پۆلیسی ئێران: 261 کەسمان لەسەر شەیتانپەرستی دەستگیرکرد

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

پۆلیسی ئێران بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی شەیتانپەرستی لانیکەم 261 کەسیان لە تاران دەستگیرکردووە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە 3 کەس لەوانە هاوڵاتی ئەوروپین.

رۆژی هەینی 17-5-2024، میدیای نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، "ناوەندی زانیاریی پۆلیس دیاریکردن، تێکشکاندن و دواتر دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان راگەیاندووە".

راگەیێنراوەکە دەڵێت، پۆلیسی ئێران 251 ئەندامی تۆڕێکی شەیتانپەرستیان دەستگیرکردووە و 146 پیاو و 115یان ژن بوون. پۆلیس دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون "لە دۆخێکی ناجۆر و قێزەوندابوون و نیشانەی شەیتانپەرستی لەسەر جلوبەرگ، سەر، دەموچاو و قژیان هەبووە".

ئەوەش باسکراوە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە شەوی پێنجشەممە لە شاری شەهریاری رۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران کراوە، سێ هاووڵاتی ئەوروپاییش دەستگیرکراون.

پۆلیس دەڵێت، نیشانە و کەرەستەی پەیوەست بە شەیتانپەرستییەوە، خواردنەوەی کحولی و مادەی هۆشبەر و 73 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانەی پۆلیس وەک "شەیتانپەرستی" ناویان دەهێنێت، ئەو کۆبوونەوە و ئاهەنگانەی وەک کۆنسێرت دەگرێتەوە لە ئێران کە خواردنەوەی کحولییان تێدایە. یەکێکی دیکە لەو شتانەی لە ئێران لەلایەن حکومەتە شیعەکەی ئێرانەوە بە شەیتانپەرستی دەناسرێت، ئامێری مۆسیقای رۆک و کارەباییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار