کییەر ستارمەر کێیە و بەریتانیا بە چ ئاراستەیەک ئەبات؟

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رۆژی 5ی تەمووز دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە حیزبێکی چەپە، زۆرینەی کورسییەکانی بەدەست هێنا.

سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لە حاڵێکدا توانی حیزبی کۆنسێرڤات تووشی قورسترین شکستی 200 ساڵی رابردووی بکاتەوە، کە چوار ساڵ لەوە پێش وەک رێبەری پارتی کرێکارانی بەریتانیا هەڵبژێردرا.

کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لە تەمەنی 61 ساڵیدا لە بەریتانیا دەسەڵاتی گرتە دەست و جارێکیتر پارتی کرێکارانی بەریتانیای هەستاندەوە.

ستارمەر کێیە؟

چۆن توانیویەتی بە دەسەڵات بگات و پارتی کۆنسێرڤاتی بەریتانیا تووشی قورسترین شکستی مێژووی 200 ساڵەی بکاتەوە؟

روانگەی سیاسی چییە و پەیوەندییەکانی چۆن رێکدەخات؟

ژیانی تایبەتی ستارمەر کییەر ستارمەر 61 ساڵ لەوە پێش لە شاری سارەی (Surrey) لە باشووری بەریانیا لە دایکبووە.

لە مناڵیدا مناڵێکی زیرەک و وریا بووە لە قوتابخانە.

جگە لە خوێندن، یاری دووگۆڵی ( فوتبۆڵ)ی ئەکرد و فلووتی ئەژەند. خوشک و براکانی بە "سۆپەر کوڕ) یان کوڕە زۆر زیرەکەکە ناویان ئەبرد.

لە زانکۆکانی لیدز و ئۆکسفۆرد یاسای خویندووە.

دواتر بووە بە پارێزەر و دواتر دادوەر.

لە ساڵی 2015 ەوە دەستی بە کاری سیاسی کردوەو تەنها 9 ساڵ ئەزموونی کاری سیاسی هەیە و بەشی زۆری ژیانی پارێزەر و دادوەر بووە.

باوکی کرێکاری کارگەیەکی دروستکردنی ترۆمبیل بووەو دایکیشی پەرەستار بووە.

دایک و باوکی بە خۆشەویستی ( کییەر هاردی) رێبەری پارتی کرێکارانەوە، ناوی کوڕەکەیان ناوە ( کییەر)، ناوێک کە جارێکیتر بووەوە بە کەسی یەکەمی ئەم پارتە و ئەم پارتەی لە نسکۆ هەڵساندەوە.

ساڵی 2015 ستارمەر بۆ یەکەمجار بوو بە پەرلەمانتار لە سەر لیستی پارتی کرێکاران، ماوەیەکی کورت دوای بوون بە پەرلەمانتاری، دایکی بە هۆی نەخۆشی ( ستیل) ەوە گیانی لە دەستدا.

نەخۆشی ستیل نەخۆشییەکی دەگمەنە و جەستەی کەسەکە توانای بەرگری کردن لە خۆی نامێنێت.

ڕەخنەی دژبەرەکانی ساڵانێکی زۆر رەخنەگرانی ستارمەر، رەخنەی لێدەگرت کە کەسایەتییەکی کاریزمای نییە و توانای رێبەری نییە.

لەسەرئەو باوەڕە بوون وەها کەسێک ناتوانێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمەڵگا ببێت و کاریگەری لەسەر کەسانی ئاسایی ببێت.

بەمەشەوە ستارمەر توانی وەک رێبەرێکی سەرکەوتوو لە هەڵبژاردندا دەرکەوێت.

دوای ئەوەی ساڵی 2019 پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا، جێرمی کۆربین رێبەری پارتی کرێکاران دەستی لە کار کێشایەوەو ستارمەر وەک جێگرەوەی ئەو، دەستی کرد بەکار.

لە حاڵێکدا بوو بە سکرتێری پارتی کرێکاران، کە حیزبەکە ببوو بە دوو بەرەوە، بەرەیەکی چەپگەرا و بەرەیەک کە لایەنگری میانەڕەوی بوو.

پێش ئەوەی ستارمەر ببێت بە سکرتێری پارتی کرێکاران و لە سەردەمی جێرمی کۆربیندا، پارتی کرێکاران روانگەیەکی چەپی رادیکاڵی گرتبووە بەر و ئەمەش ببوو بە هۆی ئەوەی رەخنەی زۆر لەم حیزبە بگیردرێت.

بەڵام سکرتێرە نوێکەی پارتی کرێکاران هەوڵیدا ئاراستەی بیرکردنەوەی ئەم حیزبە بگۆڕێت.

دوای ئەوەی جێرمی کۆربین رەخنەی لەوانە گرت کە "پارتی کرێکاران" بە دژە جوو ناو ئەبەنو لای وابوو ئەو راپۆرتانەدا کە باس لە دژە جوو بوونی ئەم حیزبە کراوە،زێدەڕۆیی تێدایە، ستارمەر بڕیاریدا ئەندامبوونی کۆربین لە حیزب هەڵپەسێرێت.

دواتر لە وتووێژێکدا باسی لەوە کرد رێبەری باش هەندێجار پێویستە "بێ بەزەیی" بێت.

ئەوەی کە ئەم حیزبە بەرەو پارتێکی میانەڕوو رۆیشتووە، لە لایەن بەرەی چەپگەرای حیزبەوە رەخنەی توند هاتۆتە سەر ستارمەر و روانگەی نوێی حیزب.

ستارمەر لە چەند بەڵێنێکی حیزب لەوانە نەهێشتنی تێچووی خوێندن لە زانکۆ و دانانی باج لە سەر داهات پاشگەز بۆوە و ئەمەش رەخنەی باڵی چەپی رادیکاڵی ناو حیزبی لێکەوتەوە.

روانگەی سیاسی ستارمەر ستارمەر پێشتر چەند جار تاریفی جۆبایدنی داوەتەوەو وەسفی جۆبایدنی کردووە لەبەر ئەوەی کار هەلی کار دەڕەخسێنێت و لە پیشەسازی ناوخۆی وڵاتدا سەرمایەگوزاری ئەکات.

تەنانەت گۆڤاری ئێکۆنۆمیست ستارمەری وەک کەسێک وەسف کردووە کە "شەیدای بایدن"ە.

بەشێک لە میدیا بەریتانییەکان لایان وایە بایدن لە ساڵی 2025 لە دەسەڵاتدا ئەمێنێتەوەو واشنگتۆن و لەنەدەن پەیوەندێکی نزیک و دۆستانەیان پێکەوە ئەبێت.

لە پەیوەندلەگەڵ یەکیەتی ئەورووپا ، ستارمەر بەڵێنی داوە کە بەریتانیا لە دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپا بمێنێتەوە، بەڵام هەوڵ ئەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ برۆکسێل هەڵپەسێرێت.

ستارمەر کە لە سەردەمی ڕێفراندۆمی " برێگزیت" دژی ئەوە بوو بەریتانیا لە یەکیەری ئەورووپا بچێتە دەرەوە، بەردەوام باس لەوە ئەکات هەوڵ ئەدات پەرە بە بازرگانی بەریتانیا لەگەڵ یەکیەری ئەورووپا بدات و رێگرییەکان کەم بکاتەوەو هەوڵ ئەدات پەیماننامەیەکی نوێی ئەمنی لەگەڵ ئەم یەکیەتییە واژۆ بکات بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی بەریتانیا و یەکیەتی ئەورووپا، بەتایبەت هەوڵ ئەدات پەیوەندی باسی ببێت لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا.

لە پەیوەند لەگەڵ رووسیا و ئۆکراین، پارتی کرێکاران خۆی بە بەرپرس ئەزانێت کە بەردەوام بێت لە پشتیوانییە ئابووریو سەربازی و دیپلۆماسییەکان لە ئۆکراین.

لە پەیوەند لەگەڵ جەنگی غەزە، ئەم حیزبە لەسەر ئەو باوەڕەیە پێویستە بە زووترین کات جەنگ رابگیردرێت و خوازیاری ئەوەیە فەلەستین وەك وڵاتێکی سەربەخۆ بوونی ببێت و دروستبوونی وڵاتی فەلەستین بە گونجاوترین رێکار ئەزانیت بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی.

لە پەیوەند لەگەڵ ئێران، ستارمەر دوای هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن، پشتیوانی لە بەشداری دەوڵەتی ریشی سۆناک کرد بەوەی کە پشتیوانی لە ئیسرائیل کردووەو لە هەمانکاتدا کارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە تێکدانی ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.

ستارمەر لایەنگری ئەوەیە کە سوپای پاسداران، بەهێزترین باڵی سیاسی کۆماری ئیسلامی بخرێتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە، هەروەها بەردەوام رەخنە لە کۆماری ئیسلامی ئەگرێت کە لە رێگای حیزبە پرۆکسییەکانییەوە، لەوانە حەماس، حزبوڵڵا و حووسییەکان و هێزە شیعەکانی عێراقەوە ، هەوڵی تێکدانی ناوچەکە ئەدات و بووە بە هۆکاری نائارامی ناوچەکە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار