وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە؛ ناتانیاهو رێگەمان نادات پێشڕەوی بکەین

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی، وارشۆ

بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی حکومەتی ئیسرائیل، بەهۆی هەبوونی کێشە لە پلانی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەرامبەر جەنگی غەززە دەستی لەکارکێشایەوە.

گانتز پلانێکی بۆ دوای شەڕی غەززە دانابوو و داوای لە ناتانیاهو کردبوو تاوەکو شەممە پەسەندی بکات.

سەر لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 9-6-2024، بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دەستی لە کارکێشایەوە.

بێنی گانتز گوتی، "ناتانیاهو رێگریمان لێدەکات بەرەو بردنەوەی راستەقینە پێشڕەوی بکەین، هەربۆیە ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕەوە حکومەتی کتوپڕ جێدەهێڵین".

بڕیارەکەی گانتز لە دوای ئەوەوە دێت، مانگی رابردوو پلانێکی بۆ جەنگ لە دژی حەماس و رێکارەکانی دوای جەنگ لە غەززە پێشکێشی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرئیل کرد و هۆشداری دایە ئەگەر تاوەکو 8ی حوزەیران پەسەندی نەکات، دەست لەکاردەکێشێتەوە.

لە پلانەکەی گانتزدا هاتووە، حەماس بە تەواوەتی لە غەززە بسڕدرێتەوە و کەرتەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوەیەکگرتووەکان، دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیلەوە بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێت، بەبێ هیچ دەستوەردانێکی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاوا یان فەڵەستینییەکان خۆیان.

رۆژی شەممە، بنیامین ناتانیاهو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام داوای لە گانتز کرد دەست لەکار نەکێشێتەوە و گوتی، "پێویستە یەکگرتوو بین لە نێو خۆماندا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەرکە گەورەیەی بەردەممان.

داوا لە بێنی گانتز دەکەم حکومەتە کتوپڕەکە جێنەهێڵێت. دەست لە یەکگرتوویی هەڵمەگرە".

هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو پەیامەی بۆ وەزیرە زویرەکە نارد، بەڵام گانتز سوور بوو لەسەر دەستەلکارکێشانەوە و ئەمڕۆ بۆ میدیاکانی راگەیاند.

بڕیارەکەی گانتز کاریگەری ناکاتە سەر حکومەتەکەی ناتانیاهو، ئەوەش چونکە پارتەکەی گانتز بەشێک نەبوو لە هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهو لە کنێسێت.

هەربۆیە هاوپەیمانێتێکەی ناتانیاهو پارێزگاری 64 کورسییەکەی خۆی لە پەرلەمانی وڵاتەکە دەکات، کە پێکهاتووە لە 120 کورسی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار