نه‌خشه‌ڕێیه‌ک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ساخته‌کارى رێکخراو له‌پڕۆسه‌کانى هه‌ڵبژاردن

6 ساڵ لەمەوپێش



 ياساناس/ مەهدى حەمزە 
ساخته‌کارى رێکخراوو فراوان له‌هه‌رێمى کوردستان بۆته‌ دیارده‌و به‌رده‌وام بێمنه‌تانه‌و بێباکانه‌ بره‌وى زیاترى پێدراوه‌، له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک به‌ده‌م رێگا باوه‌ ته‌قلیدیه‌کان فۆڕمى تازه‌ى بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌ بێگوێدانه‌ هیچ به‌هاو مۆڕاڵ و پڕه‌نسیپێک. ئه‌م تاوانه‌ بۆته‌ کاریسه‌و مه‌ترسییه‌کى ئێجگار گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئێستاو داهاتووى نیشتمان و نه‌ته‌وه‌و دۆزى کورد له‌هه‌رێمى کوردستان. بۆیه‌ ئه‌رکى سه‌ره‌کى له‌پێشینه‌ى تاک به‌تاک و هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌ سنوورێکى بۆ دابنێن، به‌داخه‌وه‌ نابێ چاوه‌ڕێى چاکبوون و به‌خۆداهاتنه‌وه‌ى دووهێزى ده‌سه‌ڵات بین چونکه‌ ئه‌وان مانه‌وه‌و به‌رده‌وامییان به‌نده‌ به‌کرده‌ى ناڕه‌وایى و بوونى گه‌نده‌ڵى و قۆرخکارى.
به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌ یه‌کێک له‌سه‌ره‌کیترین رێخۆشکردنه‌کان بۆ ساخته‌کارى به‌شدارنه‌بوونى ده‌نگده‌رانه‌ له‌پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، له‌هه‌ڵبژاردنى 30/9/2018 ئه‌وه‌ به‌ڕوونى ده‌رکه‌وت، دوو هێزى ده‌سه‌ڵات نه‌یانتوانى ده‌ستکارى ده‌نگى هێزه‌کان بکه‌ن به‌ڵکوته‌نها توانیان به‌ساخته‌کارى ده‌نگى ناڕه‌وا له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان و دووکانه‌ سیاسیه‌کانیان زیادبکه‌ن له‌شوێنى ئه‌وانه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌بوون و بایکۆتیان کرد.
ئه‌گه‌ر هاونیشتمانیانى وڵاتانى پێشکه‌وتوو و خۆشگوزه‌ران پاساوى رێژه‌ى که‌مى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان هه‌بێ به‌هۆى حوکمڕانى ره‌شیدو کێبڕکێى شه‌ریفانه‌ى هێزه‌ سیاسییه‌کان و خۆشگوزه‌رانى له‌وڵات، ئه‌وا بۆ هاونیشمانیانى هه‌رێمى کوردستان پاساوه‌ بۆ به‌شدارى راسته‌قینه‌و قوربانیدان بۆ چاککردنى دۆخى گشتى و رزگاربوونمان له‌و دوو حزبه‌ بێ مۆڕاڵ له‌سیاسه‌ت و  چاوچنۆک و قۆرخکاره‌ له‌هه‌رێم، ده‌نگده‌رانى هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێک زیاتر له‌نیوه‌یان به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نابن و به‌شێکى به‌رچاویشیان هاوکارى دووحزبى ده‌سه‌ڵاتن بۆ ساخته‌کارى و ئه‌وه‌شى ده‌مێنێته‌وه‌ زۆرینه‌یان به‌نا وشیارى و ساده‌یى و له‌ژێر کاریگه‌رى سۆزو گوتارى حه‌ماسى ده‌نگ به‌لیست و کاندیده‌کان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ هه‌موو خوله‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان کوالیتى ته‌شریع و ئه‌دایان له‌ئاستى پێویست نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها  زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆرى په‌رله‌مانتاره‌کانمان تووشى بێکارى ده‌مامکدراو بوون (البطالة‌ المقنعه‌) له‌کارى په‌رله‌مانتارى به‌هۆى لێنه‌وه‌شاوه‌یى و ناشایسته‌یى و ناپسپۆڕى له‌پیشه‌که‌یان و خۆته‌رخان نه‌کردن بۆ کارى په‌رله‌مانتارى ، چاکبوونى دۆخى گشتى هه‌رێمى کوردستان و هه‌نگاونان به‌ره‌و حوکمڕانییه‌کى ره‌شید، سه‌ره‌تا  پێویستى به‌گۆڕانکارییه‌ له‌ناخ و بیرکردنه‌وه‌ى تاکه‌کانمان .
ئه‌گه‌ر دیراسه‌یه‌کى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بکه‌ین له‌هه‌رێمى کوردستان  له‌ڕووى جێبه‌جێکردنى ئه‌رکى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌و رێگرى له‌ساخته‌کارى رێکخراوو فراوان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ رێژه‌ى که‌متر له‌نیوه‌ى ئه‌رکى خۆیان جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ . له‌کاتێکدا دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌رێم به‌ڕۆژى رووناک و به‌وپه‌ڕى بێ منه‌تییه‌وه‌ به‌زیاده‌وه‌ ده‌ستیان بۆ شێوه‌و شێوازه‌کانى ساخته‌کارى بردووه‌ به‌ئامانجى ده‌سته‌به‌رکردنى زۆرترین ده‌نگ به‌شێوه‌ى ناڕه‌وا له‌پێناو مانه‌وه‌و به‌رده‌وامى ده‌سه‌ڵاتیان بێگوێدانه‌ به‌زاندنى هێڵى سورى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى و ته‌نانه‌ت گوێ به‌مێژووى دوورو نزیکیش ناده‌ن.
 خۆزگه‌ ده‌نگده‌ران بۆ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى به‌گرنگیه‌وه‌ کاریان ده‌کرد له‌سه‌ر ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ (ئایا ره‌وایه‌ بایکۆت له‌نێوان هه‌ڵبژاردنى مشورخۆرو مشه‌خۆر له‌پێناو خۆت و هه‌رێمه‌که‌ت) له‌حاڵێکدا هاونیشتمانیان خاوه‌نى راسته‌قینه‌ى نیشتمان و ده‌سه‌ڵاتن له‌هه‌رێم.
هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌که‌نه‌وه‌ که‌هه‌ڵبژاردن تاکه‌ رێگاى خێراو مه‌ده‌نى و به‌رهه‌مدارى به‌رده‌میانه‌ بۆ گۆڕانکارى و هێنانه‌کایه‌ى حوکمڕانییه‌کى شایسته‌. 
له‌کاتێکدا ئه‌م هێزانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌رکه‌کانى خۆیان ئه‌نجامبده‌ن به‌رامبه‌ر زه‌مینه‌سازى و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێکى دوور له‌ساخته‌کارى رێکخراو و فراوان جگه‌ له‌هات و هاوارێکى گه‌وره‌ى بێ کردار. 
به‌هۆى ئه‌وه‌ى ساخته‌کارى له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێم بۆته‌ ئامانج و پیشه‌، پڕۆسه‌ى سیاسى و ره‌وایه‌تى حوکمڕانى خستۆته‌ ژێر پرسیار، بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ و ته‌قه‌لاکانیان یه‌کخه‌ن تا ئه‌نجامدانى هه‌ر هه‌ڵبژاردنێکى داهاتوو، ئه‌ویش به‌ئه‌نجامدانى ئه‌م ئه‌رکانه‌ى خواره‌وه‌:
1. فیدراسیۆنێکى نیشتمانى پێکبهێنرێ بۆ چاودێرى کاره‌کانى کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ساخته‌کارى له‌هه‌ڵبژاردن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یکه‌رو پێکهاته‌و ئه‌رک و به‌رپرسیارێتییه‌که‌ى پێویستى به‌ ره‌چاوى سروشتى کاره‌که‌و واقیعى کوردستان هه‌یه‌.
2.هێزه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات گرنگى ته‌واوبده‌ن به‌ده‌زگاکانى هه‌ڵبژاردنیان.
3. داکۆکى کردن تا له‌عێراق سه‌رژمێرى بکرێ ئه‌گه‌رنا وه‌کو ئه‌لته‌رناتیڤ فشاربکرێ تا سیستمى بایۆمه‌ترى فه‌رمانبه‌ران ته‌کمیله‌ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ى تۆمارێکى پاکى هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بکرێ.
4.  ساڵانه‌ هه‌فته‌ى نیشتمانى ریسواکردن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ساخته‌کارى هه‌ڵبژاردن به‌گه‌رموگوڕى له‌شارو شارۆچکه‌کانى هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێ، هه‌روه‌ها کۆنفڕانسێکى گه‌وره‌ش هه‌رجاره‌و له‌شارێکى کوردستان ئه‌نجامبدرێ.
5. دروستکردنى پردى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م باڵیۆزه‌کانى وڵاتانى بیانى و نوێنه‌رایه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان له‌به‌غدادو قونسوڵحانه‌کان له‌هه‌رێم، بۆ پاڵپشتیان له‌م پرسه‌.
