لە تورکیا چ باسە؟!
6 مانگ لەمەوپێش
جوتیار رەشید
ئەو هاوینە گەرمەی ئەردۆغان و دەسەڵاتی تورکیا بەنیاز بون کوردی پێ بسوتێنن،بەهاری ناوخۆی خۆیانی کردوەتە پایز.
سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتان بیناکردن و مامەڵەکردنە لە گەڵ ناوخۆی وڵات و دراوسێ و جیهان.
فاشلترین سیاسەت و سیاسی جیهان لە ئێستادا سیاسیەکانی ئەم ناوچەیەن،لەسەروی هەموشیانەوە ئەردۆگان.
بۆ؟
چونکە جۆرێک لە هزری دوو فاق یان دوو ڕەگەز [هجین]،چ لە ناخۆی وڵاتەکەیان،چ لە دەرەوە پیادە دەکەن،هزری [ڕەگەزپەرستی-ئاینی]،ئەو هزرە بەسەر چوە قێزەونەی لە دونیای مۆدێرنی ئێستادا جێگایەکی بۆ نەماوەتەوە و جیهان وەک ئامۆزای هزری داعش و توندڕەوەکان لێی دەڕوانێ.
لەوەش دەبەنگی تر ئەوەیە بەو هزرە بەسەر چوە قێزەونە ناوچەییە،شەڕی مۆدێرنترین هزری جیهانی کوردان دەکەن کە هزری (نەتەوەی دیموکراتیک)ە.
ئەو دوو فاقیەی ئەردۆگان گڕی بەردایە خەرمانی بەری ڕەنجی دەیان ساڵە مامۆستا و هاوڕێکانی و حیزبەکەی.
ئێمەی کورد لەم بارەیەوە پەندێکی بەبەهامان هەیە دەڵێ[بەردێک نەزان بیخاتە گۆمەوە بەسەد زانا دەرنایەتەوە].
لە دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە تورکیا و شکستە گەورەکەی [AKP] لەو هەڵبژاردنەدا، نزیکەی چل ڕۆژ لەمەوبەر بابەتێکم بڵاو کردەوە بە ناونیشانی [AKP دۆڕانی قبوڵ کردوە نەک ئەردۆگان].
لەو بابەتەدا پێشبینی شڵەژانی ناوخۆی ئەو حیزبەم کردبوو،پێشم وابوو دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا لە شێوازی هەڵسەنگاندنی هۆکارەکانی شکستەکەیان و چارەسەرەکانیش بۆ ڕاگرتنی ئەو خوێن بەربونەی توشی حیزبەکەیان بوە.
زووتر لەوەی منیش پێشبینیم کردبوو ،گەورەتر و خێراتر لەوە پێشبینیەکانم هاتنە دی.
-یوسف قبلان ڕۆژنامەنوسی دیار و نزیک لە دەسەڵات شەوی چوارشەمە (15/16)/5/2024،واتا پێرێ شەو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە پێگەی (X) نوسیویەتی [چرکەساتی مەترسیدارن ئەم شەو،ئەم شەو وەک درێژترین شەو لە مێژوی تورکیادا تۆمار دەکرێ]،نامە ڕەمزدارەکانی کودەتاچیەکان هەڵوەشێندراون کە بەنیازی کودەتایەکی تر بون لە تورکیا.
-هەر لە هەمان شەودا ڕۆژنامەنوس (محمد جنباکلی) نوسیویەتی[هەر ئێستا ئەردۆگان، ابراهیم کالان سەرۆکی دەزگای موخابەرات و وەزیری دادی بانگکردوەتە کۆشکەکەی خۆی،بۆ ئەوەی لە دەمی خۆیانەوە ڕاستەوخۆ دوا زانیاریەکان وەربگرێ].
-دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی حیزبی (مەهەپە)ی هاوپەیمانی ئەردۆگانیش دەڵێ[تورکیا لە دۆخێکدایە بە هەمان دۆخی کودەتا قەزاییەکەی ساڵی 2013 دەچێ کە دواتر کودەتا سەربازیەکەی ساڵی 2016 ی لێکەوتەوە].
-ابراهیم قەرەگولیش دەڵێ[ئەوەی ئێستا ڕودەدات،تۆڵەکردنەوەیە لە ئەردۆگان لە پای ئامادەکاری هێرشەکەی بۆسەر قەندیل و بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشەیە]
-اسماعيل ياشا دەنوسێت [وەزارەتی ناوخۆ سێ پلەداری پۆلیسی لە پۆستەکانی لاداوە بۆ لێکۆڵینەوە تایبەت بەو ڕەوشە تازەیەی ناوخۆی تورکیا]
-یاسین ئاکتای
ڕاوێژکاری پێشوی ئەردۆغان و پارلەمانتاری پێشوی (AKP)،دەنوسێ:-
[بەبەر چاومانەوە (AKP) وەک بەفری بەهارەی بەر خۆر دەتوێتەوە،دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کێ دوای ئەردۆگان ئاڵاکە هەڵدەگرێتەوە]
-محمد شیمشەک وەزیری خەزێنەی تورکیا،سیاسەتی سک هەڵگوشینی سێ ساڵەی لە تورکیا ڕاگەیاند،لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆن پێیانگوت بە ئەردۆگان بڵێ شەڕ دژی کورد ڕابگرێ.
دەتانەوێ ئێمە برسی بکەن و پارەکەی بدەنە چەک شەڕی ناوخۆ و کوردی پێ بکەن؟!
ئەردۆگان ڕێیەکی هەڵەی گرتوە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا،هەرچەندە سیاسیەکی پراگماتیە،بەڵام هەڵەکانی لەوە گەورەترن پراگماتیەکەی بتوانێ دەربازی بکا.
بۆیە بە بۆچونی من ئەگەر گەلانی تورکیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان چارەسەرێکی خێرای ڕەوشەکە نەکەن،سەرەنجام دوو ئەگەر لەبەردەم دەوڵەتی قوڵ لە تورکیا ماوە:-
-پارتەکەی ئەردۆگان ناچار بکەن لە ناوخۆیاندا ئەردۆگان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە.
-کودەتایەکی سەربازی بەسەر دەسەڵاتەکەیدا بکرێت.