لە چنارتوەوە بۆ کانی تو

2 مانگ لەمەوپێش



عەبدوڵا کۆمەڵە/بەشی سێیەم و کۆتایی

ئێمە ئەوشەوە لە گوندی (شارستێن) بوین، هەر ئەو ئێوارەیەش بوو بۆ یەکەمجار نازناوی(کۆمەڵە) م بەسەردا بڕا(ئەوەش چیرۆکێکە و لەکاتی خۆیدا دەینووسمەوە)

بەیانیەکەی کاتێک بەرەوە گووندی کانی توو بەڕێکەوتین، دوو دوو مەسافەمان وەرگرت، پەڵە پەڵە هەور بە ئاسمانەوە بوو، ماڵئاواییمان لەدوا ماڵەکانی شارستێن کردوو پاش کەمێک ڕۆیشتن ڕێی بەرەو هەوراز هەنگاوەکانی خاو کردینەوە، من بەسروشتی خۆم لە هەوراز بڕیندا تەمەڵ بووم، هەمیشە دوا دەکەوتم، بەڵام پشووم نەدەدا، چوونکە هێواش دەڕۆییشتم پێویستم بە پشوودان نەبوو، یان فریا نەدەکەوتم پشوو بدەم، زۆربەی جارەکان هاوڕێکانم لەپێشەوە دادەنیشتن، پشوویان دەدا، کاتێک من دەگەییشتمە لایان ئەوان دەمێک بوو ماندوێتیان حەسابۆوە، ئەوان هەڵدەستان ودەڕۆییشتن منیش ناچار بەردەوام دەبووم، پشوودانەکەی خۆشیان دەکرد بەمنەت بەسەر منەوە، دەیانوت چاوەڕێمان کردوی، بەڵام لە تەختایی وپێ دەشتەکاندا کوڕێکی تر بووم.

هەوراز تەواو نەدەبوو، هەتا زیاتر هەڵدەکشای ئەو پتر بەرز دەبوەوە، هەوراز.. هەوراز، هەوراز!!

لەدامێنی هەورازەکەدا بوین، یەکەم نمەبارانی پاییز داباریە سەر زەوی، بارانێکی کەمی لەسەر خۆبوو، بەڵام بە هێواشی تۆزێکی لەو گڵە کەمەی ئەو شاخە بەرداویە هەڵدەستان،بۆنی یەکەم بارانی پاییز..! مرۆڤ چەن بەختەوەرە کاتێک یەکەم بارانی پاییز دەبارێت، ئەم لە ناو خاک و گڵی سروشتدابێت و شانسی هەڵمژینی ئەوبۆن و بەرامە خۆشەی هەبێت، کەلە ئەنجامی بەریەککەوتنی ئاوو خاکدا دروست دەبێت!! بەلای منەوە خۆشترین بۆن ئەو بۆنەیە.

گەییشتینە بەردەم گووندێکی بچووک، ئەو گووندە زیاتر لە هێلانەی هەڵۆیەک دەچوو بەدامێنی شاخێکی بەرزەوە،بەڕاستی ناوەکەی بە خۆیەوە بوو.. (هەوارە بەرزە)، ئێمە ڕێیەکەمان نەدەچوەوە بۆ ناو گوندەکە، لە دامێنی گوندەکەوە بە (بزنەڕێ)یەکدا بەرەو کانی توو شۆڕ دەبوینەوە، ئۆخەیش شکور بۆخوا هەوراز تەواو بوو.

پیاوێک لە گوندەکەوە، یان ڕاستتر بڵێم لە هێلانەی هەڵۆکەوە بەرەو ڕوومان دەهات، بانگی لێکردین، لە شوێنی خۆمان وەستاین، لە کەناری ڕێیەکە دانیشتین، ئەو هێسترێکی پێ بوو، پاش کەمێک گەییشتە لامان، ماندو نەبوونی لێ کردین، لە گەڵ خۆیدا ئاوی بۆ هێنابوین، جگە لەوەش لە بنە گونیەیەکدا مێوژو(خەروا هەنجیر)ی بۆ هێنابوین.

بیهێنە پێش چاوی خۆت، پاش بڕینی هەورازێکی سەخت، ماندویەتیەکی زۆر، تینویەتی و شەکەت بوون، پیاوێکی بەتەمەن بەرەو پیریت دێ و ئاوی فێنک و مێووژو هەنجیری ووشکەوە کراوت بۆ دێنێ، نەک جارێ هەزار جار دەڵێی بەڕاستی ئەم خەڵکە ئەوە دەهێنێ مرۆڤ لە پێناوی مافەکانیاندا ببێتە پێشمەرگەو خۆی بە کوشت بدا.

"من کوێخا پیرۆت" م ، فریاد ڕەسەکەمان وای ووت، کوێخا پیرۆتی هەوارە بەرزە، ((ئەو گوندەی بۆی دەچن ناوی کانی توە))، ئەم شەو لە کانی توو دەبن، سبەینێ بەو ڕێیەدا بەشاخی(کوڕکوڕ)دا سەر دەکەون، کام ڕێگا؟؟ ئەو قامکی شەهادەی بۆ بناری شاخەکە ڕاکێشا، هۆ لەو ڕێگایەوە، بەلام کام ڕێگا؟ نەمانزانی، چوونکە ئەو شاخە ئەوەندە سەخت بوو، هەرچەن تەماشات دەکرد، ڕێی تێ نەدەچوو، ڕێیەک هەبێت لەو بنارەوە بتگەیەنێتە لووتکەی چیاکە.

کوێخا پیرۆت درێژەی بەقسەکانی دا، دەچنە گەڵاڵە، هێزێکی ڕژێم لەوێ مۆلگەی داناوە، دەچن ئەو ڕەبیانە دەگرن ، ئیتر نەمان زانی ئەو پیاوە ئەم زانیاریە نهێنیانەی چۆن زانی بوو.

پشوویەکی باشمان دا، تێر خەروا هەنجیرو مێووژمان خوارد، گیرفانمان لێ پڕکردن،ماڵ ئاواییمان لە خانە خوێکەی سەر ڕێمان کرد، بەرەو کانی توو شۆڕ بوینەوە.

تازە گەیشتبوینە سەرەتای ماڵەکانی ئاوایی، کیژۆڵەیەکی بەژن ڕێکی نازەنین، بە خۆی و تەنەکە ئاوەکەی بان سەریەوە بەرەو ڕوومان هات، کراسێکی کوردی ڕەنگ سپی ناسکی لەبەردا بوو،هەندێ لە ئاوی تەنەکەکەی بان سەری بە شان و ملیدا هاتبوونە خوارەوە، سینگ و بەرۆکی تەڕ کردبوون، هەتا خوا حەزکات شۆخ و قەشەنگ بوو، جوانیەکەی شەڕی لەگەڵ مانگدا دەکرد، نیگایەکی خێرای تێ گرتین، بزەیەکی مەکراوی بەڕومانداداو بە ڕەوتی کەو بە تەنیشتماندا تێ پەڕی، خەیاڵ بردمیەوە بۆ لای شیعرەکەی مامۆستا گۆران:

بۆ یەک شەو لای دایە ئەم دێیە ڕێی وێڵم

بەیانی، ڕۆژ هەڵهات، سوار ئەبم جێی دێڵم

وەک ساوای یەکشەوە کە دێ پاش نەمانی

چۆڵ ئەبێ بە یەکجار لە ناو و نیشانی،

ئەم دێیە جێ دێڵم: بێ نیشان، بێ شوێنپێ،

ئەی پەری! سڵ مەکە، لا مەدە بۆ لاڕێ.

ئێمە چەن ڕۆژێک بوو لە کانی توو بارگەمان لێ خستبوو، ڕۆژ بەڕۆژ لەگەڵ کاک حسین و دادە ئامینە زیاتر ئاشنای یەک دەبوین ، هەر بەڕاستی خۆشمان دەویستن ،ئەوانیش تا ئەوپەڕی ڕێز ڕێزیان دەگرتین.

ئەو ئێوارەیە دادە ئامینە ساوەری سووری بۆ کردبوین، بەڕاستی بەلەزەتی دروست کردبوو، تێرو پڕمان خوارد، چەن دیشلەمەیەکی گەرممان بەسەرداکرد، قسەو باسمان تەواو بوو، دۆشەک و لێفەو سەرینمان دا بەشانمانداو بەرەو بارەگاکەمان بوینەوە، کە ئێمە ڕۆیشتین لە ماڵی کاک حسین هیچ شتێک لە ئارادا نەبوو، بەڵام کاتێک بۆ بەیانیەکەی گەڕاینەوە بۆ مالی کاک حسین، تەماشامان کرد، خوا منداڵێکی نوێی پێدابوون،هەر لە دەرگای حەوشەوە هەواڵەکەمان زانی، فەریدە بەهەڵەداوان هەواڵەکەی پێ داین، ڕەنگە لەگەڵ کاکە حەمەیا لە پێش بڕکێی ئەوەدابووبن کامیان زووتر هەواڵەکەمان پێ بدات، ئیتر ئەوجارە فەریدە پێش بڕکێکەی بردەوە (( مامە مامە دایکم کوڕێکی بوە، مامە کوڕەکەمان ئەوەنە جوانە! بەڵام هەر دەگری)) فەریدە وای ووت، سەلاممان لە حازری کرد، لەداڵانەکەدا  پێخەفەکانمان دانا، نەچوینە ژوورەوە، زۆر سوپاسی کاک حسێنمان کردو ماڵ ئاواییمان لێ کرد، ئەو ڕێی نەدا بڕۆین زۆر هەولی لەگەڵ داین، بەلام ئێمە سووربوین لەسەر ڕۆییشتن بۆ ماڵێکی تر، ووتمان دادە ئامینە گوناهە ئیتر ناکرێ بەو حاڵەوە ئەوەندە ئەزیەتی بدەین، کاک حوسین بەو دوعایەی ئێمەی نەوت ئامین، ووتی کاکە ئێمە پێویستیمان بە ئامینێ نیە، ئەو لە ژووری خۆیەتی و ئێمەش لە ژووری خۆمان، ئەوە فەریدە گەورەیەو ووردەووردە خواردنمان بۆ دروست دەکات، خۆشمان هاوکاری دەکەین و تەواو، ئێمە بەوە ڕازی نەبوین و ملی ڕێمان گرتە بەر، کاک حسین چوە ژوورەوە، ئێمە نەگەییشتبوینە دەرگای حەوشە، کاک حسین بەتفەنگێکەوە هاتە بەر هەیوانەکە، میلی تفەنگی ڕاکێشا، هاواری بەسەردا کردین، بەزاتی خوا نەگەڕێنەوە قاچتان ئەشکێنم، من ووتم ناڕۆن واتە ناڕۆن، چیە بەپیاوم نازانن؟ بەناچاری گەڕاینەوە، نان و چامان خوارد، وەک ڕۆژانی پێشوو کارەکان بە ڕێوە دەچوون.

ئێمە چاوەڕێی بڕیاری مەڵبەند بوین بۆ جێ هێشتنی ناوچەکەو گەڕانەوە بۆ سنووری خۆمان، ئەو بڕیارەمان پێ گەییشت و ڕۆیشتین.

ئیتر ڕێمان نەکەوتەوە کانی توو، ئەنفالی بەسەرداهات، هەواری ئارامی کوردستان شێوا،خاکی کوردستان بە سووتماک کرا، چەم و ڕەزو دارستانەکان سوتێنران، کانیاوەکان پڕکرانەوە، گوێسەوانەیەک نەما چۆلەکەکان هێلانەی لە ژێردا دروست بکەن، جۆلانەکەی فەریدەو کاکە حەمە یاریان لەسەر دەکرد بێ ناز کەوتوەو  دەیان هەزار کەس بەر شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال کەوتن و هەرگیز نەگەڕانەوە.

دوای ڕاپەڕینیش هەر یەکەی کەوتینە شوێنێکەوە، منیش هەر لە عەودالی بینینەوەو هەواڵی ئەو خانەوادە بەڕێزو خانەدانەدا بووم.

ساڵی(٢٠١٨)ە یە ڕێک سی و یەک ساڵ دوای ئەو ڕۆژەی کانی توو کاک حسین و دادە ئامینەو کاکە حەمەو فەریدەم تیا بە جێ هێشت، بە گەشتێک لە ناوچەی پشدەر بووم، بڕیارمدا لەگەڵ هاوڕێکانمدا بچینە کانی توو، هەواڵێکی ماڵی کاک حسین بزانین، بۆ ئەوەی شوێنیان بدۆزمەوەو لە دەرفەتێکدا سەردانیان بکەم، چوینە ئاوایی، لەبەردەم ئاوایی چەن پیاوێک وەستابوون، سەرگەرمی قسەوباسی خۆیان بوون، سڵاومان لە حازری کرد، هەواڵی ماڵی کاک حسینم پرسی ، ماڵەکەیان لەوێوە بوو، ئەوە ناوی مناڵەکانی بوو،من وام ووت.. یەکێک لە پیاوەکان ووتی: ئەوە ماڵی مام حسینە، ئەوە خاڵی منە، ئێستا لێرەن، ماڵیان هێناوەتەوە گوندی، فەرموو با بتانبەم بۆ ماڵیان، ئەو هەواڵەم زۆر پێ خۆش بوو، گەشامەوە، چوونکە زۆر دەمێک بوو، بە هەویای بینینەوەی ئەو خانەوادەیە بووم،

چوینە ژورێ، سڵاومان کرد، بە خێریان هێناین، خۆم پێ ناساندن، تەواوی ڕووداوەکەی ڕابووردوم بۆ گێڕانەوە، زۆریان پێ خۆش بوو، پەیمانی ئەوەیان لێ وەرگرتم کە جارێکی تر بە خێزانەوە بچمەوە سەردانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار