پاسەوانی کەناراوەکانی تونس: 23 کۆچبەر دوای چوونە دەریاوە بێسەرووشوێنبوون
6 مانگ لەمەوپێش
هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، وارشۆ
بەرپرسانی تونس دەڵێن، لانیکەم 23 کۆچبەر دوای ئەوەی بە دەریای ناوەڕاستدا بۆ گەیشتنە ئەوروپا پەڕیونەتەوە، بێسەرووشوێنبوون. گەڕان بەدوایاندا دەستیپێکردووە.
رۆژی شەممە 18-5-2024، دەزگای پاسەوانیی نیشتمانیی تونس رایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە ژمارەیەک بەلەمی نەناسراو لە کەناراوەکانیانەوە چوونەتە ناو دەریاوە. دوای گەشتنیان بە شوێنەکە 5 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە گوایە قاچاخچی بوون.
بە گوێرەی گوتەی بەرپرسان، خێزانی ئەو کەسانەی دیار نەماون ئاگاداریانکردوونەتەوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانەدا نەماوە کە سواری بەلەمەکان بوون.
تونس و لیبیا کە دوو وڵاتی دراوسێی باکووری ئەفریقان، رێگەیەکی سەرەکیی ئەو کۆچبەرانەن کە دەیانەوێت بە بەلەمی بچووک بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا.
جگە لەو خەڵکانەی لە وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقاوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا خۆیان دەگەیێننە تونس، خەڵکی تونسیش هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە رێگەی کەناراوەکانی خۆیانەوە دەدەن، ئەوەش بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستەتر.
سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە 2023دا رێژەی بێکاری لە تونس لانیکەم 16٪ بووە.
تەنیا لە 2023دا نزیکەی 17 هەزار کەس بە بەلەم لە تونسەوە خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا. هەروەها لە 11 مانگی ئەو ساڵەدا پاسەوانی کەناراوەکانی تونس رێگەیان لە 70 هەزار کەس گرتووە رێگەی ئاوی بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاربێنن؛ لەو ژمارەیە 77.5٪یان لە وڵاتەکانی دیکەی ئەفریقاوە چوونەتە تونس.