ماوەی 20 رۆژە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردون راگیراوە

6 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد

میدیاکانی ئوردن ئاشکرایانکردووە، ماوەی 20 رۆژ دەبێت هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن راگیراوە و تاوەکو ئێستاش دەستیپێنەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، عامر شوباکی، پسپۆڕی وزە لە ئوردون بە میدیاکانی راگەیاندووە، "لە 22ی نیسانی 2024ەوە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردون راگیراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ئابووری هەردوو وڵات گەیاندووە".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی وزە و سامانەکانی کانزایی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا هۆکارەکەی بۆ کۆتایی هاتنی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات گەڕاندووەتەوە کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئوردون بۆ ماوەی ساڵێک.

هەروەها ئیمان عەواد، بەڕێوەبەری نەوت و گازی سروشتی ئوردن دەڵێت، "وەزارەتی وزە نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە، داوایلێکردووە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و بە هەمان مەرجەکانی گرێبەستکردن بەردەوام بێت، لە رۆژی 4ی ئەم مانگەشەوە هەژمار بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاداشتێکی دیکە واژۆ دەکرێتەوە".

گرێبەستی فرۆشتنی نەوتی عێراق بە ئوردون لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو واژۆکراوە بۆ ماوەی ساڵێک، ئێستاش ئەو وادەیە کۆتایی هاتووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئوردن لە 10 هەزارەوە بۆ 15 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار