بەخێربێن بۆ سەردەمی خۆر
5 مانگ لەمەوپێش
د. سەردار عەزیز
کاتێک دوو هەفتە لەمەوپێش گەشتمە فڕۆکەخانەی هەولێر، وەهام هەستکرد هەڵدراومەتەوە ناو تەنورێکەوە.
خۆر هەتابێت تینی زیاتر دەبێت لە ناوچەکە.
ئەم گەرمییە لە سەرەوە، لە گەڵ جۆری ژیان و ژیار هێندەی تر هەتاوەکەیان خەستتر کردووەتەوە.
لە ئێستادا لە عێراقدا بۆ ئەوەی بتوانیت لە گەرمای سەرو پلەی پەنجای سەدیدا بژیت، پێویستت بە وزەیەکی زۆر و پیسترکردنی زیاتری ژینگەیە، چ لە بەکاربردنی زیاتری نەوت و گاز و چ لە پشت بەستن بە کارەبا بۆ فێنککردنەوە.
دەتوانین بڵێین لە عێراقدا پێکەوەبونێکی نەرێنی یان نێگەتیڤ لە نێوان خەڵک و ژینگەدا ڕویداوە.
ئەم دۆخە نێگەتیڤە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ژینگە گەرم بوە، بەڵام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت تیایدا بژی دەبێت زیاتر گەرمی بکات، کە لە ئەنجامدا دەگاتە دۆخێک کە بەردەوامیدانی مەحاڵە.
ئەمە تەنها لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمادا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە گۆڕانی دۆخی ڕوەک و زیندەوەر و ئاژەڵەکانیشدا ڕۆڵی هەیە.
ئێستا لە بەشێکی زۆری کوردستانی باشوردا دارخورما دەڕوێت. ئەمە نیشانەیەکی ڕونی گەرمبونی ژینگەیە.
من نامەوێت ڕەهەندە ناسیونالیستیەکەی سیمبولی دارخورما بەرامبەر دار بەڕوو لە عێراقدا بهێنمە ئاراوە، بەڵام بۆ نمونە زاڵبونی دارخورما لە ماڵ خۆمان لە باشور بە سەر دارەکانی تردا نیشانەی ئەوەیە کە ژینگەکە گونجاوە بۆی، ئەمە لە کاتێکدا لە هەزاران ساڵی ڕابورودا گونجاو نەبوو.
لە میانەی سەفەرەکەمدا لەمەڕ ئەم پرسە ئەوەی جێگای سەرنجم بوو، دیموکراتیبونی پی ڤییە، photovoltaic ە. مەبەستم لە ئەمە پشت بەستنی زیاتری خەڵکە بە خۆر وەک سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەم وەرچەرخانە لە ڕاستیدا دیاردەیەکی جیهانییە، وەک دوا ژمارەی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ئاماژەی پێدەکات.
کۆتا ژمارەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی گۆڤارەکە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گەشەی بەرچاو و خێرای پشتبەستنە بە وزەی خۆر وەک سەرچاوەی وزە.
بە پێی گۆڤارەکە خۆر دەبێتە سەرەکیترین سەرچاوەی وزە لە سەر زەوەیی لە کۆتاییەکانی ئەم دەیەیەدا، یانی لە ساڵی ٢٠٣٠دا. لە خوارەوە چەند گرنگییەکی ئەم دیاردەیە دەخەمە ڕوو هەروەها ئەوەش نیشان دەدرێت کە پاشان چی بکرێت لە گەڵیدا.
یەکەم/ پشت بەستن بە وزەی خۆر، یەکێک دەبێت لە گەورەترین وەرچەخانە پێویستەکانی کوردستان و عێراق، بۆ تێکشکانی پەیوەندییە نێگەتیڤەکە.
لەم دۆخەدا هاوکێشەکە وەهای لێدێت: خۆری زۆر وزەی پاکی زۆر. ئەمە سودی ژینگەیی و ئابوریی و سیاسیشی هەیە.
دووەم/ ئەم وەرچەرخانە لە ئەنجامی گەشەی تەکنەلۆجیای سۆلار لە چین هاتە ئاراوە.
پێش هاتنی کاڵای سۆلاری چینی، لە کوردستان پشت بە کۆمپانیا ئەڵمانیەکان دەبەسترا بۆ دابینکردنی تەکنەلۆجیای وزەی خۆر، لە کاتێکدا بێگومان کوالتییان باش بوو، بەڵام نرخیان زۆر بوو، بۆیە وەک ئەندازیارێکی ئەم بوارە پێی گوتم، جاران سۆلار زیاتر تەنها بۆ کۆمپانیا گەورەکان بوو، ئێستا بۆ ماڵەکانیش و هەروەها خەڵکی گوندەکانیشیە.
سێیەم/ نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی ناوەندیی لە چەند دەیەی ڕابورودا توانیویانە پرسی کەمیی کارەبا چارەسەر بکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە گۆڕانی جۆری ژیان و ژیار لە کورستان پێویستی بە وزەی زیاترە، چونکە بەشاربون، ژیانی شوقەی بێ سەوزایی، هەبونی ئامێری زیاتر، بونی زیاتر لە ماڵەوە، هەموو پێویستی زیاتری بە وزەیە، بۆیە پێویستبونی زیاتری وزە لە هەموو وەرزەکاندا، لە گەڵ نەبونی توانای بەرهەمهێنانی وزە بە هەمان گوڕ و خێرایی بۆشاییەکی گەورەی خستوەتە نێوان خواست و دابینکردنەوەوە.
چوارەم/ لە هەرێم و عێراق پشت بە نەوت و غاز دەبەسترێت لە گەڵ گاز بۆ ماتۆڕەکان، کە هەمویان، وەک لێکۆڵینەوەکان سەلماندونیانە، بڕی زیاتر لە نیوەی وزەی بەرهەمهاتویان بەفیڕۆ دەچێت. ئەمە لە کاتێکدا وزەی بەرهەمهاتوی خۆر سەد لە سەدی بەکاردەبرێت. ئەمە سودی ژینگەیی و ئابوری و تەندروستی زۆرە.
پێنجەم/ هەرزانبونی زیاتری ئامێرەکانی وزەی خۆر، کە دەبێت لە ئێستادا هانی ئەمە بدرێت بەوەی کار ئاسانی بۆ بکرێت و باجی لە سەر دانەنرێت، دەبێتە مایەی ئەوەی خەڵک لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و نەیەن بۆ شارەکان کە سەرچاوەی گەرمی ژینگە و پیسی هەواو و نەخۆشیی زیاترە.
دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرین لە کوردستان خەڵک کەپسولیی دەبن.
وەک پێیان گوتم، خەڵک لە سەرەتاوە ژیانی شوقەیان پێ ناخۆشە، بەڵام هەرزوو پێی ڕادێن و پێیان باشە چونکە جێگایەکی ناواقیعییە کە هەموو شتێک تیایدا بەبەردەوامی هەیە، وەک غاز، ئاو لە گەڵ کارەبا.
ئەم دۆخە سوپەر مارکێتییە، ترسناکە چونکە مرۆڤ لە واقیع دادەبڕێت.
مەبەستم لە دۆخی سوپەر مارکێتی ئەو تێکچونە خراپەیە لە نێوان مرۆڤ و سروشتدا.
سوپەرمارکێت شوێنێکە کە هەموو کاتێک هەموو شتێکی تیادایە، کە دۆخێکی واقیعی و سروشتی نیە.
دەکرێت لە ڕووی دابینکردنەوە باش بێت هەرچەندە زیان بەخشە، بەڵام لە ڕوی عەقڵییەوە مرۆڤ لە واقیعی سروشت دادەبڕێت.
نەوەکانی ئێستا نازانن میوەی هاوینە و زستانە کامانەن. دەکرێت وزەی خۆر وەک فریادەرەسێک ببینرێت بۆ ئێمە.
وزەی خۆر لە گەڵ سروشتدا ئاشتمان دەکاتەوە.
هەروەها ڕێگریی لەوەدەکات کە زێدی خۆمان چۆڵ بکەین و بێین بۆ ئەو گردبونەوە ناشیرینەی پێی دەوترێت شار.
لە هەمانکاتدا هاوکاریمان بکات هەتا بتوانین بچێنین، بەرهەم بهێنین و پەرە بە پیشەسازیی بدەین، چونکە وزە لە دڵی هەموو ئەمانەدایە.
بەڵام بەردی بناغەی هەموو ئەمانە پەرەدانە بە کەلتوری ژینگەیی. لە کوردستان کەلتوریی ژینگەیی زۆر لاوازە، چونکە ئامادەیی زانست لە کولتوری ئێمەدا وەک پێویست نەبووە.
بە زۆری مرۆڤی ئەم ناوچەیە خورافەخۆرن.
وزەی خۆر ئەو جۆرە سەرچاوەیەیە کە کەس ناتوانێت دەستی بە سەردا بگرێت، یان وەک نەوت سیستەمێکی سیاسی تەوەزەل دروست ناکات.
بۆیە خۆر چیدی تەنها بابەتی شاعیران نیە، بەڵکو لە ڕێگای پلێتەکانەوە دەبێتە بەشێک لە ژیاری نوێ، هەروەها سەربەخۆییەک بە خاوەنەکەی دەدات.