لافاو لە ئەفغانستان 300 کەس دەکوژێت و 1000 خانووش دەڕوخێنێت
7 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان کە هۆکارەکەی بارانی وەرزیی بەلێزمەیە 300 کەس گیانیان لەدەستدا و 1000 ماڵیش رووخان.
رۆژی شەممە 11-5-2024، ئاژانسی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 200 کەس لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە. لافاوەکە بەهۆی بارانی وەرزیی چەند هەفتەی رابردووەوە بووە کە لە ئەفغانستان باریوە و بەهۆیەوە 1000 خانوو ژێرئاو کەوتوون.
زەبیحوڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "سەدان کەس نەیانتوانی لەدەست لافاوەکە رزگاریان بێت و ژمارەیەکی بەرچاویش برینداربوون".
هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، هەریەک لە پارێزگاکانی بەغلان، بەدەخشان، غۆر و هیرات زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەوەشی باسکردووە کە لافاوەکە زیانێکی گەورەی مادی بەو ناوچانە گەیاندووە.
دەشڵێت حکومەت فەرمانی بە تیمەکانی فریاکەوتن لە هەر شوێنێک هەن کردووە خەڵکەکە رزگاربکەن و بریندارەکان بگەیێننە نەخۆشخانە.
وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، هێزی ئاسمانی دەستی بە رزگارکردنی خەڵک لە بەغلان کردووە و نزیکەی 100 برینداری گەیاندووەتە نەخۆشخانە.
لەمساڵدا ئەمە جاری دووەمە لافاوی بەهێز لە ئەفغانستان دەدات. لە مانگی نیساندا حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، لانیکەم 70 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و 2000 خانوو، 3 مزگەوت و 4 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە.