رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 233 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون

6 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ

لە یەک کاتدا لە ئێران حەوت کەس لەسێدارەدران کە دووانیان ژن بوون و یەکێکیشیان جوو. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ئێران دەستی بە سەرکوتکاری زیاتر کردووە.

رۆژی شەممە 18-5-2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەی سەرەکی لە نەرویجە رایگەیاند، حەوت هاووڵاتی ئێرانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر بەیەکەوە لە سێدارەدراون.

یەکێک لەوانە، ژنێکی تەمەن 53 ساڵ بوو کە دایکی دوو منداڵە؛ لە بەندینخانەی ئورمیە لەسێدارەدراوە. لەگەڵ ئەویشدا 5 پیاوی دیکە لەسێدارەدراون کە تۆمەتی جیا جیای پەیوەست بە مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ.

لە شاری نیشاپوور لە رۆژئاوای ئێران ژنێکی تەمەن 27 ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی کە ئامۆزاشیێتی، لەسێدارەدراوە.

رێکخراوەکە دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 233 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و 50 لەوانە تەنیا لە مانگی ئایاردا بوون. لە دوای جەژنی رەمەزانیشەوە 115 کەس لەسێدارەدراون کە شەشیان ژن بوون.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، لەسێدارەدانی ژنان لە ئێران لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاترە. ئەوانەش کە لە سێدارەدەدرێن بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکانیان، زۆرینەیان قوربانی هاوسەرگیری زۆرەملێن.

مەحموود ئەمیری، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە میدیای فەرەنسی گوتووە، "بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگەی قبوڵکردن نییە"، چونکە "ئەو لەسێدارەدانانە ئەو گرووپ و کۆمەڵانە دەگرێتەوە کە بە کەمینە سەیردەکرێن و دادگاییکردنەکانیان دادپەروەرانە نەکراوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار