وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران ئەمەریکا تاوانباردەکات
6 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندی یاوەری بەهۆی تێکشکاندنی هەلیکۆپتەرەکەیانەوە وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران ئەمەریکا تاوانبار دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئایاری 2024، جەواد زەریفی، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند، "یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکی کارەساتی دوێنێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە، چونکە سەرەڕای فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی، فرۆشتنی فڕۆکە و پارچەی فڕۆکەوانی بە ئێران راگرتووە و ڕێگەی نادات خەڵکی ئێران سوود لە فڕۆکە و پێداویستییە باشەکانی فڕۆکەوانی وەربگرن".
ئەو هەلیکۆپتەرەی کە سەرۆک کۆماری ئێرانی هەڵگرتبوو و لە باکووری رۆژئاوای ئێران کەوتە خوارەوە، فڕۆکەیەکی جۆری بێڵ 212ی ئەمەریکی بووە.
دوێنێ یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، هەلیکۆپتەرە تایبەتەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پارێزگای ئازربیجانی رۆژهەڵات کەوتەخوارەوە و تێکشکا دوای نزیکەی 20 کاتژمێر گەڕان توانرا هەلیکۆپتەرەکە بدۆزرێتەو، بەڵام بەهۆی رووداوەکەوە سەرۆک کۆماری ئێران و ئەندامانی شاندی یاوەری گیانیان لەدەستدا.