6. دروستکردنى هه‌ماهه‌نگى جیددى له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تایبه‌ت به‌م پرسه‌.
7. پاڵپشتى کردنى نوێنه‌رى هێزه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌کۆمسیۆن، تا چالاکترو به‌دیقه‌ت و به‌به‌رپرسیارێتى زیاتره‌وه‌ ئه‌رکه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ به‌رده‌وامى بوونه‌ له‌ گه‌رموگوڕی و پشوونه‌دان به‌ئاگایی و دوور له‌غافڵگیرى.
8. هێزه‌ سیاسییه‌کان سندوقێکى تایبه‌ت به‌خه‌رجییه‌کانى هه‌ڵبژاردن دروستبکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بریکارى چالاک و راهێنراو بۆ سه‌ر ته‌واوى سندوقه‌کانى ده‌نگدان له‌ هه‌ربنکه‌ و وێستگه‌یه‌ک و بۆ هه‌موو هه‌نگاوه‌کانى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بکه‌ن به‌جۆرێک تواناى له‌ئه‌ستۆگرتنى ئه‌رکه‌که‌و خۆڕاگرى و یاداشتکردنى پێشێلکارى و نووسینى سکاڵایان هه‌بێ له‌به‌رامبه‌ردا پاداشتى شایسته‌ى دارایى بکرێن.
9. دروستکردنى هه‌ماهه‌نگییه‌کى کاراو جیددى له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ ده‌ستورییه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندو حزب و رێکخراوه‌کان له‌عێراق بۆ دانانى سنوورێک بۆ ساخته‌کاریه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان.
10. هاوکارى دارایى پێویست و راسپاردنى چه‌ند شاره‌زایه‌ک له‌بوارى هه‌ڵبژاردن بۆ یاداشتکردن و ده‌ستنیشانکردنى شێوه‌و شێوازه‌کانى ته‌زویرى هه‌ڵبژاردن له‌کوردستان و ئاماده‌کردنى توێژینه‌وه‌ له‌م پرسه‌، به‌جۆرێک له‌پاڵ ده‌ستنیشانکردنى بۆشاییه‌ ته‌شریعى و یاساییه‌کان، ده‌ستنیشانکردنى گرفتى رێککارو لایه‌نه‌ کارگێڕى و مرۆییه‌کان   به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م دیارده‌یه‌.
11.جیددى بوون له‌به‌سزاگه‌یاندنى هه‌ر تاک و لایه‌نێک که‌ به‌به‌ڵگه‌وه‌ به‌شدارى ته‌زویرى له‌سه‌ر ده‌سه‌لمێ.  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ به‌ رێککارى یاسایی زۆر سه‌رسه‌ختانه‌ به‌ئه‌ندازه‌ى به‌شداربوونیان له‌ساخته‌کارى هه‌ڵبژاردن، رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌. 
12. هه‌ماهه‌نگى  کردن له‌گه‌ڵ زانایانى ئایینى بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ى هاونیشتمانیان له‌مه‌ترسى و گه‌وره‌یى گوناحى ته‌زویرى راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ.
13. دروستکردنى فشار له‌سه‌ر ده‌زگاى داواکارى گشتى له‌کوردستان بۆ کارکردن له‌سه‌ر پرسى ساخته‌کارى هه‌ڵبژاردن.
14. له‌کاتى نووسینه‌وه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى کوردستان به‌ روون و راشکاوى ساخته‌کارى هه‌ڵبژاردن به‌خیانه‌تى گه‌وره‌ى نیشتمانى پێناسه‌ بکرێ.
15. ساڵانه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ساخته‌کارى هه‌ڵبژاردن په‌رله‌مانتاره‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات رۆژێکى کارى په‌رله‌مانتارى ته‌رخان بکه‌ن بۆ ئه‌م پرسه‌ به‌پێى سروشتى کاره‌که‌یان، وێڕاى هه‌ماهه‌نگى و کارى پێکه‌وه‌ییان به‌به‌رده‌وامى له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌. 
16. دروستکردنى هه‌ماهه‌نگییه‌کى پته‌و له‌نێوان ده‌زگاکانى راگه‌یاندنى حزبى و ئه‌هلى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م پرسه‌ وه‌کو ئه‌رکێکى نیشتمانى پیرۆز و هۆشیارکردنه‌وه‌و هاندانى هاونیشتمانیان بۆ گرنگیدان به‌پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ، به‌جۆرێک ساخته‌کارى وه‌کو کارێکى قێزه‌ون و خیانه‌تێکى نیشتمانى مه‌ترسیدار وێنابکرێ.
17. واژووى میساقى شه‌ڕه‌ف له‌لایه‌ن هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان بۆ ته‌زویرنه‌کردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار