە تۆزێ بیر بکەینەوەو عەقڵ بەکار بهێنین... ئایا ڕۆژێ لە ڕۆژان خێزانێکی کوردی هەژاری موسوڵمانت بینیوە چاوی بەیەک کیلۆ گۆشتی سعودیە کەوتبێت؟ ئایا لەیەک عەرەبی موسوڵمانی سوننەی ئاوارەی موسڵ و ئەنبارو سەڵاحەدین و دیالەت بیستوە کەیەک کیلۆ گۆشتی لە سعودیەوە بۆ هاتبێت؟ کە زۆربەمان لەم عەرەبەئاوارانە دراوسێمانن و دەیانناسین.
هەریەکێک لە ئێمە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هاوڕێتیمان لەگەڵ چەندین عەرەبی دەرەوەی عێراقدا هەیە، پرسیاریان لێ بکەن ئایا یەک خێزان لە موسوڵمانە هەژارو لێقەوماوەکانی: سوریا،لیبیا،یەمەن،سودان،سۆماڵ،ئەریتریا، میسر،مەغریب ...و هتد، تەنها یەک کیلۆ گۆشتی خێری قوربانی حاجیەکانی خۆیان لە سعودیەوە بۆ هاتوە؟.
کۆتایی:
دیارە ئەم گۆشتی خێری قوربانیە تەنها یەک کیلۆی نادرێتە موسوڵمانێکی هەژارو هیچ کەس لێی سودمەند نابێت، لەدەوڵەت و بنەماڵەی ئالسعود بەولاوە کە لەقوتوی دەنێن و دووقاتی ئەو خێرەی پێشتر لێیان کردوە دەیفرۆشنەوە، ئەمە جگە لە پێست و خوریەکەی، کەبەهەمان شێوەی گۆشتەکە دەیفرۆشنەوە.
ئەگەر بەکەمێک لێ ووردبوونەوەوە تەماشای ئەم ژمارانەی سەرەوە بکەین دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەتی سعودیە ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار خێری لە گۆشتی قوربانی حاجیان دەست دەکەوێت.