كەوتنی دەمامكەكان

11 مانگ لەمەوپێش



سەرتیپ جەوهەر

تا مەلیكی سعودیە (سەلمان بن عەبدولعەزیز) لە 2015 نەمرد، نەمانزانی زۆربەی كەناڵە ئیباحیی یان نیوە رووتەكانی وەك (مەزیكا، میلۆدی، رۆتانا، ئەغانینا..تد) هی كيَن. كەناڵەكان بەرنامەكانیان راگرت و دەستیان بەشین و گریان كردو هەموو بەرنامەكانیان كردە خوێندنەوەی قورئان، لەوەوە ئاشكرابوو هەموو ئەو كەناڵە تەلفزیۆنیانە موخابەراتی سعودیە دروستیكردوون.

لەم هەڵبژاردنەی كوردستانیش دەركەوت كە بەشێك لەو بەناو چالاكوان و ناڕازییانەی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی كەرۆژانە لایفیان لەدژی بەرپرسانی هەرێم دەكردەو هەرچی تەشهیرو قسەی ناشرین هەیە بەخەڵكیان دەكرد، دروستكراوی پارتی و یەكێتین، بۆیە وا قل قڵ ئاشكرا دەبن كاندیدی یەكێتین یان پارتیی.

لە خولی رابردووی پەرلەمان بەشێك لەحزبەكان دۆرەنگێو و بەندبێژو خەڵكی نەخوێندەواریان بردە پەرلەمان و زیانێكی زۆر گەورەی بەشەخسیەتی مەعنەوی پەرلەمانتاری كوردستان و رۆڵی پەرلەمان گەیاند، ئەمجارە نەك درۆەنگێو و بەندبێژ، بەڵكو تیكتۆكچی و ئەوانەی لەلایفی تۆڕی كۆمەڵایەتیی سوكایەتیان بەخەڵك دەكرد بەربژێرن، تۆ بڵێی ئەم خولە چەندە پەرلەمان بێ بەها بكات؟

زەرەرەكە تەنها لێرەوە ناوەستێت، بەڵكو ئەو چالاكوانە ساختە و تیكتۆكچیانە زیانی گەورە بەو خەڵكانەش دەگەیەنن كە ئۆپۆزسیۆنی موحتەرەم و راستەقینەن، متمانەی خەڵك بەئۆپۆزسیۆنی موحتەرەم و خەڵكی ناڕازیی زۆر لاواز دەكەن كەبەداخەوە پارتی و یەكێتیی بەپلەی یەكەم لێی بەرپرسیارن، چونكە ئەوان ئەو خەڵكە ناموحتەرەم و خراپانەیان لەكوردستان و لەئەوروپاو ئەمریكا بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروستكردوو ئێستاش قل قل دەیانهێننەوە بەربژێریان دەكەن گوایە لایك و فۆڵۆوی فەیسبوك و تیكتۆكیان زۆرە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار