zhyr

ئەدەبی فەیسبوک

3 مانگ لەمەوپێش



دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد

ساڵی ۲٠۱۷ زانکۆی دلهی لە هندستان بڕیارییدا بڵاوکراوەکانی فەیسبوک بۆ پڕۆگرامی زمانی ئینگلیزی زیاد بکات وبخوێندرێت، پێشتریش زانکۆی salford ی بەریتانی  بەرنامەیەکی تایبەت بە سۆشیال میدیای بۆ خوێندنی ماستەر زیاد کرد.

ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە بپرسین ئایا فەیسبوک ئەدەبی تایبەت بەخۆی هەیە، یان شتێک هەیە پێی بوترێت ئەدەبی فەیسبوک؟ ڕەنگە پرسیارەکە ڕاگوزەر بێت بەڵام دەبێت هەڵوەستەی جدی لەسەربکرێت.

لە ئێستادا سۆشیاڵ میدیا و بەتایبەتی فەیسبوک، تەنها پلاتفۆرمێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و میدیایی و ڕیکلام نییە، بەڵکو بۆتە واڵێک بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی ئەدەبی جۆراوجۆر، واڵی فەیسبوک سەکۆیەکی ئازادە بۆ نووسینی ئەدەبی بەتەواوی لقەکانییەوە، بەڵام بێگومان بابەتی باش و خراپی تێدەکەوێت و هەموویان لە یەک ئاستی دیاریکراودا نین.

هەڵبەت ئەگەر بابەتەکە  ڕەگەزە جوانە ئەدەبییەکانیشی تێدا نەبێت، بێگومان دەبینین کاریگەری دروست دەکات و کۆمێنت و لایکی بۆ دێت و ڕەنگە بیر و بۆچوونە نێزیکەکان کارلێک بکەن، کە ڕەنگە لە دونیای پەڕاو و چاپکردندا ئەو کاریگەری و گفتوگۆ دروستکردنە، بوونی نەبێ، وەک ئەوەی لە فەیسبووکدا دەیبینین.

ئەدەبی فەیسبوک جیاوازە لە ئەدەبی نووسراو و چاپکراو، نووسەر لە واڵی فەیسبوک ئازادانە دەنووسێت و پێویستی بە کۆمەڵێک ڕۆتینی چاپ و بڵاوکردنەوە نییە، هەر لەوەرگرتنی ژمارەی سپاردن و بە دووربوون لە چاودێری و سانسۆرەوە بیگرە تا دەگات بە ڕۆتینیاتی دیکەی ناو دەزگا حکومییەکان.

پاشان ڕەنگە بە هۆی کارلێکی نێوان هەوادار و هاوڕێ مەجازییەکانییەوە، بتوانێت لە ڕێگەی وەرگرتنی سەرنج و پێشنیارەکانیانەوە گۆڕانکاریی لەدەقە ئەدەبییەکانیدا بکات.

بەڵام بێگومان زۆرجاریش ئەدەبی فەیسبوک ڕەنگە ئەدەبێکی کەم بەها بێت و مانادار نەبێت، ئەمە جگە لەوەی نووسینەکان ئەرشیف ناکرێن و لەبەردەم مەترسی سڕینەوە و لەناوچووندان، هەروەها ئەدەبی فەیسبوک ئاسانتر پلەیژەریانیزم یاخود دزیی ئەدەبی تێدا دەکرێت، کە ئەمەش خۆی لەخۆییدا دەبێتە کێشە لە ڕووی خاوەندارێتییەوە و مافی نووسەر پارێزراو نییە تێیدا.

سەرباری هەموو ئەوانەش، لە ئێستادا ئەدەبی فەیسبوک یاخود ئەدەبی "ستاتۆسی" بۆتە واقعێکی ئاشکرای  ناو جیهانی ژمارە و داتاکان و ناتوانرێت پەراوێز بخرێت.

زۆر ئەدیب و قەڵەمی جواننووس هەیە، بەڵام توانای چاپکردن وبڵاوکردنەوە و ڕێکخستنی میتینگیان نییە، بۆیە بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر واڵەکانی فەیسبوک، یاخود لە ڕێگای سیستمی zoom ەوە میتینگ بۆ بڵاوکراوەکانیان دەکەن، هەر چەندە زۆرێکیش هەن پێیانوایە تەنها کەمینەیەکی کەمی ئەدیب و شاعیرەکان بەرهەمەکانیان لە فەیسبوک بڵاودەکەنەوە.

ئەمانەش زیاتر ئەو توێژەن کە باوەڕییان بە کتێب و بڵاوکردنەوەی کتێب بە شێوازی هاردبووک هەیە، بەڵام هێشتا زۆرینە کە لاوان و نوسەرانی کەم دەرامەتن، پەنا بۆ فەیسبوک دەبەن.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لەئەدەبی فەیسبوک دەگیرێت کە پێگەیەکە بۆ هەموو جۆرە بڵاوکردنەوەیەک و  زۆرجار بە بەکتریا و ڤایرۆس دەشوبهێنرێت. لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم؛ فەیسبوک دیاردەیەکی دونیای ئەمڕۆیە و گرنگی و خەسڵەتی سەردەمییانەی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە بۆ نووسەرێکیش ئاساییە لە واڵی فەیسبوک بەرهەمەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە، بەڵام چ جۆرە بەرهەمێک؟! بێگومان ئەو جۆرە بەرهەمانەی لەسەر بنەمای زۆریی و بۆریی نەنوسراون و ڕەچاوی چەندایەتی وچۆنایەتییەکەیان کراوە.

ئەوە ڕاستە کە فەیسبوک هۆکارە بۆ ئەوەی تا ڕادەیەک  هەمووان بنووسن، بەڵام بیرمان نەچێت زۆرجار نووسینەکانی نێو فەیسبوک، بەرهەمی دونیایەکی خەیاڵاوی و فەیکن و پەیوەندییان بە واقیعی ژیانی مرۆڤەکانەوە نییە.

بۆیە هەرچەندە نووسەری ناو فەیسبوک زۆریش بێت، دواجار تەنیا نووسەرە جدییەکان دەبنە خاوەنی بەرهەمی نەمر

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار