هه‌ڵبژێردراوانی 58مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" دیاری کران

4 مانگ لەمەوپێش



مەنسوور جیهانی

هه‌ڵبژێردراوانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" و به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" له په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" KVIFF له وڵاتی کۆماری چیک ده‌ستنیشان کران.

ڕێوڕه‌سمی کۆتایی په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" Karlovy Vary  له هۆڵی هوتێل "تێرماڵ" له شاری کاڕلۆڤی ڤاری له وڵاتی چیک به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" Crystal Globe و به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" Proxima  دیاری کران و خه‌ڵاتی "گۆی بلوورین" و هه‌روه‌ها بڕیی پاره‌ی ئه‌م ڕووداوه گرینگ و پله‌ یه‌که‌ی سینه‌مای جیهانیان پێشکه‌ش کرا.

 

براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین"

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" Crystal Globe  له په‌نجا و هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" که بریتی بوون له: "کریستییه‌ن واچۆن" Christine Vachon به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌‌ریکا، "جێۆفرێی ڕاش" Geoffrey Rush  ئه‌کته‌ر له وڵاتی ئۆستۆڕالیا، "سێجون" Sjón  سیناریۆنووس و نووسه‌ر له وڵاتی ئیسله‌ندا، خاتوو "ئێلیشکا کرینکۆڤا" Eliška Křenková  ئه‌کته‌ر له وڵاتی کۆماری چیک و هه‌روه‌ها "گابۆر رێیس" Gábor Reisz  ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و ئاوازدانه‌ر له وڵاتی هه‌نگاریا، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

 

خه‌ڵاتی گه‌وره

به‌ڵگه فیلمی بڵیندی "ڕوانینێکی له‌ناکاو بۆ شته قووڵه‌کان" A Sudden Glimpse to Deeper Things  له ده‌رهێنانی "ماڕک کازین" Mark Cousins  فیلمسازی سکۆتله‌ندی ـ ئیرله‌ندی، خه‌ڵاتی گه‌وره گۆی بلوورینی باشترین فیلم و بڕی پاره‌ی ٢٥ هه‌زار دولاری به‌ده‌ستهێنا.

 

 

 

 

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران

فیلمی سینه‌مایی "ئه‌ویندارییه‌تی" Loveable  له ده‌رهێنانی خاتوو "لیلیا ئینگۆلفسدۆتیر" Lilja Ingolfsdottir  به‌رهه‌می وڵاتی نۆڕوێژ، خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران و بڕیی پاره‌ی ١٥ هه‌زار دولاری پێبه‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنان

خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ش به خاتوو "نێلیسیا لۆو" Nelicia Low  بۆ ده‌رهێنانی فیلمی سینه‌مایی "کون کردن" Pierce  به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی سه‌نگاپوور، تایوان و پۆڵه‌ندا پێشکه‌ش کرا.

 

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن به "هێلگا گۆرێن" Helga Guren  بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی "ئه‌ویندارییه‌تی" Loveable  به‌رهه‌می وڵاتی نۆڕوێژ به‌خشرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری پیاو، به شێوه‌ی هاوبه‌ش به "تون کاس" Ton Kas  و "گۆویدۆ پۆلێماس" Guido Pollemas  بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینه‌مایی "سێ ڕۆژیی ماسی" Three Days of Fish به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی هۆڵه‌ندا و به‌لژیکا پێشکه‌ش کرا.

 

ڕێزلێنانی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی "گۆی بلوورین" له فیلمی سینه‌مایی "که‌وڵکردنی به‌رازه خۆشه‌ویسته‌که‌ی ئێمه" Our Lovely Pig Slaughter له ده‌رهێنانی "ئادام ماڕتینک" Adam Martinec به‌رهه‌می وڵاتی کۆماری چیک و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "خوفتێکس" Xoftex  له ده‌رهێنانی "نواز دێشه" Noaz Deshe  به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕ‌ه‌نسا به شێوه‌ی هاوبه‌ش ڕێزیی تایبه‌تیان لێگیرا.  

 

خه‌ڵاتی بینه‌رانی "پڕاڤو"

خه‌ڵاتی بینه‌رانی "پڕاڤۆ" Právo  له‌م ڕووداوه هونه‌رییه به فیلمی سینه‌مایی "شه‌پۆله‌کان" Waves  له ده‌رهێنانی "جیرێی مێدڵ" Jiří Mádl  به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی کۆماری چیک و کۆماری سلۆڤانیا گه‌یشت.

براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما"

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی "پڕاکسیما" Proxima  له‌م ڕووداوه گرینگ و پله یه‌که‌ی سینه‌مای جیهان، که بریتی بوون له: خاتوو "بیانکا بالبۆئێنا" Bianca Balbuena  به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی فیلیپین، "ڤۆتێر یانسێن" Wouter Jansen بڵاوکه‌ره‌وه‌ی فیلم له وڵاتی هۆڵه‌ندا، خاتوو "ئادێلا کۆمێرزی" Adéla Komrzý  ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆماری چیک، "محه‌‌مه‌د کۆردۆڤانی" Mohamed Kordofani  ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سوودان و هه‌روه‌ها "دانێلا میشێل" Daniela Michel  به‌رپرسی هونه‌ریی له وڵاتی مه‌کزیک، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

 

خه‌ڵاتی گه‌وره

خه‌ڵاتی گه‌وره و بڕیی پاره‌ی ١٥ هه‌زار دولاری به فیلمی سینه‌مایی "نامۆ" Stranger له ده‌رهێنانی "ژێنگفان یانگ" Zhengfan Yang  به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌مه‌ریکا، چین، هۆڵه‌ندا، نۆڕوێژ و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

 

خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران

خه‌ڵاتی  تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران و بڕیی پاره‌ی ١٠ هه‌زار دولاری ئه‌م به‌شه‌ش به به‌ڵگه‌ فیلمی بڵیندی "شه‌و داهات" Night Has Come  له ده‌رهێنانی "پائۆلۆ تیزۆن" Paolo Tizón  به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی پیڕۆ، ئیسپانیا و مه‌کزیک و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "مارس تا مایی" March to May  له ده‌رهێنانی "ماڕتین پاوڵ ڕێپکا" Martin Pavol Repka  به‌رهه‌می وڵاتی کۆماری چیک گه‌یشت.

 

خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" به "ئێڤان ترۆجان" و "کڵایۆ ئۆێن"

له درێژه‌ی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، خه‌ڵاتی "سه‌رۆکی فێستیڤاڵ" له لایه‌ن "جیری بارتۆشکا" Jiří Bartoška  به‌رپرسی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری" به "ئێڤان ترۆجان" Ivan Trojan  ئه‌کته‌ری ناوداری وڵاتی چیک و "کڵایۆ ئۆێن" Clive Owen  ئه‌کته‌ری به‌ریتانی پێشکه‌‌ش کرا.

نمایشی فیلمی سینه‌مایی "سێو" له به‌رهه‌مهێنانی "کێت بلانشێت"

له ڕێوڕه‌سمی کۆتایی په‌نجا و هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "کاڕلۆڤی ڤاری"، فیلمی سینه‌مایی "سێو" Apples  له ده‌رهێنانی "کریستۆس نیکوو" Christos Nikou، له به‌رهه‌مهێنانی "کێت بلانشێت" Cate Blanchett  و به ڕۆل بینینی "جێسی بۆکلێی" Jesse Buckley  و "ریز ئه‌حمه‌د" Riz Ahmed نمایش کرا.

 

بۆ زانیاری زیاتر:

https://www.kviff.com/en/homepage


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار