باوکە ئیشێکم بۆ ببینەوە!!

2 مانگ لەمەوپێش



محەمەد خۆشناو
مرۆڤ بەهۆی بەرزی خەرجی بژێوی و زیادبوونی مەسروفات و بێکاری و بێبازاڕی و ئاستی خەراپی خزمەتگوزاری دووچاری تەنگدەستی دارایی دەبێت ، ئەمە گەورەترین ئازارە لە ژیانی گوزەرانی خەلکی ، ئێستا کە سەیری گەنجانی خۆمان دەکەین زۆربەیان بێکاران و بۆ خەرجیەکانیان پشت بە خێزانەکانیان دەبەستن و ، داوادەکەن کە خێزانەکانیان کار-یان بۆ بدۆزنەوە.

دایک و باوکان قوربانی بەهەموو ئەو خۆشەویستیەی کە هەیانە لە کات و توانایان دەدەن بۆئەوەی منداڵەکانیان بتوانن بەتەنێ و بەخۆیان بەروەڕووی بارگرانایی ژیانیان ببنەوە ، زۆربەی دایک و باوکان داوا لە منداڵەکانیان ناکەن یارمەتیان بدەن لەکاتی پیربوون ، بەڵکە دەیانەوێت پشت بەخۆیان ببەستن و ڕێگای ژیان بە سەربەخۆیی خۆیان ببڕن، بەڵام بەداخەوە دۆخی قورسی ژیان لێناگەڕێت ئەوە بکەیت !! ئێمە قسە لەسەر ئەو گەنجانە دەکەین کە تازە زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواو کردوە و لە کار دەگەڕێن، هەندێ لەوانە تەمەنیان بۆتە چل ساڵ داوا لە باوکیان دەکەن یارمەتیان بدات، پارەی تەلەفۆن و کرێی خانوو و خەرجی ماڵەوە و هاتا پارەی چوونە بازاڕ!!

تەبعەن ئەو گەنجانەی کە پشت بە دایک و باوکیان دەبەستن بیانۆی خۆیان هەیە، چونکە کاتێک لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن کار-یان دەستناکەوێت و ئەگەر دەستیشیان کەوێت، دەچنە ناو بازاڕێکی کار-ی دڕندە و تەماحکار و چڵێس بە پلەیەک زۆربەیان ناتوانن مامڵەی لەگەڵدابکەن، چونکە ئەوان ئامادەنەکراون و چەکدار نەکراون بەو ئامرازانەی  کە شیاون بۆیان، لەبەرانبەردا هەندێک هەن راهاتوون لەسەر ئەوەی کە بەتەواوی پشت بە خێزانەکانیان ببەستن، ئەوە نابینن کە ئەوان دەتوانن هەوڵ و تەقەلا و ئارەقە بڕیژن بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان و، هەر داوا دەکەن….ئەو ڕۆشنبیریە دارایەش نیە تا بتوانن نەخوێندەواری دارایی بسڕنەوە و ئەوە نازانن ئەو پارەیە چۆن دێت و ، نازانن کە باوکەکە کاری ڕەها دەکات بۆئەوەی خێزانەکەی بژینێت ، بەڵام کاتێک ئەو منداڵە ژن دەهێنێت ئەوسا تەنگوچەلەمەکان بەڕوویدا دەتەقنەوە و بەمەش ڕێژەی تەلاق و تووندوتتژی و ڕەفتاری ناڕێک زیاد دەبێت، ئەم دۆخە ئابووریە گرانە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی گەنجان بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ خێزانەکانیان دەگۆڕن ، ئێمە لە چاوەڕوانی نەوەیەکی وابەستەکراوین کە لەکنیان شتێک نیە تەنها خودی خۆی و دابینکردنی پێداویستیەکانی نەبێت.

زانایانی کۆمەڵناسی و پسپۆرانی ئابووری وایدەبینن کە قەیرانی ئابووری دووبارە کۆمەڵگە و بەهاکان و ڕەفتارەکانی بەشێوەیەکی تووند دادەڕێژێتەوە بەشیوەیەک کە پێشبینی نەکرێت، بۆیە ئێمە پێویستمان بە ئاگادارکردنەوە هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار