باڵەخانەی هەوربڕی قەتەر خۆشبێت، با غەززە هەر تەختی زەوی بێت

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

حەوت مانگ لەمەوبەر خەڵکی غەززە لەخۆشی هەڵگیرسانی "شۆڕشی بزوتنەوە رزگاریخوازەکەیان" هاتنە سەر شەقام و دڵخۆشییان دەربڕی، کە ئیدی ئاسۆی ئازادی و ئازایەتییان دەرکەوتووە. بەبێ ئەوەی ئاگاداربن چی مەینەت و کوشتارێک لەبەر کەللەرەقی و تاکڕەوی لە بڕیاردان بەرەویان دێت.

ئەمڕۆ دروست حەوت مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو هەڵەیەی حەماس کردی و سەری خۆی و خەڵکەکەشی پێ خوارد. دوێنێ ئومێدێک کەوتەوە ناو خەڵک بە بڕیاری ئاگربەستەکەی و  دانیشتوانە هەڵبڕاوە ئاوارەکەی غەززە بۆ چەند کاژێرێک دڵخۆشبوون و ئاهەنگیان کرد، لە خۆشی ئەوەی "بزوتنەوە فریادڕەسەکەیان" بە ئاگربەست قایلبووە.

بەڵام دووبارە و وەک جاری یەکەم مەرجی وایان لە پێشنیازەکەیاندا پێشکێشکردبوو کە سەختبوو بۆ ئیسرائیل پێیان قایلبێت، بۆیە هەرزوو نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگربەستەکەی رەتکردەوە فەرمان بە هێرشکردنە سەر رەفەح کرا. خەڵکی غەززە جارێکی دیکەش ئومێدبڕاوبوون.

لە حەوت مانگدا ئەمە ئەنجام و دەستکەوتەکانی ئەو شەڕەیە حەماس رشتی بە بەرۆکی خەڵکی غەززەدا، تەواوی ئامارەکان کە خراونەتەڕوو بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکانن:
34 هەزار و 735 هاووڵاتی سیڤیلی فەڵەستینی کوژراون کە 13 هەزار و 800یان منداڵن و 9 هەزاریان ژنن. نزیکەی 13 هەزار چەکداری حەماس کوژراون (نافەرمی).
یەک ملیۆن و 900 هەزار دانیشتووی غەززە ئاوارەبوون؛ ئەو ژمارەیە 85٪ی تەواوی دانیشتووانی غەززە پێکدێنن و یەک ملیۆن و 740 هەزار کەس لەوانە لە برسێتی سەختدان.
 70٪ی خانوو و ماڵەکانی غەززە تەختی زەوی بوون و زیانی مادی کە بەسەر غەززەدا هاتووە بریتییە لە 30 ملیار دۆلار.

دەپرسم، ئایا لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023دا و پێش ئەوەی حەماس هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بکات، پێشبینی ئەمەی دەکرد یان نا؟ ئایا دەکرێت ئەم بڕیارەی 2 ملیۆن و زیاتر فەڵەستینی رووبەڕووی مەرگ کردەوە، وەک هەنگاوێکی هەڵەی ستراتیجی و سەربازیی حەماس لێکبدرێتەوە یان کەلەڕەقی و بێباکی بەرامبەر رۆحی ژن و منداڵانی فەڵەستین؟

ئیسماعیل هەنییە ئێستا لە هەمان ئەو باڵەخانە هەوربڕەدایە کە دروست 7 مانگ بەر لە ئێستا لەوێ بوو و فەرمانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی دەرکرد. تەواوی ئەو کارەساتەی روویدا لە غەززە ناکام و بێ ئەنجام مایەوە و بگرە ئیسرائیل و پێگەی ناتانیاهووی لە ناوچەکە و جیهان بەهێزترکرد.

کەچی هێشتا وەنەبێ حەماس لەبەر خاتری ئەو منداڵانەی ناویان لەسەر دەستی خۆیان دەنووسن تا دوای کوشتنیان بناسرێنەوە، چەک بدات بەدەستەوە و خەڵکەکە لە کوژران بپارێزێت، بەڵکو هەر بەو بێ پلانیەی یەکەم جارییەوە بەردەوامە لە خۆبەگەورەزانییەکەی و رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.

نەبینراوە و نەبیستراوە هیچ بزوتنەوەیەکی "رزگاریخواز" ئەوەندەی حەماس لە ئاست گیان و ماڵی خەڵکی خۆیدا خۆبەگەورەزان و بێباک بێت. بەرپرسانی حەماس بە روونی دەڵێن، باڵەخانەی هەوربڕی قەتەر خۆشبێت، با غەززە هەر تەختی زەوی بێت.

هەموو ئەوەی بۆ حەماس هاتووەتە بەرهەم کوشتنی 600 سەرباز و 1400 هاووڵاتی سڤیل و بە بارمتەگرتنی 240 هاووڵاتی دیکەی ئیسرائیلی بووە. ئێستاش بە قایلبوونی بە ئاگربەست کە مەرجی سەرەکی ئەوەبوو هێرش بۆ سەر شاری رەفەح نەکرێت، بە تەواوی بێ هێزی و خۆبەدەستەوەدانی خۆی نیشاندا و مەرجەکەشی قبوڵ نەکرا.

ئێستا دووبارە حەماس دەکەوێتەوە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی دیکە، ئەویش بڕیاردانێتی لەسەر دوو بژاردە، یان لە نێوان ئاوارەکانی رەفەح  دەمێنێتەوە و بەهانە دەداتە ئیسرائیل بۆردومانی خەڵکی سڤیل بکات، یان خۆبەدەستەوەدان رادەگەیێنێت بە گفتووگۆ هەوڵی باشترکردنی دۆخی غەززە و بەتایبەت خەڵک دەدات و بەر لە دوو هێندەبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان دەگرێت.

ئاقڵانەترینیان هەر بژاردەی دووەمە و حەماس دەبێت دان بە دۆڕان و لەناوچوونی خۆیدا بەیەکجاری بنێت، دەنا دەبێتە دنەدەری کوژرانی تەواوی ئەو دوو ملیۆن فەڵەستینییەی لە غەززەدا ماون و بۆ هەتاهەتایە ئاسۆی ئازادیی فەڵەستین و خەڵکەکەی تاریکدەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار