ڕۆڵی سازشکاران لە مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!
4 مانگ لەمەوپێش
نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی: عەبدوڕەحمان گەورکی
هەموو ساڵیک بە نزیکبوونەوەمان لە ناوەڕاستی ساڵی زایینی، پرسەکانی پەیوەست بە ئێران لە ئاستی جیهانیدا دەگەنە "لووتکە". زۆر رووداو لە گۆڕەپانی سیاسیدا روودەدەن کە هەریەکەیان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە. ئەمساڵ چەندین نموونەمان لە ئەوروپا بینی. لە نێویاندا ئازادکردنی دیپلۆماتکاری تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) لە بێلژیکا و درانەوەی بە ئێران لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢4، ئازادکردنی جەللاد و خوێنڕێژ و ئەشکەنجەدەر (حەمید نووری) لە سوید و درانەوەی بە ئێران لە 1٥ی جون (حوزیران)ی ٢٠٢٤. لێرەدا و لەم رۆژانەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچی؟ چ دەبێ بکرێت؟
لە ناوخۆی ئێراندا، لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەر (ئەیلول)ی ٢٠٢٢، راپەڕینی گەل، لایەنی (سەرانسەری)ی بە خۆیەوە گرت و رژیمی هەژاند. ساڵێک دواتر، "شەڕی غەززە" لە لایەن ئەم ڕژێمەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ڕۆڵی رێژیمی ئێران دژ بە وڵاتی ئۆکرانیا کاردانەوەی جیهانی هەبووە و نکۆڵی لێ ناکرێت!
سەرەتای هێڵی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی!
ناوەڕاستی ساڵی زایینی لە نێو سەدەی رابردوودا، بیرهێنەرەوەی زۆر بابەتی گرینگی مێژووی ئێرانە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١دا دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی گەیشتە لێواری (رووخاندن) لەلایەن هێزی سەرەکیی کۆمەڵگاوە لە ئێران. هەر بۆیە (خومەینی) خۆپیشاندانی نیو ملیۆن کەسی تارانی پێ قبووڵ نەکرا و لە رێگەی سوپای پاسدارانەوە خەڵتانی خوێنی کردن. دواتر هەرچەشنە چالاکییەکی سیاسی لە دژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی قەدەغە کرا و لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکرد! ئێعدامکردنەکان کوێرانە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری ئێران دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٦٠ (1981ز) "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران"ی لە تاران دامەزراند و لە ٧ی گەلاویژی هەمانساڵ بەرەو پاریس بەڕێکەوت و بە هاوپەیمانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێمی ئێران (ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی حکومەتی ئێران)ی پێکهێنا، کە سەرەڕای پیلانەکانی لایەنانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، هێشتا تاکە ئەڵتەرناتیڤە کە لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئایینیی ئاخوندان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت!
دوای پێکهێنانی "ئەرتەشی ئازادیبەخشی میللی" لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٦ (1987ز) لە سەر سنوورەکانی ئێراندا، ئەم ئەرتەشە لە ٣٠ی جۆزەردانی ١٩٨٨دا گورزێکی کوشندەی وەشاند لە دیکتاتۆرییەتی خومەینی و بەرەو ئەوە دەچوو کە بە خێرایی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خومەینی بڕووخێنێت. خومەینی بۆ مانەوەی رژێمەکەی، لە ترسی ئەوەی رژێمەکەی لە لایەن ئەم ئەرتەشەوە بڕووخێت، بە چەواشەکارییەوە ئاگربەستی ٥٩٨ی نەتەوە یەکگرتووەکانی قبوڵ کرد و توانی بە هاوکاریی سازشکارانی رۆژئاوایی، لە ڕووخاندن ڕزگاری بکات و لە سەر پێ بمێنێتەوە! هەر دوای ئەم ڕووداوە بوو کە خومەینی بە دەرکردنی فەتوایەک، فەرمانی کۆمەڵکوژکردن و ژینۆسایدی موجاهیدینی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. سانسۆر لە میدیای حکومەتدا پەیڕەو کرا و زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری موجاهدینی خەلق بوون، لە سێدارە دران. میرغەزەبانی خۆێنڕێژ، (ئیبراهیم رەئیسی) و (مستەفا پورمحەمەدی) ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری مەرگ بوون لەم تاوانەدا. تاوانەکە هێندە گەورە و قێزەون بوو کە جێنشینی خومەینی لەو کاتەدا، بەڕێز (حوسێنعەلی مۆنتەزەری) ناڕەزایەتی دەربڕی و ئەمەش بووە هۆی لەسەر کار لادانی و پاشان دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە ماڵەکەی خۆیدا تا کاتی مردنی.
ئەم قۆناغە هەرگیز نەگەیشتە پلەی (ئاشتی) لەگەڵ عێراق و پیلان و هێرشەکانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر خاکی عێراق بەردەوام بوو. چونکە دیکتاتۆری ئێران باوەڕی بە ئاشتی نەبووە و نییە و دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری کۆنەپەرستانەیە و فرەخوازە. دیارترین لایەنی ئەمکارەش، بەرپاکردنی ئەو شەڕەیە لە دژی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت بەشداریکردنیەتی لەو شەڕانەدا کە دوورن لە سنوورەکانی ئێران. مەبەست لەم بەشداریکردنەیش، بە لاڕێدابردنی سەرنجی گەلانی جیهانە لە سەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران بەرەو شتی دیکە. ئەمەیش وەک فێڵێکی هەمیشەیی ئەم ڕژێمە.
پێویستە بگوترێ وەلی فەقێهی دەسەڵاتدار توانیبووی لە پێوەند لەگەڵ ئەم کۆمەڵکۆژییە دڵڕەقانەیەدا لە ساڵی 1988، ئەو لایەنانەی تینووی (دۆڵار) و (نەوت)ن، وا لێبکات گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە نەکەنەوە، کە بە گوتەی زۆرێک لە مافناسانی بەرجەستەی نێودەوڵەتی، (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینوساید)ە.
ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە سازان لەگەڵ رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران لەگەڵ دۆستایەتیکردنی خەڵک و موقاومەتی ئێران یەک ناگرێتەوە. مەحاڵە ڕکابەری سەرەکی کە مەبەست هەمان (ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک)ە بخرێتە پشت گوێ. لەم ساڵانەدا، ڕەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم زۆر جار هەستان بە داتاشینی "ئەڵتەرناتیڤ" بۆ ئەم ڕژێمە تیرۆریستییە و هەندێک کەسیان بەرجەستە کرد و لە رووی سیاسی و پروپاگەندەوە پشتیوانییان لێکرد و بە دروشمە بریقەدارەکانی خۆیان، دروشمە ڕەسەنەکانی گەلیان خستە پەڕاوێزەوە و بیروڕای گشتی خەڵکی ئێرانیان بە لاڕێدا برد. بەڵام جگە لە شکست هیچیتریان پێ نەبڕا. چونکە ئەوەی چاندبوویان ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا نەبوو!
وشەی کۆتایی
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران لە ناوەڕاستی ساڵی زایینیدا لە ئەوروپا، کابوسی ساڵانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێرانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ساڵانە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماتیکی و تیرۆریستی و پڕوپاگەندەیی بەرفراوان دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگری لە بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکە بگرێت. ساڵی ٢٠١٨ دیپلۆماتکاری تیرۆریست، (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) وەک فەرماندەی تاقمێکی تیرۆریستی، کە هەوڵی تەقاندنەوەی ئەم گردبوونەوەیان دابوو، لەگەڵ گرۆپە تیرۆریستییەکەی دەستگیرکران و خرانە ناو زیندانەوە.
ئەمساڵیش لە سەروبەندی ئەم گردبوونەوەیەدا، لە پیلانێکی گاڵتەجاڕانەدا و بە ئازادکردنی بارمتەی فەرەنسی، سازشکارانی ئەم وڵاتەی ناچار کرد یەکێک لە بنکەکانی موقاومەتی لە فەرەنسا بپشکنن، کە هەڵبەت زۆری نەخایاند دەرکەوت کە ئەم هەنگاوە لە لایەن ئێرانەوە دیاری و رێنوێنی کراوە! لە پیلانگەلێکی هاوشێوەدا، بە ئازادکردنی بارمتەی سویدی و بێلژیکی، بکوژان و تیرۆریستان (حەمید نووری) و (ئەسەدوڵڵا ئەسعەدی) گەڕانەوە تاران!
ئەگەرچی ئەم کردەوانە قێزەون و دژ بە پێوەرەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤن لە جیهاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە "سەری ڕەشەماری ویلایەتی فەقیهی" و "بانکەوانی تیرۆریزم لە جیهاندا" لە (تاران)ە و نابێ پشتگوێ بخرێت. پێویستە سەری مارەکە لە تاران پان بکرێتەوە بۆ ئەوەی جیهان و ناوچەکە و ئێران لە تیرۆر ڕزگاریان بێت و ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ جیهان بگەڕێتەوە!