سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارێکی پەیوەست بە لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان دەرکرد
5 مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات.
ئەمشەو چوارشەممە 10ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیای تاوتوێکرد.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان".
جەخت لەوەکرایەوە، لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق رەتکرایەوە، هەروەها تورکیا دەبێت رەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بکات، مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگی لەگەڵدا بکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەرەیی عێراقەوە هەیە."
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن.
ئەنجومەنەکە دووبارە جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە "رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە دەرچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ."
هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.