zhyr

150 هەزار کەس لە تەل ئەڤیڤ لە دژی حکومەتی ئیسرائیل خۆپێشاندانیان کرد

4 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاوڵاتی، سلێمانی

زیاتر لە 150 هەزار کەس لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل خۆپێشاندان لە دژی حکومەتی وڵاتەکە دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن. بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانیان گێڕانەوەی بارمتەکانی دەست حەماسە لە غەززە.

رۆژی شەممە 23-6-2024، هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی وڵاتەکە خۆپێشاندانی فراوانیان کرد و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە و گێڕانەوەی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسیان کرد. ئەم خۆپێشاندانانە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەفتانە دەکرێت.

بە گوێرەی رێکخراوی هۆفشی دژە حکومەتی ئیسرائیل، زیاتر لە 150 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان کردووە.

خۆپێشاندەران دەڵێن، بەرپرسانی ئیسرائیل توانای پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلیان نییە و دەبێت حکومەتێکی بەهێزتر و باشتر بهێنرێتە سەر دەسەڵات. هەروەها بەشێکیان دەڵێن، حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهو دیموکراسی نییە و هەڕەشەیە لەسەر گیان و ئازادی خەڵک.

بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەران رەخنەی توند لە حکومەتە راستڕۆکە و بەشێک لە وەزیرانی حکومەتەکە وەک ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل دەگرن و دەڵێن بوونەتە هۆکاری درێژبوونەوەی شەڕەکە و مەترسی خستنە سەر ژیانی بارمتەکان.

لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و نزیکەی 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و  250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. لە بەرامبەردا ئیسرائیل جەنگی دژی حەماس لە غەززە دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا 37 هەزار و 400 هاووڵاتی فەڵەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار