سەر و جەستەکان

6 ساڵ لەمەوپێش



 شاڵاو عومەر
کاتێک تۆ قیاس یان پێوانەیەک دەکەیت، لەسەر کۆمەڵێک بنەما، ئەم پێوانکارییە دەبەیت بەڕێوە، بڕیار لەقەبارە و هێندەکی پێوراوەکانت دەدەیت، ڕەنگە لەسەر ئەساسی بەراوردکردنیش ئەم قیاسکارییە ئەنجامبدرێت، لەکاتێکدا تۆ دوو پێدراوو دوو هەبووت هەیە لەسەر بناغەی ئەم دوانە بڕیار لەقیاسی هەریەک لەم دووە دەدەیت.
دابەشکردنی حزبەکانی ئێمە بۆ دوو بەش، بەشێکیان سەری حزبەکە لەلاشەی حزبەکە گەورەترە، دووەمیان بەپێچەوانەوە سەری حزبەکە لەجەستەی حزبەکە بچوکترەو جەستەی حزبەکە زۆر گەورەترە لەسەری حزبەکە کەسەرۆک و ڕێکخەری حزبەکەیە.
دیارە ئەم دابەشکارییە هەر لەسەرەتاوە بۆ من جێی وردبوونەوەیە، لەخاڵی یەکەمدا روونە دەسەڵاتی سەرۆکەکان لەنێو حزبەکانیاندا جیاوازە، بەپێی جیاوازی لەپەیڕەو دەستووری حزبەکانیاندا، سەرۆکمان هەیە بڕیاردەری کۆتایی حزبەکەیەتی و کۆتا بڕیار بەبێ چەندو چوون لەلای ئەوە، بەڵام سەرۆکی ترمان هەیە تەنیا بوونێکی رەمزییەو دەسەڵاتێکی وای نییە، بۆیە ئەم تێڕوانین و پێوانەکارییە هەر لەخاڵی یەکەمەوە ئەکەوێتە ژێر پرسیارو گومانەوە.
بەهەمان شێوە بۆ جەستەکەش ڕاستە، کەجەستەی هەندێک حزب دەسەڵاتی زیاترەو بڕیاری کۆتای لای ئەوەو دەتوانێ بەپێی پەیڕەوو دەستووری حزبەکەی بڕیاری کۆتایی بدات، بەڵام حزبانێکی ترمان هەیە بڕیاری کۆتایی لای سەرۆک و سەری جەستەکەیە، بڕیاری کادرو ئەندامانی ئەگەر کاریگەریش بێت هێندەی سەرۆکەکانیان کاریگەر نییە.
جیاوازکاری لەجەستەی حزبەکاندا، دیارە جەستە لێرەدا مەبەست کادیرو هەڵسوڕاو ئەندامانی حزبەکانن لەئاستە جیاوزو پۆستە جیاوازەکانیاندا، دوورو نزیکیان لەناوەندی دەسەڵات و سەرۆک و مەکتەبی سیاسی و جڤاتەکانیان و سەرکردایەتیان کاریگەرە بۆ کاریگەربوونی بڕیاریان.
ئێمە بۆمان ڕوون نییە چۆن بڕیار لەبچووکی و گەورەیی ئەم جەستانە دراوە، چۆن هەندێک بەبچووک و گەورە دەقەبڵێنرێت، لەسەر چ بنەمایەک هەندێک سەر بەگەورەو هەندێک جەستە بەبچووک دادەنرێت.
گەورە بچووکی لەدنیای سیاسی و حزبی سیاسیدا ڕوئیاو دنیابینی حزب و تاک و کادرو هەڵسوڕاوانی نێو ئەم حزبانەیە، پەیڕەوو پڕۆگرامی حزبەکەیە، تێڕوانینی بۆ خۆی و بۆ ئەوانەی بەرامبەرو دۆست و ڕکابەرەکانیەتی، ئەکت و جورئەتی بەدیلبوون، ڕادیکاڵیەت و کردارەکانی ڕابردوو ئێستایەتی.
هیچ کام لەم جەستانە جیاوازییەکی وایان پیشاننەداوە تا بۆ من جیاواز بن، ئەو جیاوازیەشی هەیە لەدژایەتیکردنی گەندەڵی و ئیدامەدان بەگەندەڵیدا زەقبووەتەوە، ڕەنگە ئەمەش بێویژدانی بێت دنیا دابەشکەیت بۆ ڕەش و سپی تۆ پێت وابوو ئەوەی لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان یان کۆمەڵی ئیسلامیدا بوو خوا بەتایبەت ناردویەتی بۆ سەر زەوی و بەرییە لە هەر بەرژەوەندییەکی شەخسی و فێڵ و فڕو گزیکردن، ئەوەشی لەنێو پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتیمانی بوو ئیبلیسەو بوون بەپارتی بوونیش هەر بۆ پارەیە و چییەکات لەنێو یەکێتیدا ئەگەر بۆ گەندەڵی و دزی و گەندەڵی نیە؟
ئەم تێڕوانییە تێڕوانینێکی زۆر کورتبینانەیە، چاوێکی لەنێو عەتف و چاوکێکی تریشی لەنێو خود ئەڤینی و ماکیاجکردنی خودایە، فیکرێکی تەمەڵەو ناوردبینە کە ناتوانی ئەو هەموو خزمەت و بەرهەمهێنانەی نێو دنیای ئێمەو هەرێمی کوردستان ببینێت.
جیاوازی بۆ من خەون و دنیا بینییە، ئەو دنیا کام دنیایە بانگەشەی بۆ ئەکەن و دەیانەوێ بەرهەمی بهێنن، کام دنیایە کە دەشێ لەداهاتودا تێیدا بژین، گرنگی و گەورەیی ئەم دنیا لەکوێدایە، بوونەکانی نێو ئەم دنیایە چین، ئەهمەتی من چەنێکە لەم دنیایە، ئاخر قورسە تۆ بڕوا بەگەورەیی ئەم دنیا بکەی لەکاتێکدا ڕۆژانە ئێمە سایت و تیڤی و کەناڵەکانی ئەم حزبە جەستە گەورانە دەکەینەوە بەجوێن و تەخوین دەستپێدەکات، تۆ کاتێک ئینسانێک لەکەرامەت و جوانییەکانی دادەماڵیت، کێ بڕوا بەوە دەکات تۆ دەتەوێ دنیا بۆ ئەم بوونە بەرهەم بهێنیت و دۆزەخ بەرهەم ناهێنیت.
کادران و هەڵسوڕاوانی هەردولا هەمان جەستەو قەبارەیان هەیە، من نامەوێ قسە لەسەر یەکێتی و پارتی بکەم لەم نوسینەدا زۆرن ئەوانی قسەیان لەسەر کادرانی یەکێتی و پارتی کردووە، بێ چەندو چوون بڕیاری سەرۆکەکانیان جێبەجێ دەکەن، ڕەنگە ئەمەش بەتەواوەتی ڕاست نەبێ، بەڵام قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە ئامانجی نوسینەکەی من نیە.
ئەوەی بۆ من گرنگە لێرەدا بۆ دەبێ جەستەیەک بۆ تۆ گەورەبێت و جەستەیەکی دی بچووک، لەکاتێکدا لەجەوهەردا هەمان شتن تۆ تەماشاکە ئازیز ئەو جەستە گەورەیە چۆن دوای دیار کۆچی ڕێکخەری ڕابردووی چۆن لەجوڵە کەوت و پەکی کەوت، چۆن هیچ ئەکتێکی نەماو لەجوڵە کەوت، نێررانە ماڵەوە لەحکومەت و پەرلەمان چییان کرد، چ هەڵوێستێکیان هەبوو، چییان کرد تاڕێگربن لەمە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٢/٥ بە تەقە بەسەردا سەپێنرا چییان کرد، لەشەقام دابڕاون و تەنانەت ژمارەیەکی کەمی خەڵکیشیان پێ ناهێنرێتە سەر جادە، ئاخر ئازیز ناکرێ پێمان بڵێی کوێی ئەم جەستە گەورەیە، کوێی ئەم جەستە بۆ تۆ گەورەیە، ئەم جەستە جگە لەزمانی کوێی گەورەیە ئەویش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان نا بۆ پەرت پەرت کردنی ڕۆحیەت و کۆمەڵگای ئێمە.
کۆی جستەکان هەمان جەستەن هیچ جیاوازییەک نابینم، لەبەشەکانی داهاتودا زیاتر ئەچمە نێو ئەم بابەتەوە....

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار